Nov 2016

ساڵى داهاتوو زانکۆى ئەمریکى - کوردستان بەشدارى لە ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان دەکات

IMG_5079.jpg

 د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: دەبێت زانکۆى ئەمریکى- کوردستان لە شارى دهۆک بایەخ بەو بەش پسپۆڕییانە بدات کە پێویستن بۆ بازارى ئەمڕۆى کوردستان.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران لە میانەى دیدارێکیدا لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى ئەمریکى – کوردستان لە دهۆک هات, کە ئەمڕۆ دوشەممە, ڕێکەوتى (٤/٤/٢٠١6) سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردبوو.

لەو دیدارەدا, کە بەئامادەبونى د. ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ود.هونەر ئەركوشى ئەندامى بۆردى ئەميندارانى زانكؤكە بەرێوەچوو, د.میکائیل ویلم مولێکس سەرۆکى زانکۆى ئەمریکى - کوردستان لە دهۆک دواى ئەوەى سوپاسى جەنابى وەزیرى کرد بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمى کردنەوەى زانکۆکەیان، کورتە باسێکى لەبارەى ئامانج و کارەکانى داهاتوى زانکۆکەیانى پێشکەش بەوەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، هەروەک داواى کرد وەزارەت هاریکاریان بێت لەسەرخستنى کار و ئامانجەکانى زانکۆکەیان، ئەوەشى ڕاگەیاند کە ئەمساڵ شانبەشانى زانکۆکانى دیکەى هەرێمى کوردستان، ئەوانیش بەشدارى لە ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان دەکەن.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، ڕێنوێنى پێویستى کردن بۆ چۆنیەتى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکەیان، بۆ ئەوەش پێیى ڕاگەیاندن کە لە هەوڵى بەردەوامدا بن بۆ بەدەستهینانى متمانەى نێودەوڵەتى، ئەوەشى پی ڕاگەیاندن کە لە کردنەوەى بەشى نویدا ڕەچاوى پێداویستیەکانى هەرێمى کوردستان بکەن، بەتایبەت لە بوارى فێرکردن و، پەروەردەکردنى خوێندکارى بەتوانا و مامۆستای کارامە بۆ بوارى پەروەردە، لەهەمان کاتدا بایەخ بە بوارى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانیش بدەن کە لە ئێستادا هەرێمى کوردستان پێویستى زۆرى پێیە، هەروەک گفتوگۆ لەبارەى پێویستى کردنەوەى بەشەکانى زانستە تەندروستیەکان کرا بۆ ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان.

لە کۆتایشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەبەشداریکردنى زانکۆى ئەمریکى- کوردستان لە ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان، هیواشى خواست لە کارى بەردەوامدا بن بۆ دامەزراندنى پێگەیەکى بەهێزى زانستى زانکۆکەیان لەسەر ئاستى کوردستان و جیهان.