Nov 2016

په‌یامی د.یوسف گۆران به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی (2015-2016)

D.yousif.jpg

 مامۆستایانی به‌ڕیز

خوێندكارانی خۆشه‌ویست

فه‌رمانبه‌رانی ئازیز

   به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ساڵی نوێی خوێندنی (2015-2016) پیرۆزبایی گه‌رم له‌ یه‌كه‌ به‌ یه‌‌كه‌تان ده‌كه‌م بۆ گه‌ڕانه‌وه‌تان بۆ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كان و هۆڵه‌كانی خوێندن و زانست و مه‌عریفه‌، به‌هیوام پێشوازیكردنتان له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ساڵی نوێی خوێندن به‌جۆرێك بێت كه‌ هه‌ر له‌ ئه‌مڕۆوه‌ به‌نوكی پێنوسه‌كانتان و به‌بیر و هزره‌‌ تیژه‌كانتان هه‌نگاو هه‌ڵنێن  بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی ئاستی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، ئێمه‌ش له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بێت درێغی ناكه‌ین و، پاڵپشت و پشتیوانتان ده‌بین بۆ خزمه‌تكردن به‌كاروانی زانست و مه‌عریفه‌ له‌ كوردستان.

مامۆستایانی به‌ڕێز، خوێندكارانی ئازیز

وه‌ك ده‌زانین هه‌رێمی كوردستان به‌بارودۆخێكی سیاسی و ئابوری و ئه‌منی تایبه‌ت گوزه‌ر ده‌كات، له‌لایه‌ك هه‌رێمه‌كه‌مان ڕوبه‌ڕوی قه‌یرانێكی دارایی نه‌خوازراو بۆته‌وه‌و، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی ڕێكخراوی تێرۆرستانی (داعش) بۆته‌وه‌و به‌درێژایی (1200)كم هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رگری له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌كه‌ن. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و دۆخه‌ تایبه‌ته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت ئێوه‌ی مامۆستاو خوێندكار به‌ڕوحی پێشمه‌رگه‌ ئاسا زیاتر له‌ جاران به‌گڕوتینه‌وه‌ ڕوو له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكه‌ن و بره‌و به‌زانست و پێشكه‌وتن بده‌ن، چونكه‌ وه‌ك چۆن پێشمه‌رگه‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان له‌ ده‌ستی ڕه‌شی تێرۆرستان ده‌پارێزن، به‌هه‌مان شێوه‌ ئێمه‌ش له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌بێت به‌چه‌كی زانست شه‌ونخونی بكه‌ین بۆ به‌شداریكردن له‌به‌ره‌وپێشبردنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان. هه‌ربۆیه‌ ساڵی ڕابردوو سه‌رباری ئه‌و دۆخه‌ تایبه‌ته‌ی كوردستان، به‌ڵام پڕۆسه‌ی ڕیفۆرم و گه‌شه‌پێدانی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان به‌رده‌وام بوه‌ و، كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی گرنگمان خسته‌ڕو، به‌تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی گه‌شه‌پێدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی و، پێداچونه‌وه‌ی ته‌واوی پڕۆسه‌ی دڵنیایی جۆری و متمانه‌به‌خشین و، فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و، نزیكردنه‌وه‌ی كه‌رتی خوێندنی باڵا له‌ ستاندارده‌ ئه‌كادیمیه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. ئه‌مساڵیش كاره‌كانمان به‌ئاڕاسته‌ی پاراستنی كواڵیتی خوێندن و فێركردنه‌ له‌ زانكۆكانمان، بۆ ئه‌وه‌ش ته‌ركیزی ته‌واومان له‌سه‌ر پته‌وكردنی پڕۆسه‌ی دڵنیایی جۆری و متمانه‌به‌خشین و، په‌ره‌پێدانی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن و، كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانی نێوان پێداویستیه‌كانی بازاری كارو ناوه‌ڕۆكی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ زانكۆكان ده‌بێت.  

مامۆستایانی به‌ڕێز، خوێندكارانی خۆشه‌ویست...

كه‌رتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و خوێندنی زانكۆی به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌پێشه‌نگی كه‌رته‌كان بۆ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ڕوی زانست و داهێنان و، په‌ره‌پێدان و گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی داده‌نرێ، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ خاوه‌ن سیسته‌مێكی خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی پێشكه‌وتون، له‌هه‌مان كاتدا بونه‌ته‌ خاوه‌ن سیسته‌مێكی (ئابوری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌لتوری و ته‌كنه‌لۆژی) به‌هێزیش، چونكه‌ سیسته‌می خوێندنی باڵا و زانكۆكان به‌شداری كاریان ‌ له‌ ڕه‌نگڕێژكردنی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌و به‌هه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر به‌گه‌له‌كه‌مان و، وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ خوێنی ئه‌و هه‌زاران ڕۆڵه‌ی كه‌ خۆینی خۆیان به‌خشی له‌پێناو به‌ده‌یهێنانی ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌‌مان و، له‌هه‌مان كاتدا وه‌ك ئه‌ركێكی زانستی و ئه‌كادیمی له‌ماوه‌ی ڕابردودا وه‌ك وه‌زاره‌ت چه‌ند هه‌نگاوێكی گرنگمان ناوه‌ بۆ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی هۆشیارو پڕ چه‌ك به‌زانست و زانیاری سه‌رده‌م. له‌سه‌رجه‌م ئه‌و كاروپڕۆژانه‌شی كه‌ له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردندان جه‌ختمان له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن كردۆته‌وه‌و، هه‌نگاوه‌كانیشمان زیاتر به‌ئاڕاسته‌ی چۆنایه‌تی خوێندنه‌ له‌ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كان، بۆیه‌ لێره‌دا پێویستی ده‌زانین كه‌ داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری ده‌كه‌ین، هاریكاریمان بكات له‌ دابینكردنی بدوجه‌ی پێویست بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی زانكۆكان به‌تایبه‌ت ئه‌و پێداویستانه‌ی په‌یوه‌ندی كاروباری خوێندكارانه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ كۆتایدا ده‌ڵێین: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌نگاوی گرنگی ناوه‌ له‌ پڕۆسه‌ی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا، به‌ڵام هێشتا كاری زیاترمان پێویسته‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ پڕۆژانه‌دا پشت به‌مامۆستایان و خوێندكاران و قوتابیان و كارمه‌ندان و ته‌واوی ستافی ئه‌كادیمی له‌ زانكۆكانی كوردستان ده‌به‌ستین، له‌هه‌مان كاتدا پشت به‌ تواناو پشتیوانی هاریكاری و پارتنه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا ده‌به‌ستین، چونكه‌ له‌ ئێستادا خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م پرسیاری گرنگدایه‌، به‌تایبه‌ت پێگه‌ی زانكۆكان له‌ نه‌خشه‌ی ئه‌كادیمیای جیهان و ئاوێته‌بون به‌پێوه‌رو ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و، كارایی و كاریگه‌ری به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌كان و، ده‌رئه‌نجامه‌كانی پڕۆسه‌ی خوێندن و فێركردن و ڕاهێنان له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و ڕۆڵ و پێگه‌ی زانكۆكان له‌ خستنه‌ڕوی دیدو بۆچونیان بۆ چاره‌كردنی ئه‌و كێشه‌و گرفت و قه‌یرانانه‌ی كه‌ ڕوو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆیە داواتان لێدەکەم بە گیانێکى بەرپرسیاریانەوە پێشوازى لە سالێ نوێى خوێندن بکەن بەتەواوى خۆتانى بۆ ئامادە بکەن, لەهەمان کاتدا داوا لە مامۆستایانى دڵسۆز دەکەم تەواوى توانایان بۆ فێرکردن و پێگەیاندنیاندا تەرخان بکەن و گیانى بەرپرسیاریەتى لەلای خوێندکاران دروست بکەن، چونکە ئایندەمان لە دەستى ئەوان دایە، به‌هیواین ساڵی نوێی خوێندن ساڵی به‌دیھێنانی خه‌ونه‌ ئه‌كادیمیه‌كان بێت و، كۆتا ساڵی خوێندنیش ‌خه‌رمانێك ده‌سكه‌وتی زانستی و ئه‌كادیمی و مه‌عریفی به‌ده‌ست بێنین بۆ گه‌له‌كه‌مان.

 

د.یوسف گۆران

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی

2015/10/1