د. ئارام محمد قادر وەك وەزیری نوێی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى دەست بەكاربوو

د.ئارام قادر وه‌ك وه‌زیری نوێی خوێندنی باڵا ده‌ستبه‌كاربوو1

دوای بەڕێوەچونی مەراسیمی سوێند خواردنی ئەندامانی كابینەی نۆیەم لە پەرلەمانی كوردستان،  د. ئارام محمد قادر وەك وەزیری نوێی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستی بەكارەكانی خۆیی كرد.

لە ڕێوڕەسمێکدا، كە ئەمڕۆ دوو شەممە، ڕێكەوتی (١٥/٧/201٩) لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبونى د. ئومێد سەباح سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و د. ئامانج رەحیم سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران و شەعبان شەعبان چالى بەڕێوەبەرى نوسینگەى سەرۆکى حکومەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت بەرێوەچو، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پۆستی وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامدراو د. یوسف گۆران وەزیری پێشوی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەکدا دوای بەخێرهێنانی د. ئارام محمد قادر، هیوای سەركەوتنی لەو ئەركە نوێیە بۆ خواست.

 لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، د.یوسف گۆران كارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەو كاروچالاكیانەی كە لە ماوەی ڕابردو ئەنجامیانداوە بەكورتی بۆ وەزیری نوێی خوێندنی باڵا باس كرد، دواتریش ئاماژەی بەپێكهاتەی وەزارەت و ئەرك و كارو چالاكی فەرمانگەكان و گرنگى و ڕۆڵى کەرتى خوێندنى باڵا كرد، ئینجا ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتیەكانی بە وەزیری نوێی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش ناساند. هەروەك لە كۆتایی قسەكانیدا وەزیری پێشوی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەیی هەمو جۆرە هاریكاریەكی بۆ د. ئارام محمد قادر دەربڕى بۆ سەركەوتنی كارەكانی و سەرخستنی كارنامەی كابینەی نۆیەمى حكومەتی هەرێم.

لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا سوپاسى د. یوسف گۆران وەزیرى پێشوى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەت و تەواوى وەزیرەکانى ڕابردووى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى  زانستى و سەرۆک زانکۆکان و سەرجەم سەربازە ونەکانى کە شەونخونى و خزمەتیان کردوە لەو کەرتە کرد، کە وێڕاى ئاڵنگارییه‌كان توانیان لەم کەرتە كۆمه‌ڵێك دەستکەوتی گرنگ و ستراتیژی بۆ وڵاتەکەمان بەرهەم بێنن، هەروەک بەڵێنیشى دوپاتکردەوە بۆ درێژەدان بە ئەرکەکان و ئەو کارانەى تەواونەکراون بەهیمەتى هەموولایەک کار بۆ جێبەجێکردنیان بکرێت.

لەبارەى ئەنجامدانى ریفۆرم لە کەرتى خوێندنى باڵا و گرنگى ئەم پرۆسەیە، د. ئارام محمد قادر ئاماژەى بۆ ئەوە کرد ریفۆرم لەسەرجەم سێکتەر و ئاستەکان پێویست و گرنگە، بەتایبەت لە کەرتى خوێندنى باڵادا، بۆیە بەهیمەتى هەموان کاردەکەین بۆ ئەوەى بتوانین کارى گرنگ و پێوست بۆ ولاتەکەمان ئەنجام بدەین و ئامانجەکانى ریفۆرم لە کەرتى خوێندنى باڵا بە تەواوەتى بێنێنەدى.

هەر لە قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردو ڕایگەیاند: بەپێى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران کاردەکەین بۆ ئەوەى لە ماوەى ٣٠ رۆژدا لەگەڵ ئەنجومەنى وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان پرۆژە و پلانى چوار ساڵى داهاتومان ئامادە بکەین، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکارى و هەماهەنگى یەکترە بۆ ئەوەى بتوانین کارنامەیەکى گشتگیر و هەمەلایەن بۆ گەشەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەین.

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى ئاڵوگۆڕى پۆستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەریەک لە د. ئومێد سەباح سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و د. ئامانج رەحیم سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران و شەعبان شەعبان چالى بەڕێوەبەرى نوسینگەى سەرۆکى حکومەت، لە وتەى جیاجیادا پیرۆزبایى دەستبەکاربونیان لە د. ئارام محمد قادر کرد وەک وەزیرى نوێى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى سەرکەوتنیان لەم ئەرکە بۆ خواست، هەروەک سوپاسى د. یوسف گۆران وەزیرى پێشوى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیشان کرد بۆ ئەرک و کارەکانی لە ماوەى کابینەى هەشتەمداو ئەو پرۆژەو کارانەى لەو ماوەیەدا ئەنجامدراون، بەتایبەت پرۆژەى سەربەخۆى دارایى زانکۆکان کە ئەم پرۆژەیە بوە هۆى بوژانەوەى کەرتى خوێندنى باڵا لە کوردستان و زیاتر پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان.