لە دیدارى نێوان د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، (پارک یونگ کیو) کونسڵى کۆمارى کۆریاى باشور لە هەرێمى کوردستان، کە ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٢٨/١١/٢٠١٦)بەڕێوەچو گفتوگۆ لەبارەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆریاى باشور کرا.
لەو دیدارەدا، کە د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى ئامادەیبون، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى کونسڵى کۆریاى باشور، بەگرنگیەوە باسى لە ستراتیژى وەزارەت کرد بەتایبەت لە بایەخدان بەخوێندنى پیشەیى و کردارى، لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: کۆریاى باشور لە بوارى خوێندنى پیشەیى و کردارى تەکنەلۆژیا خاوەن مێژویەکى درێژ و ئەزمونێکى دەوڵەمەندە، هەروەک ئەزانین زانکۆى بەهێزتان-یش لەو بوارانەدا هەیە، بۆیە دەخوازین سود لەو ئەزمونە دەوڵەمەندو سەرکەوتوەتان وەربگرین و، لە کوردستان جێبەجێیان بکەین، چونکە هەرێمى کوردستان پێویستى زۆرى بەخوێندنى کردارى و پیشەیى هەیە، هەربۆیە وەزارەتیش بایەخدان بەو جۆرە خوێندنەى کردۆتە یەکێکە لە کارنامە سەرەکیەکانى خۆى، هیواشى خواست کۆریاى باشور بەو شارەزایى و ئەزمونەى هەیەتى هاریکارى وەزارەت بکات بۆ جێبەجێکردنى لە هەرێمى کوردستان.
هەر لە میانەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆریاى باشور کرد بەتایبەت لە بوارى خوێندنى باڵا، بۆ ئەوەش وتى: ئەخوازین لە نزیکەوە وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا بەئەندامێتى ژمارەیەک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، بەتایبەت زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان سەردانى کۆریاى باشور بکەن و، لە نزیکەوە پێشکەوتن و سیستمى خوێندنى باڵا لەو وڵاتە بەتایبەت لە بوارى خوێندنى پیشەیى کردەى ببینن، هەروەک گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى سود وەرگرتن و بەستنى پەیوەندی نێوان زانکۆکان بکەن.
لە بەرامبەردا (پارک یونگ کیو) کونسڵى کۆمارى کۆریاى باشور لە هەرێمى کوردستان دواى ئەوەى سوپاسى ئەو میواندارییەى کرد، بەگرنگیەوە باسى لە بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆریاى باشور بەگشتى و خوێندنى باڵا بەتایبەت کرد، هەروەک پێشوازى لەو پێشنیازەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان کرد بۆ ڕێکخستنى سەردانى وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ کۆریاى باشور لەپێناو بەهێزکردنى پەیوەندییە ئەکادیمیەکانى نێوان هەردولا، وتیشى لاى خۆمانەوە کارى لەسەر دەکەین بۆ ئەوەى بتوانین لە وادەى دیاریکراودا وەفدەکە سەردانى وڵاتەکەمان بکات.