Nov 2016

دەرچوانى پۆلى دوانزە لە ڕێگەى (زانکۆلاین) دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن

zankline 22

دواى ئەوەى دوێنێ سێشەممە، رێکەوتى (٢٤/١٠/٢٠١٧) وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ناوى وەرگیراوانى لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەسیستمى (زانکۆلاین) بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکەوتى (٢٥/١٠/٢٠١٧) ژمارەیەک لە دەرچوانى پۆلى دوانزە گردبونەوەیەکیان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەبرد.

بۆ بەرچاوڕونى دەرچوانى پۆلى دوانزە و چارەسەرکردنى کێشەکانیان، ڕاوێژکاران و بەرێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ دەرچوانى پۆلى دوانزە ئەنجامدا.

لە کۆبونەوەکەدا، کە بەئامادەبونى د.کەریم ساڵح ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، د. محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن بەڕێوەچو، لەسەرەتادا د.خەتاب ئەحمەد کورتەیەکى لەبارەى وەرگرتنى سیستەمەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکەش بەخوێندکاران کرد و ڕایگەیاند: ساڵانە لەگەڵ دەرچونى ناوى وەرگیراوان لە زانکۆکان هەندێ کێشە دوبارە دەبێتەوە، بەڵام بەبەراورد بەساڵانى ڕابردو ئەمساڵ کێشەکان کەمترن و، وتیشى مافى هیچ خوێندکارێک نافەوتێ و کێشەکانتان چارەسەر دەکەین، لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى وتى: هەندێ لەو کێشانە پەیوەندى بەخودى خوێندکارانەوە هەیە، چونکە لە کاتى پڕکردنەوەى فۆرمى (زانکۆلاین) ئەو بەشانە پڕدەکەنەوە کە نمرەى بەرزى پێویستە و، خوێندکارەکەش ئەو نمرەیەى نیە، بۆیە ساڵانە ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە و، ئەمساڵیش چارەسەر دەکرێ و بەپێى نمرەکانیان بەسەر بەشەکاندا دابەش دەکرێن.

د.خەتاب ئەحمەد ڕاشیگەیاند: ئەوانەى کێشەى ئەژمارکردنى نمرەى کوردى و عەرەبیان هەبوو، لە شەوى ڕابردوەوە ئەو کێشەیە چارەسەرکراوە، بۆ ئەوانەشى کە ناویان لە شوێنێک هاتۆتەوە بەڵام شوێنەکانیان بەدڵ نیە، د.خەتاب ئەحمەد وتى: پێویستە ئەوانە دواى ئەوەى سکاڵایان تۆمارکرد دەبێ ناوى خۆیان لەو بەشە تۆمار بکەن کە ناویان تێدا هاتۆتەوە و، دەست بەدەوامى ئاسایى خۆیان بکەن تا ئەنجامى سکاڵاکەیان دێتەوە، بۆ ئەوانەشى کە ناویان لە هیچ شوینێک نەهاتۆتەوە دەبێ ڕاستەوخۆ سکاڵا تۆمار بکەن.

بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و داراشى ڕاشگەیاند: لە چەند رۆژى داهاتودا دەرگاى سکاڵا تۆمارکردن و ماوەى سکاڵا تۆمارکردن لەسەر وێبسایتى (زانکۆلاین) دادەنرێ و، دەرچوانى پۆلى دوانزە بەشێوەى (ئۆنلاین) دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا د.خەتاب ئەحمەد داواى لە دەرچوان کرد بەهیچ شێوەیەک گوێ لەو پەیجەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نەگرن، چونکە ئەو زانیارییانەى ئەوان بڵاوى دەکەنەوە (١٠٠%) دورن لە ڕاستیەوە بەتایبەت پەیجى پۆلى١٢ (https://www.facebook.com/poli12amaday) ، هەربۆیە زۆرێک لە کێشەکانى ئێستاى خوێندکارانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زانیارییە هەڵانەى کە ئەو پەیجە و هاوشێوەکانى بەخوێندکارانیانداوە و فۆرمەکانیان بەهەڵە پڕکردۆتەوە، هەر ئەوەش وایکردوە  وەزارەت ئێستا ڕێوشوێنى یاسایى بەرامبەر بەو پەیجە بگرێتەبەر، وتیشى وێبسایتى وەزارەت بەناونیشانى( www.mhe-krg.org) و، لاپەڕى ڕەسمى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوکى وەزارەت بەناونیشانى (www.facebook.com/mhekrg) کەناڵى رەسمى وەزارەتن و، دەتوانن لە ڕێگەى ئەو کەناڵانەوە بگەنە زانیارى دروست بۆ دەسکەوتنى زانیارى دروست.