Nov 2016

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کەوتنەکارى سیستمى بەڕێوەبردنى ئەلیکترۆنى ڕاگەیاند

alyktroni

جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند: چارەسەرکردنی دیاردەى بندیوار، ئێمە تەنها بەقسە باسى ناکەین بەڵکو بەکردار هەنگاومان ناوە، لە پڕۆسەی بایۆمەتریش توانیمان زیاتر لە پەنجا هەزار موچەخۆرى بندیوار و وەهمى بدۆزینەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (28/2/2018) لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکیدا هات، کە تایبەت بو ڕاگەیاندنى کەوتنەکارى سیستمى بەرێوەبەرردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

ئامادەبوانى مەراسیمەکە

لەو مەراسیمەدا، کە بە ئامادەبونى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان و، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، مەحمود حاجى ساڵح وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و، سەرۆکى زانکۆکان و ڕاوێژکارانى و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ژمارەیەکى بەرچاو لە شارەزایانى و پسپۆڕانى بوارەکە لە هۆڵى هۆتێل ڕۆتانا لە شارى هەولێر بەڕێوەچو، چەند وتارێکى تێدا پێشکەشکران.

بەڕێوەبردنى ئەلیکترۆنى یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و کرەکاناریگە

لەمیانى پێشکەش کردنى وتەکەیدا، د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خۆشحاڵم ئەمڕۆ سەرکەوتنى پڕۆژەى بەڕێوەبردنى ئەلیکترۆنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕادەگەیەنم، ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و کاریگەرەکانى وەزارەتەکەمان، بێگومان کاریگەرى لەسەر ژیانى هاوڵاتیان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانى زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دەبێت.

بەکارهێنانى تەکنەلۆجیا بۆتە مایەى کارئاسانى لەهەموو بوارەکانى ژیان

د.یوسف وتیشى " هەموو لایەکتان دەزانن کە ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە تەکنەلۆجیا زۆر بەخێرایى گەشەدەکات، بەکارهێنانى کۆمپیوتەر و سیستمى ئەلیکترۆنى هەموو کایەکانى ژیاننمانى تەنیوە، ئێمە خۆشبەختین کە لەسەردەمى شۆڕشى پیشەسازى چوارهەم و سەردەمى (سیستمى زیرەکى دەستکرد) دادەژین، کە تیایدا بەکارهێنانى تەکنەلۆجیا بۆتە مایەى کارئاسانى لەهەموو بوارەکانى ژیان و ئامرازى سەرەکى سیستمى بەڕێوەبردنى کەرتى گشتى و کەرتى تایبەتە". ئاشکراشیکرد بنیاتنانى ژێرخانى ئەلیکترۆنى و ڕێکخستنى داتا و زانیارییەکان هەنگاوى بنەڕەتى سەرکەوتنى هەموو دامەزراوەیەکە، ئەم هەوڵەى ئێمەش بریتییە لە بەکارهێنانى سیستمێکى ئەلیکترۆنى زیرەک بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى وەزارەت و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.

سیستمی بەئەلکترۆنی کردن شەش بوارى سەرەکى لەخۆ دەگرێت

لەبارەى سیستمەکەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: سیستمەکەمان بەرێوەبردنى شەش بوارى سەرەکى لەخۆ دەگرێت، کەبریتین لە (ڕێکخستنى سەرچاوە مرۆییەکان، رێکخستنى سیستمى دارایی و بەڕێوەبردن، چاودێرى کردنى مامەڵە و نوسراوەکان، سیستمى زانیارى خوێندکاران و قوتابیان، سیستمى بەڕێوەبردنى نێردراوان و یەکسان کردنى بڕوانامەکان)، ئەوەشى ڕاگەیاند کە ئەم سیستمە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەى بتوانین خێراتر و کاراتر خزمەتگوزارییەکانمان پێشکەش بەهاوڵاتیان بکەین و ڕۆتین و بیرۆکراسیەتى کارگێڕى کەم بکەینەوە، هەروەها دەرفەتى چەسپاندنى بنەماکانى شەفافیەت و کەمکردنەوەى خەرجى بەڕێوەبردن دەڕەخسێنێت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەى بتوانین هەمیشە سوود لە داتا و بانکى زانیارییە کۆکراوەکان وەربگرین و لەپڕۆسەى بڕیاردان و داڕشتنى سیاسەتى گشتیدا سوودیان لێ وەربگرین.

هاوڵاتیان بەئاسانى دەستیان بەخزمەتگوزارییەکان دەگات

لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا د.یوسف گۆران وتى " هاوکات بەکارهێنانى تەکنەلۆجیا و سیستمى ئەلیکترۆنى یارمەتیدەرى هاوڵاتیان دەبێت بۆ ئەوەى بە ئاسانى لەهەموو کاتێکدا دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانى وەزارەتەکەمان بگات. بۆ نمونە لە مانگى 9/2017 ەوە سیستمى ئەلیکترۆنى یەکسان کردنى بڕوانامەکانى وەزارەت کەوتۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە و بەسەرکەوتووى لەماوەى پێنج مانگى ڕابردوودا کار دەکات، هاوڵاتیان بەبێ ئەوەى پێویست بکات بێنە وەزارەت، لەهەر جێگایەکى دونیابن، لەماڵەکەى خۆیانەوە لەڕێگاى کۆمپیوتەرەکەیان یان مۆبایلە زیرەکەکانیان دەتوانن تەواوى دیکۆمێنتەکانیان بەشێوازى ئۆن لاین پێشکەش بکەن و مامەڵەى یەکسان کردنیان بۆ پڕۆسێس بکرێت، لەهەمان کاتدا ئەندامانى لیژنەى یەکسانکردنى بڕوانەمەکانیش لەهەرجێگایەک بن لەرێگەى کۆمپیوتەر و مۆبایلە زیرەکەکەانیان دەتوانن پڕۆسەى یەکسان کردنى بروانەمەکان بەڕێبکەن.

چیتر پێویست ناکات هاوڵاتیان بۆ بەدواداچوونى مامەڵەکانیان بێنە وەزارەت

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى وت: لەمەودوا چیتر پێویست ناکات هاوڵاتیان بۆ بەدواداچوونى مامەڵەکانیان بێنە وەزارەت، بەڵکو دەتوانن لەڕیگاى ماڵپەڕى سیستمى بەڕیوەبردنى ئەلیکترۆنى وەزارەتەوە چاودێرى بەڕێوەچوونى مامەڵەکانیان بکەن. ئەم سیستمە ڕێگە دەدات کە هاوڵاتیان بتوانن بەردەوام لەڕێگاى ئەلیکترۆنیەوە لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەئاخاوتندابن و وەڵامى پرسیارەکانیان بەزووترین کات بدرێتەوە وئەم سیستە هۆکار دەبێت بۆ چاکسازى ڕیشەیی لەسیستمى بەڕێوەبردنى خوێندنى باڵا و خێراکردنى پەیوەندى و مامەڵە نێوخۆییەکانى نێو وەزاروت و دامو دەزگاکانى خوێندنى باڵا، هەروەها سیستمى پرۆسێس کردنى نووسراو و بەدەستهێنانى وەڵامى نووسراوەکان کاراتر دەکات.

بەکارهێنانى هارد کۆپى ڕۆژبەڕۆژ کەم دەکرێتەوە

لەبارەى کارەکانى وەزارتیش لەو لایەنەوە د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئێمە لەئێستادا کاردەکەین کە وەزارەتەکەمان بکەینە paper free واتا هەوڵدەدەین کە بەکارهێنانى هارد کۆپى ڕۆژبەڕۆژ کەم بکەینەوە تابگەینە ئاستى ئامانجەکەمان، هاوکات سیستمەکەمان دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانى تواناى مرۆیی لەبوارى بەکارهێنانى تەکنەلۆجیا لەبەڕێوەبردنى دامەو دەزگا حکومیەکان.

لە قۆناخى داهاتودا سیستمى بەڕێوەبردنى زانکۆکانیش بەئەلیکترۆنى دەکرێن

لە کۆتایى وتەکەشیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى : لێرەوە دەمەوێت دەستخۆشى لەهەموو فەرمانبەرانى وەزارەت بکەم کە هاوکار بوون لەداڕشتنى ئەم سیستمە، قۆناغى داهاتووشمان لەگەڵ زانکۆکان و بە پەیڕەکردنى هەمان سیستم دەست پێدەکات، سوپاس و دەستخۆشى لە کۆمپانیاى جێبەجێکار و سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى جێبەجێ کردنى ئەم پرۆژەیە دەکەم، جێگاى شانازیە کەتەواوى ئەم پڕۆژەیە لەسەر بودجەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جێبەجێ کراوە و هەموو لایەک دڵنیا دەکەین کە بەردەوام دەبین لەسەر گەشە پێکردنى ئەم سیستمە بە جۆرێک هەموو لایەنەکانى بەڕێوەبردن و پەیوەندیکردن لەهەموو زانکۆکان و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا بخرێتە چوارچێوەى ئەم سیستەمەوە، لەکۆتاییدا ئەمەوێت ئەوەبڵێم کە سیستمى بایۆ مەترى هۆکارێکى گرنگ بوو بۆ هاوکارى کردنى ئێمە بۆ زوو جێبەجێ کردنى ئەم پڕۆژەیە.

هەنگاوێکى ترى چاکسازى

دواتر بەڕێز قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنی وەزیران لەمیانى پێشکەشکردنى وتەیەکدا ڕایگەیاند: خۆشحاڵم کە هەنگاوێکى ترى چاکسازى دەبینم ئێوە لەوەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى هەمیشە هەوڵتان داوە بەردەوام بن لەچاکسازى، ئەم هەنگاوەش هەنگاوێکى ترى بەرجەستەی ئەو کارانەيە کەلەبوارى چاکسازیەوە ناوتانە. تەکنەلۆجیا هاوکارێکى گرنگى کارگێڕیە و دەبێتە دەرفەتێک بۆ باش بەڕێوەبردنى کارەکان و ڕایى کردنى مامەلەکان ئەم بوارەش پێویستیەکە کەهەموو بوارەکانى ژیان دەگرێتەوە، دەستخۆشیتان لێدەکەم بۆ ئەو کارانە و کارەکانى دیکەى ئەنجامتان داوە".هەر لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە کەبودجە نەبوو ئێمە نەمانتوانى باڵەخانە و تاقیگەى تازە بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان دروست بکەین، ئێوە دەستە وەستان نەوەستان و بۆڵە بۆڵەتان نەکرد هەنگاوى جدیتان نا، بۆیە هەربژین، ئێوە وەک وەزارتى خوێندنى باڵا سیستمى ناوەندى وەرگتنتان گۆریوە لە کۆنەوە بۆ سیستمێکى تازە و سەردەمى.

وەزارەتى خوێندنى باڵا بەکردار خۆى سەلماند

هاوکات پەیڕەکردنى سیستمى ڕانکى زانکۆکانتان پەیڕەو کردووە کە بۆتە هۆکارێک بۆ کێبڕکێى نێوان زانکۆکان لەسەر ئاستى زانستى، کە ئەویش بەندە بە ئەنجامدانى توێژینەوە و ئێستا خۆشحالم کە دەبینم توێژینەوەکان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و گۆڤارى زانکۆکان و ماڵپەڕە گەروە و جیهانیەکان بڵاودەکرێنەوە.وتیشی" لەم چەند ساڵەى ڕابردوو بەکردار ناوى خۆتان گونجان لەگەڵ ئەو سەردەمە، هەنگاوى بوێرتان ناوە بەتایبەت گرنگیدان بە زمانى ئینگلیزى بۆ ماستەر و دکتۆرا یەکێک لەهەنگاوە گرنگەکانى وەزارەت بووە، چونکە ناکرێت کەسێک کار بۆ بەدەستهێنانى بروانامەیەکى بەرز بکات و زمانى زانست و زانیارى کە زمانى ئینگلیزیە نەزانێت، ڕاستە کێشەتان ڕوو بەڕوو بۆتەوە، بەڵام هەنگاوى دروستتان نا، چونکە ئەگەر مامۆستایەک زمانى ئینگلیزى نەزانێت ناتوانێت سوود لەبۆچوونە جیهانیەکان وەربگرێت دڵنیام بەرهەمى ئەو کارەتان لەچەند ساڵى داهاتوو دەردەکەوێت".

کارى زانکۆکان تەنها پێدانى بڕوانامە نیە

بەڕێز قوباد تاڵەبانى ئەوەشى ڕوون کردەوە کە کارى زانکۆکان تەنها پێدانى بڕوانامە نیەو زانکۆکانى ئێمە توانیویانە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بازاڕى کار، چونکە زانکۆکان تەنها شوێنێک نین بۆ بەدەستهێنانى بروانامە بەڵکو شوێنێکیشە دواى دەرچوون بۆ دۆزینەوەى کار، لەمەشدا ئێوە ڕۆڵتان بینوە و جێگاى دەستتان بەروونى دیارە، چونکە ئەوەى بەشێوەیەکى تیۆرى دەخوێندرێت پێویستە بەشێوەیەکى پراکتیکیش سوودى لێوە ببینردێت".

حکومەتی بەغدادد، حکومەتى هەرێم بە ناشەفاف و گەندەڵ ناودەبات

لەبارەى چاکسازیەکانى حکومەتى هەرێم کە لەتەواوى وەزارتەکان دەستیان پێکردووە، جێگرى سەرۆکى حکومەت ووتى: ئەم هەنگاوەى ئێوە لەگەڵ چاکسازى وەزارەتەکانى دیکە یەک دەگرێتەوە بەتایبەت وەزارەتى دارایى کارى گرنگیان لەو لایەنەوە ئەنجامداوە. زۆرجار لەشوێنان و بەتایبەت لەڕاگەیاندنەکان حکومەتى ئێراقى باس لە چاکسازى دەکات بەتایبەت لەکاتى نزیک بوونەوەى هەڵبژاردنەکان، حکومەتى هەرێم بە ناشەفاف و گەندەڵ ناودەبات، زیاتر ئەمەش دواى دروست بوونى ئەو کێشانە هات کە لەنێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ئێراقیدا هەن."

ئێوە لەوەزارتى خوێندنى باڵا هەنگاوى گرنگتان ناوە بەرەو چاکسازى ڕیشەیى و کارگێڕى و دارایى، وەزارتى دارایى حکومەتى هەرێم پێداچوونەوەیەکى سەرتاسەرى کردووە بەتایبەت لە پێداچوونەوەى سیستمى باج و کارگێڕى و دارایى، بۆ ئەوەش ڕوونى کردەوە لەمەرز و سنورەکان هەر شتێک کە دێتە ناو هەرێم بەسیستمێک کارمەندانى وەزارت زانیاریان پێدەگات، بەو هۆیەشەوە وەزراتى دارایى دەتوانێت ڕاپۆرتى وەرزى پێشکەش بکات.

ئەو کەسانە دەدۆزینەوە کەفەرمانى دامەزراندینان هەیە بەڵام دەوام ناکەن

لەبارەى فەرمانبەرى بندیواریش جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند: چارەسەرکردنی دیاردەى بندیوارى ئێمە تەنها بەقسە باسى ناکەین بەڵکو بەکردار هەنگاومان ناوە، وەک سەرەتاش لە پەیڕەو کردنى سیستمى بایۆمەترى کە ئامانجمان لێى چاکسازیە لەکەرتى گشتى هەنگاوى یەکەم تۆمارکردنى ناوى فەرمانبەران بوو لەنێو سیستمەکەدا و لەم پڕۆسەیشدا تواینمان زیاتر لە پەنجا هەزار مووچەخۆرى بندیوار و وەهمى بدۆزینەوە، لەهەنگاوى داهاتووشمان بەهەمان سیستەم ئەگەڕێین بۆ ئەوەى ئەو کەسانە بدۆزینەوە کەفەرمانى دامەزراندینان هەیە و مووچە وەردەگرن بەڵام لەهیچ دامەزراوەیەکى حکومەتى هەرێم دەوام ناکەن".

قوباد تاڵەبانی بۆ حکومەتی ئێراق: ئێوە چیتان کرددوە

لەبارەى چاکسازیەکانى ئێراقیش جێگرى سەرۆکى ئەنجومەن پرسیارێکی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بەغداد کرد و وتى: حکومەتى ئێراق بۆ چاکسازى چى کردووە؟.

بەغداد هەر دەڵێت مووچە دەنێرین و هیچمان نەدی

سەبارەت بە هاتنى لیژنەکانى بەغدادش بۆ وردبینى کردن لەناوى فەرمانبەرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانى وتى: چەند مانگێکە بەغداد چەند لیژنەیەکى بۆ وردبینى ناردۆتە هەرێم ئێمە تەواوى کارئاسانى و زانیاریەکانمان خستنە بەردەست، سیستمى بایۆمەترى فەرمانبەرانى هەرێممان پێدان، بەڕێز سەرۆک وەزیرانى ئێراق هاتە سەر کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و وتى (من موچەى فەرمانبەرانى هەرێم خەرج دەکەم)، بەڵام هیچمان نەبینى ، ئێمە ڕیگەمان دا تیمەکانى پشکنین بێن کارى خۆیان بکەن، بەڵام مووچە هەر نەهات.

قوباد تاڵەبانی: داواکارین چیتر یارى بەدەرونى میللەتەکەمان نەکرێت

هەر لەو بارەیەوەش ووتى " ئێمە داواکارین چیتر یارى بەدەرونى میللەتەکەمان نەکرێت، ئەگەر ئەوان خواستى خەرج کردنى مووچەیان هەیە با مووچەى وەزارەتى پەروەردە و تەندروستى کە خۆیان دەیانەوێت بیدەن، با خەرجى بکەن. هەر لەبارەى هاوکاریەکان بۆ لیژنەکانى بەغداد جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنی وەزیران وتى " ئێمە تەواوى هاوکاری لیژنەکانمان کردوون بەتایبەت بۆ کردنەوەى فڕۆکەخانەکان، بەڵام دەبینین ئەو ئابڵوقە هاتوچۆیە هەر ماوەتەوە".

لەبارەى نەوتى هەرێمی کوردستانیش وتى: ماوەیەکە نەوتى کەرکوک ڕاگیراوە ئێمە وەک حکومەتى هەرێم پێمان ڕاگەیاندوون دەتوانرێت بە بۆرى نەوتى کوردستان نەوتى کەرکوک ڕەوانەى دەرەوە بکرێت و بفرۆشرێت و داهاتەکەى بگرێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەتى ئێراقى و هەموو لایەک لێى سوودمەند بین، بەڵام تا ئێستاش ئەوەیان نەکردووە. حکومەتى ئێراقى بیانوو لەدواى بیانوو خەریکە خەڵکى کوردستان و ئێمە وەک حکومەتى هەرێم بێزار دەکات و تا لە هەڵبژاردنەکانیش نزیک ببینەوە ئەو یاریە زیاتر دەبێت.

خۆمان چاکسازى دەکەین کەس نەهاتووە فەرمانمان لەسەر بکات

لەبارەى چاکسازیەکانیش لە کارەکانى حکومەتى هەرێم، وتى: ئێمە خۆمان چاکسازى دەکەین کەس نەهاتووە فەرمانمان لەسەر بکات، کارەکانى ئێمە دیارن، هێنانى کۆمپاینایەکى بیانى ناودار بۆ وردبینى کردنى نەوتى هەرێم کە ڕاپۆرتێکى بڵاوی کردتەوە و ئێستاش لەکارەکانى بەردەوامە، خەریکە باوەرى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەگەیەنێتە ئەو ئاستەى کە حکومەتى هەرێم بەجدى کار بۆ شەفافیەت دەکات.

هەر پەیوەست بەچاکسازیەکانى حکومەتى هەرێم قوباد تاڵەبانى، چاکسازیەکانى وەزارتى دارایى و کاربا و ناوەخۆى بەنمونە هێنایەوە وتى: وەزارتى کارەبا کار بۆ چاککردنى سیستەمەکەیان دەکەن ، سیستمى چاکسازى لە خانەنشینى دەستى پێکردوە و کارەکان لەهەموو ڕوێکەوە بەردەوام دەبن، بەڵام روونە چاکسازى بێ ئازار نابێت و ئەم پڕۆسەیەش بۆ ئێمە تەنها شیعار نیە بەشێوەیەکى کردارى کارەکان ئەنجام دراون.

ئامادەبوان بەناوەڕۆکى سیستەمەکە ئاشناکران

لەبارەى سیستمى وەزارتى خوێندنى باڵاش د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبرى گشتى کارگێڕى و دارایى لە وەزارتى خوێندنى باڵا لەمیانى پێشکەش کردنى پریزنتەیشنێکدا ناوەرۆکى کارەکە و ئامانجى سیستمەکەى بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.