Nov 2016

د.یوسف گۆران پێشانگه‌ی كتێب و به‌رهه‌مه‌ فه‌رهه‌نگی و هونه‌رییه‌كانی به‌سه‌ركرده‌وه‌

IMG_4567.JPG

بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاشنابون به‌كارو به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بی و پیشه‌ییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (7/3/2016) د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پێشانگه‌ی (كتێب و به‌رهه‌مه‌ فه‌رهه‌نگی و هونه‌رییه‌كان)ی له‌ هۆڵی پیشه‌وا له‌ شاری هه‌ولێر به‌سه‌ركرده‌وه‌.

له‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌دا، كه‌ د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د. خه‌تاب شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارایی هاوڵیان ده‌كرد، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌شه‌ جیاكانی پێشانگه‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌، هه‌روه‌ك ده‌ستخۆشی له‌ ڕێكخه‌رانی پێشانگه‌كه‌ی كرد و، به‌پێشانگه‌یه‌كی گرنگی دانا به‌تایبه‌ت له‌ بواری زانستیدا كه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ی زانستی و ئه‌كادیمی گرنگی له‌خۆگرتبوو، هه‌روه‌ك هیواشی خواست كردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ پیشانگه‌یانه‌ به‌رده‌وامی پێ بدرێت له‌ پێناو سود وه‌رگرتن له‌ شاره‌زایی و ئه‌زمونی یه‌كتر بۆ پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌ زانستیه‌كانی هه‌ردوولا.

 

ئه‌و پیشانگه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان به‌ هاوكاری رێكخراوی فه‌رهه‌نگ و په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ كراوه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌م له‌ بواره‌كانی زانستی قورئان و ڕاڤه‌، كتێبی زانستی زانكۆیی و گشتی و ئاینی و ئه‌ده‌بی و مێژوی و منداڵان به‌ زمانه‌كانی فارسی و كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی نمایش كرابون، هه‌روه‌ك له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پیشانگه‌كه‌دا كاری ده‌ستی وه‌ك (تابلۆ ،به‌ڕه‌، به‌رهه‌مه‌ دارینیه‌كان‌ ،چه‌رم) نمایش كراون، له‌هه‌مان كاتدا نمایشكردنی به‌رهه‌مهی هونه‌ری میوزیك و فلیم به‌شێكی دیكه‌ی پیشانگه‌كهیان پێك ده‌هێنا‌ .