د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند" زۆربوون ئەوانەی هەوڵیان دا ئاڵاكەمان لەناو ببەن و نەشەكێتەوە، بەڵام ئێستا ئەم ئاڵا پیرۆزە كە ڕەمزی ئیرادەی میللەتەكەمانە دەشەكێتەوەو، چیدی هەڵگرانی ئاڵای ڕەش و تاریكی ناتوانن كوردستانەكەمان تاریك و ڕەش بكەن".
ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران لەمیانی مەراسیمی ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان هات، كە هاوشانی دەزگاو دامەزراوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكەوتی (17/12/2014) لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو.
لەو مەراسیمەدا كە بە ئامادەبوونی (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەر و كارمەندانی دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو، لەسەرەتادا د.یوسف گۆران ئاڵای كوردستانی لەسەر باڵەخانەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەڵكرد.
دواتریش لە وتەیەكیدا وەزیری خوێندنی باڵا توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئاڵا سیمبوڵی هەر نەتەوەیەكە ڕوخساری پێكهاتە و چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگەكەیەتی و، لەهەمان كاتدا سیمای ناسینەوەی نەتەوەكەیەتی لە نیو نەتەوەكانی تری جیهان. رۆژی ئاڵا، لە هەرێمی كوردستان وەك نیشانە و ڕەمزی خاوەندارێتی خاك و نەتەوەو ناسینەوەی شوناس و هێمای بەرخودان و گیان فیدای نیشتیمان و گەلە، بۆیە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بۆ بەكردەكردنی ئەو هاوكێشەیە لەڕۆژی (17/12)ی هەموو ساڵێك بە شێوازی جۆراو جۆر ئەو ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕادەگرن.
هەر لە وتەكەیدا د. یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: كورد وەك هەر نەتەوەیەكی تری جیهان ئاڵای لەلا پیرۆز بوەو بەپیرۆزیش ڕایگرتووەو، ڕەنگەكانی ئاڵاكەش لەجوانی سروشت و ئاشتی و خۆری ئاوات و هیوای دوا ڕۆژی نەتەوەی كورد پێكهاتووە، ئێستاش كە بەشێك لەكوردستان بۆتە كیانێك لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایەدا بەڕێوەدەچێت.
لە كۆتایی وتارەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رۆژی (دایك) كە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەرجەم دایكان پیرۆز كردو، هیوای ژیانێكی شایستەی بۆ هەمو دایكان خواست.
Nov 2016