Nov 2016

لەپێشوازی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

img

وەزیری خوێندنی باڵا: بەئەركی خۆمانی دەزانین ناوەندەكانی خوێندنی باڵا بكەینە ناوەندی پەرەپێدانی مافی مرۆڤ


ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند:  پاراستنی مافەكانی مرۆڤ پێوەرە بۆ نیشاندانی ئاستی بنەماكانی پێشكەوتن لە هەموو وڵاتێك، هەروەك ئامادەیی وەزارەتیشی دەربڕی بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی و كاری هاوبەش لەنێوانیان.

ئەو ڕاگەیاندنەی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی پێشوازیكردنی لە (ضياء بطرس صلیوە) سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردسان و وەفدێكی یاوەری هات. 

لە دیدارێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە, ڕێكەوتی (19/11/2014) بەڕێوەچو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە وتەیەكدا: ئاماژەی بەگرنگی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد لە ڕوی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری مافەكانی مرۆڤ كرد، ئاشكراشی كرد كە بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی مافی مرۆڤ تیمێكی مەیدانیان پیكهێناوەو، سەردانی دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەت دەكەن. داواشیكرد " لەزانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بەبنەماكانی مافی مرۆڤ لە كۆلیژەكانی یاسا بدرێت".

لە بەرامبەردا دكتۆر یوسف گۆران ڕایگەیاند: دیوێكی یاسا بریتیە لە پاراستنی مافی مرۆڤ و، كێشەكانیش زیاتر لە جێبەجێكردنن، نەك لەخودی یاساكان. ڕونیشیكردەوە " ئەگەر بەراوردێك لە نێوانی تەمەنی حوكمڕانی كورد و تەمەنی وڵاتانی تری ناوچەكە  بكەین، ئەوا دەتوانین بڵێین كوردستان باشترین ناوچەیە، كە بەشێوەی كردەیی‌ مافە دەستورییەكانی تاكی تێدا پارێزاروە و، سەرجەم نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكان لەژێر یەك چەتری یاسادا كۆبوونەوتەوە و جیاكاری نەكراوە".

لەبارەی هەماهەنگی و ئاسانكاری وەزارەت بۆ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ ، دكتۆر یوسف گۆران وتی " ئێمە بە ئەركی خۆمان دەزانین، ناوەندەكانی خوێندنی باڵا بكەینە‌ ناوەندی پەرەپێدانی بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئاسانكاریش بۆ تیمەكانتان دەكەین، تا سەردانی زانكۆ و پەیمانگەكان بكەن، لەهەمان كاتدا لەڕێگەی توێژینەوەی زانستی وئەكادیمییەكانی زانكۆكانەوە، هاوكاری دەستەكەتان دەكەین".