وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: زانکۆى زاخۆ یەکێک لە زانکۆ گرنگەکانى هەرێمى کوردستان و، پێگەیەکى دیارى لە بوارى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کوردستان بەگشتى و، لەناوچەکە بەتایبەتى هەیە، بۆیە وەزارەت شانازییەکى زۆر بەزانکۆى زاخۆوە دەکەین، کە کەمترین کێشەیان گەیشتۆتە وەزارەتەکەمان.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٨/٣/٢٠١٧) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سەرۆکایەتى زانکۆى زاخۆ بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى دۆخى خوێندن و کێشەکانى لە زانکۆى زاخۆ کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د. لەزگین عەبدى سەرۆکى زانکۆى زاخۆ لە وتەکیدا بەناوى سەرۆکایەتى زانکۆ بەخێرهاتنى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەفدى هاوڕێى کرد و، وتى: خۆشحاڵین کە سەردانى زانکۆى زاخۆ بکەن و لە نزیکەوە ئاگادارى دۆخى زانکۆ بن.
د. لەزگین عەبدى کورتەیەکیشى مێژوى لەسەر دامەزراندنى زانکۆى زاخۆ و، چۆنیەتى گەشەکردنى لە ڕوى چۆنایەتى و چەندایەتى لەماوەى ساڵانى ڕابردودا پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و، وتى لە ئێستادا ماستەرپلانى تەواوى زانکۆکەمان هەیەو تا ئێستا بەشێک لە پڕۆژەکانى ئەو ماستەرپلانە جێبەجێکراوە و، ئێستا سەرجەم خوێندکاران لە کەمپەکەدا دەخوێنن، هەر لە میانەى قسەکانیدا سەرۆکى زانکۆى زاخۆ باسى لە پێداویستیە هەنوکیەکانى ژێرخانى زانکۆکە کرد بۆ ئەوەى بتوانن بەتەواوەتى ئەرکە زانستیەکانى خۆیان ڕاپبەڕێنن، لەوەشدا کورتەیەکى لەسەر کێشەکانى زانکۆ باسکرد.
لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دواى ئەوەى سوپاسى سەرۆکى زانکۆ و ستافى زانکۆ کرد بۆ ئەو میواندارییە، وتى: سەردان و بەسەرکردنەوە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە هەنگا و پڕۆژەکانى زانکۆ و قسەکردن لەسەر کێشەکان وخستنەڕوى دیدى وەزارەت، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: یەکێک لە کارەکانمان کە لە وەزارەت جەختى لەسەر دەکەین بریتیە لەوەى چۆن زانکۆکان بتوانن لەڕوى کارگێڕى و دارایى و زانستیەوە سەربەخۆ بن، وتیشى حکومەت هیچ جۆرە ڕێگریەکى دانەناوە و، هیچ جۆرە بەربەرستێکى قانونیش نیە، بەڵکو ئەوەى هەیە بوە بەنەریت، هەربۆیە لە وەزارەت بڕیارماندا جۆرێک لەسەربەخۆى دارایى بدەین بەزانکۆکان، خۆشبەختانە ئەم هەنگاوەشمان بەپڕۆژەیەک دەستپێکرد و ، سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەسندى کرد و کردیە بڕیار، وتیشى بەپێیى ئەو بڕیارە لە ئێستادا (٧٠%)ى داهاتى زانکۆکان بۆ خودى خۆیانە.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: هەنگاوى دوەمان بریتیە لەوەى کە چۆن داهاتى زانکۆکان زیاد بکەین؟ بەتایبەت لە زانکۆ تازەکان؟ پڕۆژەى زانکۆکان بۆ ئەو بوارە چیە؟، د.یوسف گۆران وتى: بەتێڕوانینى من هەمو زانکۆیەک ئەتوانێ لە زانکۆکانى دیکە جیاواز بێ و پڕۆژەى جیاوازى هەبێ، بۆ ئەوەش نمونەى بەزانکۆى چەرمو هێنایەوە، کە بەپڕۆژەیەک جۆرێک لە سیستمى کارگێڕى جیایى دەوێ، هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕو لە زانکۆى زاخۆ وتى: ئێوەش ئەتوانن پڕۆژەى واتان هەبێ، بەتایبەت لە هێنانى خوێندکارى بیانى بۆ زانکۆکەتان بەتایبەت کە زانکۆکەى ئێوە لەگەڵ تورکیا هاوسنورە، وتیشى دەکرێ ستانداردێکى تایبەتى وەرگرتن بۆ ئەو جۆرە خوێندکارانە دابنێن .
د.یوسف گۆران وتى: جگە لەو بوارە، دەکرێ لە زۆر بواری دیکە کار بکەن و سود لە تاقیگە و نوسینگە ڕاوێژکارییەکانتان وەربگرن و خزمەتگوزارى جیاواز پێشکەش بەکۆمەڵگە بکەن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ستایشى هەوڵەکانى سەرۆکى زانکۆى زاخۆ و ستافەکەى کرد و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: زانکۆى زاخۆ یەکێک لەو زانکۆیانەى کە کەمترین کێشەیان هێناوەتە وەزارەت، وتیشى ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتوى د.لەزگین و ستافەکەى، ئەوەشى ڕایگەیاند: ئەوەى لە توانامادا بێ بۆ بەڕێوەبردن و هاوکارى مامۆستایان هەوڵتان بۆ دەدەین و پشتیوانتان دەبین.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى پڕۆژەى (Kurdish studies) کرا، کە لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت پەسندکرا و، تایبەت بەدابینکردنى زەمالەى زمان و ئەدەبى کوردى بۆ خوێندکارانى بیانى، لەو چوارچێوەیەشدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە ئێستادا سەرقاڵى وردەکارییەکانى ئەو پڕۆژەیەن بۆ ئەوەى لە داهاتودا ژمارەیەک کورسى خوێندن ڕابگەێنین، بۆ ئەوەش چەند پێشنیازێک گەڵاڵە کران بۆ چۆنیەتى ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنى ئەو پڕۆژەیە.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، د. عەبدلوەهاب خالد یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى زاخۆ بۆ کاروبارى خوێندکاران، ڕاپۆرتێکى لەبارەى ژمارەى خوێندکاران لە خوێندنى بەیانیان و ئێواران و، ژمارەى خوێندکاران لە بەشە ناوخۆییەکان و چەند بابەەتێکى دیکە پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، وەفدى هاوڕێى کرد.
لە بەشى کۆتاى کۆبونەوەکەشدا، گفتوگۆ لەبارەى کێشەى دانپیانان بەزانکۆ حکومیە تازەکانى هەرێمى کوردستان کرا، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: کێشەى دانپیانان بەزانکۆکان لەلایەن حکومەتى ئێراقیەوە کێشەیەکى سیاسیە و، هیچ پەیوەندى بەیاساوە نیە.
لەو سەردانەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ زانکۆى زاخۆ، هەریەک لە د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى هاوڕێیەتى وەزیریان کرد.