وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کونسوڵى ئێران، کردنەوەى بەشى فارسى لە زانکۆى سلێمانى و سەنتەرێکى لێکۆڵینەوەو کەلتورى زمان و فەرهەنگى ئیرانى لە هەرێمى کوردستان تاوتوێدەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى ٢١/٩/٢٠١٥ د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازیکرد لە مورتەزا عەبادى سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر و وەفدێکى کونسوڵگەرییەکە.
لە دیدارێکدا کە د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى دیوانى وەزارەت ئامادەیبوو. سەرکونسوڵى ئێران لە هەولێر باسى لە بەرەوپێشچوونى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا کرد و وتى: دەمانەوێت لەڕێگەى ئاڵوگۆڕى زانست و مەعریفەو ناردنى مامۆستایان و خوێندکارانى لەهەرێمى کوردستانەوە بۆ کۆمارى ئێسلامى ئێران و, بەپێچەوانەوە پەرەى زیاتر بەپەیوەندییەکانمان بدەین، بۆ ئەوەى کەلتور و فەرهەنگى هەردوولا زیاتر بەیەک ئاشنا بکرێن. هەروەک پێشنیازى کرد بەشى فارسى لە زانکۆى سلێمانى بکرێتەوە بەو پێیەى ئەم بەشە دەتوانێت خوێندکارانى کورد ئاشناى زمان و فەرهەنگى ئێرانى بکات.
لە بەرامبەردا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە سەردانى وەفدەکەى کونسڵگەرى ئێران لە هەولێر و ڕایگەیاند: هەرێمى کوردستان پەیوەندی کەلتورى و ڕۆشنبیرى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ بەگشتى و کۆمارى ئیسلامى ئێران بەتایبەتى هەیە، بەڵام دەمانەوێت ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەى پێبدرێت و ئاڵوگۆڕى زیاتر لەنێوان هەردوولادا دروست بێت ، بۆ ئەوەش پێشنیازى کرد ڕێککەوتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم و ئێران ئیمزا بکرێت، بۆ ناردنى ژمارەیەکى زیاتر لە خوێندکارانى هەرێم بۆ ئێران بەمەبەستى تەواوکردنى خوێندن هاوشێوەى وڵاتانى ترى دراوسێ.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا د.یوسف گۆران جەخى لە گرنگى کردنەوەى بەشى فارسى لە زانکۆى سلێمانى کرد و ڕاگەیاند: زمان یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکانى بەستنەوەو نزیکردنەوەى دوو کەلتور لە یەکتر, بۆیە ئێمەش ئەخوازین بایەخى زیاتر بە زمانى فارسى بدەین، چونکە ئەو زمانە تەنها ئێرانیەکان قسەى پێ ناکەن, بەڵکو لە وڵاتانى دیکەش بەهەمان زمان قسە دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەک چۆن لە زانکۆى سەڵاحەددین بەشى زمانى فارسى هەیە, ئارەزوو دەکەین لە زانکۆى سلێمانیش بکرێتەوە، بەڵام پێویستمان بەستافى ئەکادیمى و وانەبێژ و مامۆستا هەیە، بۆیە دەخوازین وەک کۆنسڵگەرى ئێران هاوکاریمان بکەن بەدابینکردنى ستافى مامۆستا بۆ کردنەوەى ئەو بەشە لە زانکۆى سلێمانى.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى بە ئیمزاکردنى رێککەوتنامەیەکى هاوبەش لەنێوان هەردوولا دەتوانین لەداهاتوودا سەرجەم ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن ک ەلەبوارى خوێندن و خوێندکاران لە نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێراندا هەیە، ڕونیشکردەوە ئەو ڕێکەوتنامەى لێکگەیشتنە خزمەتێکى بەرچاو بە کەلتور و فەرهەنگى هەردوولا دەکات و, نەوەکانى داهاتوو ئاشنایى زمان و فەرهەنگى یەکتر دەکرێن.
بۆ ئەوەش کونسڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، پشتیوانى خۆى بۆ پێشنیازەکان دوپاتکردەوە و ڕایگەیاند: بەبایەخەوە لەم دەستپێشخەریانەى وەزارەتەکەتان دەڕوانین و لەلایەن خۆمانەوە تاوتوێى دەکەین وەڵامتان دەدینەوە.