وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كار دەكات بۆ كردنەوەی بەشەكانی (پەروەردەی كۆمپیوتەر، وەرزش، هونەرەجوانەكان) لە كۆلێژەكانی پەروەردی بنەڕەتی ئێواران بۆ مامۆستایان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لەسەرەتای مانگی داهاتو كۆنفرانسێك بۆ پێداچونەوە بە پڕۆگرامەكانی هەردو كۆلێژی پەروەردەو زانستە مرۆڤایەتیەكان ڕێكدەخەن.
ئەم بڕیارانە لەمیانی كۆبونەوەی هاوبەشی هەردو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە هات، كە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێكەوتی (١-٤-٢٠١٥) بەسەرپەرشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و د. پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە لە وەزارەتی پەروەردە بەڕێوەچو.
لەسەرەتای كۆبونەوەكەدا كە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی هەردو وەزارەت ئامادەیبون، كردنەوەی كردنەوەی بەشەكانی (پەروەردەی كۆمپیوتەر، وەرزش، هونەرەجوانەكان) لە كۆلێژەكانی پەروەردی بنەڕەتی ئێواران بۆ مامۆستایان گفتوگۆیان لەسەر كرا، بۆ ئەوەش بڕیاردرا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەكاری پێویست بۆ ئەو مەبەستە بكات.
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پێداچونەوە بە پڕۆگرامەكانی هەردو كۆلێژی بنەڕەتی و پەروەردە كرا، لەو چوارچێوەیەشدا كۆبونەكە بڕیاریدا بە پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەت لە هەردو وەزارەت بۆ پێداچونەوە بە پڕۆگرامەكانی كۆلێژی بنەڕەتی و پەروەردە و گرنگیدان بە شێوازی وانەوتنەوە، هەروەك بڕیاری ئەوەش درا كە تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ كارەكانی لێژنەكە كۆتای پێبێت تا پێداچونەوە بۆ پڕۆگرامەكان بكرێت.
تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە تایبەت بو بە پێداچونەوە بە پڕۆگرامەكانی هەردو كۆلێژی پەروەردەو زانستە مرۆڤایەتیەكان، بۆ ئەوەشیان بڕیاردرا لەسەرەتای مانگی داهاتو هەردو وەزارەت بەهاوبەشی كۆنفرانسێك ساز بكەن، هەر لە كۆبونەوەكەدا ئەندامانی لێژنەی ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنفرانسەكە دەستنیشانكران.
سەبارەت بە چارەسەركردن گرفتەكانی ئەنجامی وەرگرتنی دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی و كاراكردنی پرۆسەی (زانكۆ لاین)، دوای گفتوگۆیەكی چڕ بڕیاردرا وەزارەتی پەروەردە ساڵانە ئەنجامەكان بەخێرا ڕەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بكات تا پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندكاران لە ڕێگەی (زانكۆ لاین) باشتر بەڕێوەبچێت دوانەكەوێت. ئامادەكاری پێویستیش كرا تا لە هەفتەی داهاتودا كۆبونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبچێت.
لەبارەی بەهێزكردنی زمانی ئینگلیزی لە ناوەندەكانی خوێندن بەسەرجەم قۆناغەكانەوە، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پێشنیازی بۆ وەزارەتی پەروەدە كرد تا لە ناوەندەكانی خوێندن و لە قۆناغەكانی بنەڕەتی و ئامادەیی گرنگی زیاتر بە زمانی ئینگلیزی بدەن، بەو پێیەیی لەئێستادا بەهێزكردنی زمانی ئینگلیزی لە كۆلێژ و پەیمانگەكاندا بۆتە یەكێكە لە بەرنامەكانی وەزارەت، ئەوەشی ڕاگەیاندن بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا زمانی ئینگلیزی دەبێتە مەرجی سەرەكی بەتایبەت لە بەشە زانستییەكان كە وانەكان بەزمانی ئینگلیزی دەوترێنەوە. لە بەرامبەردا وەزیری پەروەردە بڕیاریدا كاری جدی بكەن بۆ بەهێزكردنی زمانی ئینگلیزی لە قۆناغەكانی خوێندن و كردنەوەی خوێندنگەی تایبەت بە زمانی ئینگلیزی لە شارەكاندا.
دابینكردنی مامۆستا لە وەزارەتی پەروەردە ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆران بۆ زانكۆكان، بڕیاردرا بەپێی پسپۆری و پێداویستی ئەو ناوچانە وەزارەتی پەروەردە مامۆستا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەشێوەی (تنسیب) دابین بكات. بەتایبەت بۆ زانكۆكانی هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین.
چەند بابەتێكی پەیوەست بە پشتگیری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پێدانی ناونیشانی زانستی و پێداچونەوە و ڕێكخستنی كاری لێژنە هاوبەشەكان، بەشێكی تری گفتوگۆكانی نێوان هەردو وەزارەت بون.