وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى لێدوانێکى فەرهاد قادر ئەندامى لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵاى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئێراق لەبارەى درێژەدان بەخوێندنى ماستەرو دکتۆرا بۆ دەرچوانى هەردوو کۆلێژە زانکۆیى (قەڵەم و کتاب) بهپێویستی زانی ئهم ڕونکردنەوەیه بۆ خوێندكاران و ڕای گشتی بڵاو بكاتهوه.
لهو بارهیهوه عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا بەسەرجەم خوێندکاران و قوتابيانى هەردوو کۆلێژە زانکۆییەکانى (قەڵەم و کتاب) ى رادهگەێنێت, کە وەزارەتەکەمان پابەندە بەو گشتاندنەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کە بەنوسراوى ژمارە (٣١٩٣) لە ڕێکەوتى (٢٢/٤/٢٠١٥) دەرچواندوه، وهك لهو نوسراوهدا هاتوه بەهیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ هەردوو کۆلێژە زانکۆییەکانى ئاماژە پێکراو ناکات و، دەرچوانى ئەو دوو کۆلیژە زانکۆییە هیچ ماف و ئیمتیازێکیان لەفەرمانگەکانى حکومەتى هەرێم پێ نادرێ.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕایگەیاند: لێژنەیەک لە وەزارەتەکەمان سەرقاڵى دیراسەکردنى دۆزینەوەى ڕێگە چارەیەکە بۆ ئەو خوێندکارو قوتابیانەى ناو شارى کەرکوکى خۆشەویست، کە لە کۆلێژە زانکۆیی (قەڵەم) دەخوێنن، ڕونیشیكردهوه لێژنهكه دواى ئهوهی رێگەچارەیەکى گونجاوی دۆزیهوه بڕیارێك دهردهكات، كه تەنها بۆ خوێندکاران و قوتابیانى شارى کەرکوک دەبێت و، ئەو خوێندکارو قوتابیانەى کە دانیشتوى سنورى ئیدارەى هەرێمى کوردستانن و لەو کۆلێژە زانکۆییانە دەخوێنن بڕیارهكه نایانگرێتهوه و، مامەڵە لەگەڵ بڕوانامەکانیان ناکرێ.
عهباس ئهكرم وتیشى لێرەو لەوێ هەندێ کەس و بەرپرس قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەن، بۆیە دەمانەوێ بەسەرجەم خەڵکى کوردستان ڕابگەێنین، کە وەزارەتەکەمان تاکە مەرجەعە بۆ ههموو ئهو بابهتانه بڕیار لەوەزارەتەكهمانهوە دەردەچێ.
سەبارەت بەبڕیارێکى وەزارەتى خوێندنى باڵاى حکومەتى ئێراقى کە تایبەتە بە ئەنجامدانى ئاسانکارى بۆ دەرچوانى ئەو کۆلێژە زانکۆییانە و ، درێژهدان به خوێندنى باڵا/ماستەر لە دەرەوەى ئێراق. عەباس ئەکرەم ڕایگەیاند: بەهەمان شێوەی خوێندنی بهكالۆریۆس، بۆ خوێندنی باڵا/ماستهریش بەو دەرچوانە ڕادەگەیەنین، کە دوای تەواوکردنى خوێندنەکەیان لەدەرەوەى وڵات، له وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی یهكسانكردنی بڕوانامهكانیان بۆ ناكرێ، لهههمان كاتدا لەدامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان مامەڵە به بڕوانامەى ماستەرەکەیانیان ناکرێت، بەم پێیەش کات و پارەى خۆیان بەفیڕۆ دەدەن.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختی لهسهر ئهوهش کردەوە، كه لەهەرێمى کوردستان تەنها وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمی كوردستان مەرجەعە بۆ دهزگاو دامهزراوه ئەکادیمیهكان و، ئەو بابەتانەى کە پەیوەندییان بەخوێندنى زانکۆیى و خوێندنى باڵا- وه هەیە، بۆیە هەر بڕیار و لێدوانێکى تر بەدەر لە وەزارەتەکەمان لەسەر ئەم بابهتانه بەبێ بنەما هەژمار دەکرێت و، چارەنوسى خوێندکاران و قوتابیان دەخاتە دۆخێکى مەترسییەوە.