د.یوسف گۆران: بۆ بەئایزۆکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا هەنگاوى گەورە دەنێین

دابه‌شكردنی بڕوانامه‌ی ئایزۆ

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەئایزۆکردنى وەزارەت و زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دەبێتە هۆکارێکى گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنى لایەنى کارگێڕى و بەرزکردنەوەى کواڵیتى پێشکەکردنى خزمەتگوزارى, بۆیە هەنگاوى گرنگ و گەورە بەو ئاڕاستەیە دەنێین.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى, ئەمڕۆ چوارشەممە, ڕێکەوتى (٢٤/4/2009) لە میانەى پێشکەکردنى وتەیەکى هات, کە بەبۆنەى تەواوبونى خولى فاوەندیشن لە بوارى ئایزۆ بۆ فەرمانبەرانى وەزارەت ڕێکخرابوو.

لەو چوارچێوەیەدا و, لەسەرەتادا د.محمد حسین سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان, کورتەیەکى لەبارەى چۆنیەتى ئامادەکردنى خولى فاوەندیشنى ئایزۆ کرد و وتى: خولەکە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهاوکارى دامەزراوەى (ئۆستالجیا بۆ ڕاهێنانى زمانەوانى و گەشەپێدانى مرۆیى) بەڕێوەچو و, ماوەى سێ ڕۆژ بەردەوام بو, کە تێیدا بەڕێوبەرە گشتیەکان و یاریدەدەرەکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەرەکان و فەرمانبەرانى پەیوەندیدار بەجێبەجێکردنى سیستمى ئایزۆ بەشداریان تێدا کرد و, بەهۆیەوە ئاشناکران بە بنەما سەرەکیەکانى ئایزۆ و چۆنیەتى پراکتیزەکردنى, وتیشى لە کۆتایى خولەکەدا بەشداربوان تاقیکردنەوەى کۆتاییان ئەنجامدا.

هەر بەو بۆنەیەوە, د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دواى پیرۆزبایکردن لە بەشداربوانى خولەکە, بەگرنگیەوە باسى لە جێبەجێکردنى سیستمى ئایزۆ کرد و ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان بایەخێکى ئێجگار زۆر بەجێبەجێکردنى سیستمى ئایزۆ دەدات, چونکە ئێستا ئەو سیستمە بۆتە هۆکارێکى گرنگ بۆ چارەسەرکردنى کێشە کارگێڕییەکان و بەرزکردنەوەى کواڵیتى خزمەتکردن لە وڵاتە پێشکەوتوەکان, وتیشى بەهەمان بەئایزۆکردنى وەزارەت و زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دەبێتە هۆکارێکى گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنى لایەنى کارگێڕى و بەرزکردنەوەى کواڵیتى پێشکەکردنى خزمەتگوزارى, بۆیە هەنگاوى گرنگ و گەورە بەو ئاڕاستەیە دەنێین.

سەبارەت بە خولەکەش, وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەم خولە دەبێتە سەرەتاییەکى گرنگ بۆ دروستکردنى پسپۆڕى ناوخۆیى, ڕونیشیکردوەوە بەشداریکردن لەو خولەکە جگە لەوەى دەبێتە هۆى بەرزکردنەوەى ئاستى تواناى پیشەیى, لەهەمان کاتدا بۆ ژیانى تایبەتى بەشداربوانیش گرنگە بۆ ڕێکخستنەوەى کاروبارەکانى ژیانیان لە داهاتودا, هیواشى خواست بەسود وەرگرتن لەو خولە هەنگاوەکانى پراکتیزەکردنى ئایزۆ خیراتر بێ.

لە کۆتایشدا, د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕوانامەى دەرچونى بەسەر سەرجەم بەشداربوانى خولەکەدا دابەشکرد.