د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیشوازیکرد لە (د.عەلى دوغرمەچى) سەرۆکى بۆردى ئەمینداران و سەرۆکى زانکۆى (بیلکنت) و، وەفدێکى هاوڕێى.
لە دیداێکدا کە بەئامادەبونى (سینان چەلەبى) وەزیرى دادى هەرێمى کوردستان و، (د. کەریم عەبدول و د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید) ڕاوێژکارانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، (د.خەتاب شێخانى) بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەت ئامادەیبون، لەسەرەتادا د.یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانیان، خۆشحاڵى بەو سەردانەى وەفدى میوان دەربڕى، هیواشى خواست ئەو سەردانە دەروازەیەک بێت بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەردولا.
پاشان (د.عەلى دوغرمەچى) لە وتەیەکیدا دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازییەى کرد، پوختەیەکى دەربارەى تێڕوانینى زانکۆکەیان و هاریکارى و هەماهەنگى لە بوارى پەروەردە لەگەڵ هەرێمى کوردستان خستەڕو، بۆ ئەوەش جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە وەک هەمیشە لە هەوڵى توندوتۆڵکردنى پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ هەرێمى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەى بە پڕۆژەیەکى نوێی زانکۆکەیان کرد کە بریتیە لە کردنەوەى کۆلێژێک بەناوى (کۆلێژى پەرەپێدانى تواناى مامۆستایان) لە هەرێمى کوردستان، ڕاشیگەیاند: کۆلێژەکە تایبەت دەبێت بەپەرەپێدانى تواناى مامۆستایان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و تواناکانى وانەوتنەوە بۆ مامۆستایان، سەرۆکى زانکۆى (بیلکنت) ئەوەشى ڕونکردەوە لە ئێستادا سەرگەرمى ئامادەکارى پڕۆپۆزەڵێکن تا لە ئایندەیەکى نزیکدا پێشکەشى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بکەن.
لە بەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆى پیشاندا کە وەک خێزانێکى بەڕەچەڵەک هەولێر و خەڵکى کوردستان دەیانەوێ لە هەرێمى کوردستان خزمەت بکەن بەتایبەت لە بوارى خوێندنى باڵا، هەروەک ئاماژەى بەدۆخى زانکۆکان لە کوردستان کرد و ڕاشگەیاند: کە وەک وەزارەت خۆشحاڵ دەبن کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو زانکۆیانەى کە ڕانکەکانیان بەرزە پەرەپێبدەن.
سەبارەت بەداواکەشیان بۆ کردنەوەى کۆلێژێکى زانکۆکەیان لە کوردستان، د.یوسف گۆران دڵنیایکردن کە پڕۆپۆزەڵەکەیان بەهەند وەردەگرێت و بەڕێگەى یاسایى مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.