Nov 2016

پڕۆژه‌ی زانكۆلاين و وه‌رگرتنی قوتابيان

newsitem-1172-16.11.2011-ku.jpg

ڕاگه‌ياندنێك له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستيه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ی زانكۆلاين و وه‌رگرتنی قوتابيان و خوێندكاران له‌ زانكۆ و په‌يامانگاكان بۆ ساڵی خوێندنی 2011 - 2012

ئيمڕۆ به‌ خۆشحاڵيه‌وه‌ دوا ده‌ره‌نجامی ناوه‌ندی وه‌رگرتن به‌ پێشكه‌شكارانی ئازيز ڕاده‌گه‌يه‌نين‌. وه‌ك ده‌زانن، ئيمساڵ له‌ ده‌ستپێشخه‌ريه‌كی نوێی حكومه‌تدا پڕۆژه‌ی زانكۆلاين بۆ پێشكه‌شكردنی داواکاری بۆ زانكۆ و په‌يمانگاكان به‌ شێوازی ئه‌ليكترۆنی و له‌ ڕێگه‌ی ئينته‌رنێته‌وه‌ ڕاگه‌يه‌ندرا. ئه‌وه‌ يه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژووی عيراقدا سيسته‌می له‌وجۆره‌ به‌ سه‌رتاسه‌ری و به‌ سه‌ركه‌وتوويی تاقی بكرێته‌وه‌ و ببێته‌ مايه‌ی وه‌رچه‌رخانی كه‌لتوریی لە بواری پێشكه‌شكردن بۆ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان و له‌گه‌ڵ خۆشيدا چه‌ندين سوودی مه‌زن به‌ سيسته‌می وڵات و به‌ قوتابيان بگه‌يه‌نێت.

مايه‌ی شانازيمانه‌ كه‌ پڕۆژه‌‌‌ی زانكۆلاين‌ هه‌روه‌ك پڕۆژه‌ی به‌ ئه‌ليكترۆنيكردنی به‌رنامه‌ی تواناسازی له‌ لايه‌ن تيمێكی لێهاتووی خۆماڵيی له‌ ناو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵادا ئاماده‌ كرا و بەهاوکاری چه‌ندين سه‌ركرده‌ی مه‌يدانيی و خه‌لكانی دڵسۆز و پێشه‌نگ له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌ به‌ سه‌ركه‌وتوويی جێبه‌جێ كرا.

ئيمساڵ هه‌ردوو سيسته‌می كۆن و نوێ به‌ يه‌كه‌وه‌ په‌يڕه‌و‌ كران و ئه‌زموونه‌كه‌ يارمه‌تی داين كه‌ به‌راورديه‌كی بابه‌تيانه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو سيستمدا بكه‌ين. ده‌ره‌نجامه‌كان به‌ ئاشكرا ده‌ريان خست كه‌وا ده‌ستپێكردنی سيسته‌می ئه‌ليكترۆنی ده‌ستپێكی شۆڕشێكی كەلتوریيه‌ و له‌گه‌ڵ كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زموون و گه‌شه‌ كردنی ژێرخاندا سيسته‌م به‌ره‌‌و پێشكه‌وتن ده‌بات.

نموونه‌ی سووده‌ ڕاسته‌وخۆكان

  1. پڕۆسه‌‌ی زانكۆلاين ڕێنيشانده‌رێکی کارا بوو، خوێندكارانی ئاراسته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ گونجاوه‌كان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كۆنمره‌ و ئاره‌زووه‌كانيان هه‌ماهه‌نگ بێ، و كه‌مترين ژماره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌فيڕۆ بچن. به‌وه‌‌ش ڕێژه‌ی هه‌ڵه‌ به‌ ئاستی %50 كه‌م بووه‌وه‌. بۆ نموونه‌، له‌ سيسته‌می كۆن ساڵانه‌ له‌ 3500 هه‌تا 4000 قوتابی به‌ هۆی هه‌ڵه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بێ شوێن ده‌مانه‌وه‌ و ده‌بوايه‌ پسپۆڕه‌كان شوێنيان بۆ بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ئيمساڵ به‌ هۆی زانكۆلاين ئه‌و ژماره‌يه‌ بووه‌ 1746 قوتابی.
  2. سيسته‌می زانكۆلاين زۆر هه‌رزانتر بوو له‌ سيسته‌می كۆن. هه‌ر بۆ نموونه‌، له‌ ساڵی ئيمساڵ بڕی 140 مليۆن دينار ته‌نيا بۆ‌ چاپ كردنی ڕێبه‌ر و فۆڕمی تيشكيی خه‌رج كراوه‌، كه‌چی دروسكردنی پڕۆگرامی زانكۆلاين ته‌نيا 12 مليۆن ديناری تێ چووه‌ و سه‌رجه‌م زانياريه‌كانی ڕێبه‌رايه‌تی به‌ پی دی ئێف له‌ سه‌ر ماڵپه‌ردابووه‌ بۆ سه‌ير كردن و دابه‌زاندن. جا ئه‌گه‌ر خه‌رجيه‌كانی تريش له‌چاو بگيردرێن، له‌ مه‌ودای چه‌ند ساڵێكدا پڕۆژه‌ی زانكۆلاين به‌ چه‌ندين مليار دينار له‌ ماڵی ميلله‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.
  3. له‌گه‌ڵ داخستنی ده‌رگای پێشكه‌شكردن، ئاماره‌كانی داتابه‌يسی زانكۆلاين له‌ مه‌ودای كاتژمێرێك ئاماده‌‌ی شی كردنه‌وه‌ بوو، به‌ڵام فۆرمی تيشكی له‌ دوای پڕكردنه‌وه‌ پێويستی به‌ كۆكردنه‌وه‌ و ناردن‌ و دواتر سكان كردن له‌ ناوه‌ندی وه‌رگرتن.
    نموونه‌ی سووده‌ ناڕاسته‌وخۆكان
  4. پێشتر زۆرينه‌‌ی ئه‌و قوتابيانه‌ی ده‌هاتنه‌ ناو زانكۆ و په‌يمانگاكان شاره‌زاييان له‌ بواری ئينته‌رنێتدا نه‌بوو و بۆيه‌ توانای ده‌سكه‌وتنی زانياری و گه‌شه‌پێدانی تواناكانيان سنووردار بوو. ئێستا به‌ هۆی پڕۆژه‌ی زانكۆلاين ئه‌و به‌ربه‌سته‌ شكێندراوه‌ و قوتابيان بايی ئه‌وه‌نده‌ له‌گه‌ڵ ئينته‌رنێت ئاشنا بوونه‌ كه‌ له‌ يه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ بۆ خوێندن سوود له‌ زانياری ته‌كنۆلۆژی وه‌رده‌گرن. ئـه‌و ده‌ره‌نجامه‌ش ته‌واوكه‌ری هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌ته‌ بۆ په‌ره‌پێدانی تواناكان و پڕۆگرامه‌كان.
  5. زانكۆلاين بۆ دايك و باوكان و خه‌ڵكی هه‌رێم و بگره‌ حكومه‌تی هه‌رێمی ده‌رخست كه‌ به‌ ئه‌ليكترۆنيكردنی سيسته‌م و وه‌به‌رهێنان له‌ ژێرخان و توانا مرۆييه‌كانی ته‌كنۆلۆژيای زانياری بۆته‌ ئه‌وله‌ويه‌ت.

نهێنی سه‌ركه‌وتنی زانكۆلاين

بێ گومان سه‌رخستنی پڕۆژه‌يه‌كی داهێنه‌رانه‌ و ئاڵۆزو مه‌زنی وه‌ك زانكۆلاين كه‌ چاره‌نووسی ده‌يان هه‌زار لاوی هه‌رێمی پێوه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه، كارێكی ئاسان نيه‌ و پێويستی به‌ پاڵپشتی‌ و هيممه‌تی ده‌يان و بگره‌ سه‌دان سه‌ركرده‌ی مه‌يدانی هه‌بوو.

لێره‌دا ده‌مه‌وێ سوپاسی جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت بكه‌م بۆ پاڵپشتی پڕۆسه‌ی زانكۆلاين و گرنگيدانی به‌ پڕۆسه‌ی خوێندن به‌‌ هه‌موو قۆناخه‌كانيه‌وه‌. سوپاسی به‌رێز كاك سه‌فين دزه‌يی و سه‌رجه‌م هاوكارانی له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌بێ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری ئه‌وان ئه‌و پڕۆسه‌يه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌ده‌هێنا. سوپاسی به‌ڕێزان سه‌رپه‌رشتيارانی پڕۆژه‌ی زانكۆلاين و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی باڵای خوێندن و ناوه‌ندی وه‌رگرتن و سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌كانی‌ نێو مه‌ڵبه‌نده‌كانی ڕاوێژكاری ده‌كه‌م بۆ شه‌ونخونی و پشووی درێژ و هه‌وڵی خۆبه‌خشانه‌يان. دواتر سوپاسی سه‌رجه‌م قوتابيانی خۆشه‌ويست و خانواده‌كانيان ده‌كه‌م بۆ هيممه‌ت و هه‌وڵدانيان بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌كه. ده‌زانم له‌ كاتی پێشكه‌شكردندا كێشه‌ی كه‌ميی و سه‌بريی ئينته‌رنێت و كه‌م شاره‌زايی قوتابيان پێويستی به‌ پشووی درێژ هه‌بوو به‌لام ئه‌و كێشانه‌ پێشبينی لێ كراو بوون و له‌ كاتوساتی خۆيدا و به‌ هيممه‌تی هه‌مه‌لايه‌نه‌، ڕێگاچاره‌ی گونجاويان بۆ دانرا.

ئيتر پيرۆزبايی له‌ سه‌رجه‌م خوێندكاره‌ نوێیەکانی زانكۆ و په‌يمانگاكانی هه‌رێم ده‌كه‌م و هيوای ژيانێكی سه‌ركه‌وتووی پڕ به‌رهه‌م و پڕ سه‌روه‌ريان بۆ ده‌خوازم.

ئێستاش پوخته‌يه‌ك له‌ سه‌رتووی ئاماره‌‌كانتان پێشكه‌ش ده‌كه‌م:

  • - ئيمساڵ ژماره‌ی پێشكه‌شكاران گه‌يشته‌ 31880 كه‌س، له‌وانه‌ 28279 له‌ زانكۆ و په‌يمانگا حكومه‌تيه‌كان وه‌رگيراون. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌رفه‌تی پێشكه‌شكردنی له‌ زانكۆی ئه‌هلی بۆ ڕه‌خساوه‌ كه‌ ژماره‌ی كورسيه‌كانی ده‌گاته‌ 6500 کورسی‌. %80ی ئه‌و كورسيانه‌ی خوێندنی ئه‌هلی بۆ ده‌رچووانی ئيمساڵ ته‌رخان ده‌كرێت. واته‌ ئيمساڵ به‌ كۆی گشتی جێگه‌ی زياتر له‌34000 قوتابی ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌‌يش زۆر زياتره‌ له‌ ژماره‌ی ده‌رچوانی ئاماده‌يی.
  • - ژماره‌ی وه‌رگيراوان له‌ زانكۆكان گه‌يشته‌ 15641
  • - ژماره‌ی وه‌رگيراوان له‌ ده‌سته‌كانی خوێندنی ته‌كنيكی گه‌يشته‌ 12638
  • - كه‌مترين كۆنمره‌ی وه‌رگيراوی زانستی له‌ زانكۆ 441 و له‌ په‌يمانگا 350 بوو.
  • - كه‌مترين كۆنمره‌ی وه‌رگيراوی وێژه‌يی له‌ زانكۆ 400 و له‌ په‌يمانگا 399 بوو.

شوێنی بڵاوكردنه‌وه‌ و دۆزينه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان لە سه‌ر ماڵپه‌ری زانكۆلاين (www.gozanko.info) ڕادەگەیەنرێت و لينكی ئه‌و ماڵپه‌ره‌ له‌سه‌ر لاپه‌ره‌كانی وه‌زاره‌تمان (www.mhe-krg.org) و زانكۆ و په‌يمانگاكان دانراوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌نجامه‌كان به‌ CD بۆ سه‌رجه‌م زانكۆ و قوتابخانه‌ ئاماده‌ييه‌كان ده‌نێردرێن.

ته‌نيا ئه‌و ئه‌نجامانه‌ كاريان پێ ده‌كرێت كه‌ به‌ فه‌رمی له‌ لايه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.

ئيمساڵيش ماوه‌ی هه‌فته‌يه‌ك له به‌رده‌م خوێندكاراندايه‌ كه‌ سكاڵايان پێشكه‌ش به‌ مه‌ڵبه‌نده‌كانی ڕاوێژكاری بكه‌ن. فۆڕمی ئه‌ليكترۆنی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ كراوه‌. تكايه‌ پێويست ناكات هيچ قوتابيه‌ك سه‌ردانی باڵه‌خانه‌ی ناوه‌ندی وه‌رگرتن بكات چونكه كاره‌كانيان له‌ مه‌ڵبه‌نده‌كانی ڕاوێژكاریه‌وه‌ بۆ ئه‌نجام ده‌درێت.