د.یوسف گۆران پێشوازی له‌ کۆنسڵى هەنگاریا كرد

IMG_1252.JPG

 کۆنسڵى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند: لە بەرنامەى پێدانى کورسى بەخوێندن بەوڵاتان، هەرێمى کوردستان وەک دەوڵەتیک ئەژمارکراوە، وتیشیى شانازى بە پیشمەرگە دەکەین و، لە هاوکارییەکانیشیمان بۆ هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبین.

ئەو ڕاگەیاندنەى (د.چابا ڤێزێکێنیى) کۆنسڵى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان لە میانەى دیارێکیدا هات لەگەڵ د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (١١/١١/٢٠١٥) بەئامادەبونى (ئیشتیڤان ئێمری) جێگرى کۆنسڵى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، پەیوەندییە ئەکادیمی و سیاسى و سەربازى و دبلۆماسییەکانى نێوان هەردوو لا گفتوگۆى وردیان لەبارەوە کرا.

لەسەرەتایى دیدارەکەدا کۆنسڵى هەنگاریا ئاماژەى بەپڕۆگرامى (شتیپیندیوم هونگارى کوم) کرد، کە تایبەتە بەپێدانى زەمالەى خوێندن بە وڵاتان و ڕاگەیاند: ئەم پڕۆگرامە ماوەى دوو ساڵە لە هەنگاریا دەستى پێکردوە، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و فراوانەکان، پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتى توانا مرۆییەکان و دامەزراوەى (Tempus Public Foundation) و، وەزارەتى دەرەوەى هەنگاریا بەڕێوەدەچێت. لە ئێستا بەرنامەکە لە (٣٧) وڵات بونى هەیەو، هەرێمى کوردستانیش لەو بەرنامەیەدا وەک دەوڵەتێکى سەربەخۆ ئەژمارکراوە، لە پرۆگرامەکەدا (٢٤) کۆلێژ و دامەزراوە بە (٣٤٩) بەش و پسپۆڕى جیاواز بەشدارن و، ئەوانەى زەمالەکەیان بۆ دەردەچێت دەتوانن بەشەکان هەڵبژێرن، ڕونیشیکردەوە لەو (٣٠) کورسیەى بۆ هەرێمى کوردستان دانراوە تا ئیستا (٢٢) خوێندکار هەڵبژێردراون، بەڵام تەنها (١٥) توانیوانە دەست بکەن بەخوێندن، هەر پەیوەست بەو بەرنامەیە، کونسڵى هەنگاریا ڕاگەیاند: بەسود وەرگرتن لە هەڵەکانى دوو ساڵى کارکردنى ئەو بەرنامەیە، لە ئێستا کۆمەڵێک گۆڕانکاریان کردوە و، لە کۆتایى ئەم مانگەشدا خولێکى نوێ بەرنامەکە ڕادەگەێنن و ڕێکەوتى (٢٨/٢/٢٠١٦) کۆتا ڕۆژى تۆمارکردنى ناوەکان دەبێت هیواشى خواست لە خولى نوێدا بەگرتنبەرى ڕێوشوینى دیکەو سود وەرگرتن لە هەڵەکان هەرێمى کوردستان هەموو کورسیە تەرخان کراوەکان پڕ بکاتەوە.

سەبارەت بەچۆنییەتى پتەوکردنى پەیوەندییە سیاسى و دبلۆماسیەکانیش، کۆنسڵى هەنگاریا لەگەڵ د.یوسف گۆران کە لەهەمان کاتدا سەرۆکى لێژنەى هەماهەنگى و پەیوەندییەکانى نێوان هەنگاریاو هەرێمى کوردستانە ڕاگەیاند: هەنگاریا لە ڕوى سیاسیەوە لە پاڕلەمانى یەکیتیى ئەوروپا و ناتۆ و دامەزراوە سیاسیەکانى هەنگاریا پشتیوانتانین، هەر لەو چوارچێوەیەشدا باڵێۆزى هەنگاریا داواى (٣٠٠) ملیۆن یۆرۆى کردوە تا لە یەکێتیى ئەوروپا وەک هاوکارى پێشکەشى هەرێمى کوردستان بکات. بۆ بوارى سەربازیش (د.چابا ڤێزێکێنیى) ڕایگەیاند: شانازى بە پیشمەرگە ئازاکانتان لە ڕوبەڕوبونەوەى تێرۆرستان دەکەین، ئاشکراشیکرد کە لە بەرنامەیاندایە ئاستى هاریکارییەکانیان بۆ ڕاهێنانى هێزەکانى پێشمەرگە زیاتر بکەن.

هەر بۆ بەهێزەکردنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، کۆنسڵى هەنگاریا وتى: لە بوارى شوێنەواریدا لە ئێستادا لەلایەن تیمیى شوێنەوارناسى یەکیک لە زانکۆکانى هەنگاریا قۆناغى دوەمى هەڵکۆڵین لە (قەڵاى دوین) دەستپێکردوە، بەهەمان شێوەیەک نوسراوێکیان ئاڕاستەى پارێزگاى سلێمانى کردوە بۆ کنەو پشکنین لە یەکیک لە شوێنەوارەکانى ئەو پارێزگایە.

هیواشى خواست ئاستى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان فراوان بکەن و، بایەخ بە بوارە جیاکانیش بدەن.

لەبەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، کە لەهەمان کاتدا سەرۆکى لێژنەى هەماهەنگى و پەیوەندییەکانى نێوان هەنگاریاو هەرێمى کوردستانە دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، ڕاگەیاند: ئێمە وەک هەرێمى کوردستان ڕۆڵ و یارمەتیەکانى وڵات و حکومەتى هەنگاریا لەسەرجەم بوارەکان بەرز دەنرخێنین، بەتایبەت هاوکارییە سیاسى و سەربازییەکان، وتیشى هەوڵدەدەین زیاترو زیاتر پەیوەندییەکانمان لەگەڵتان پتەوتر بکەین، د.یوسف گۆران وەک سەرۆکى لێژنەى هەماهەنگى و پەیوەندییەکانى نێوان هەنگاریاو هەرێمى کوردستان داواى کرد لە ڕوى سەربازیەوە هاوکارییەکانیان لە ڕوى ڕاهێنان و پێدانى چەک و تەقەمەنى بۆ هێزى پێشمەرگەى کوردستان زیاتر بکەن، چونکە لە ئێستادا لە ئامادەکاریدان بۆ بەشداریکردن لە ئازادکردنەوەى شارى شه‌نگال و موصڵ.

د.یوسف گۆران وەک لێژنەى هەماهەنگى و پەیوەندییەکانى نێوان هەنگاریاو هەرێمى کوردستان کە ژمارەیەک لە وەزیرەکان ئەندامن تێیدا سەرقاڵى ئامادەکارین بۆ ئەوەى لە داهاتویەکى نزیکدا سەردانى هەنگاریا بکەن بۆ بەهێزکردنى زیاتر پەیوەندییەکان.

سەبارەت بەپەیوەندییە ئەکادیمیەکانیش، وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: تەرخانکردنى ئەو ژمارە کورسیەى خوێندن بۆ هەرێمى کوردستان بەو شێوەیە جێگەى دڵخۆشیە، داواشیکرد ژمارەى کورسیەکانى دکتۆرا زیاتر بکرێ، بەتایبەت لە هەندێک پسپۆڕى کە پێویستن بۆ ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان، هیواشى خواست ڤیزە بدەن بە هاوسەرى ئەو کاندیدانەى ناوچیان لە چوارچێوەى ئەو بەرنامەیە دەردەچێت.

بۆ بوارى شوێنەواریش، د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: لە ڕابردودا دوژمنانى گەلەکەمان هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەى شوێنەوارو مێژوى گەلەکەمان بسڕنەوە بۆ ئەوەى جیهان گەلەکەمان و مێژوەکەى نەناسن، سوپاسى حکومەتى هەنگاریایى کرد کە بایەخ بە شوێنەوارەکانى هەرێمى کوردستان دەدەن و کنەو پشکنین بۆ شوێنەوارە جیاکان لە کوردستان دەکەن.