د.یوسف گۆران: دەبێت گرنگى زیاتر بەبوارى تەندروستى و سەلامەتى لە زانکۆکان و بەشە ناوخۆییەکان بدرێت

IMG_0638.JPG

 بەمەبەستى تاوتوێکردنى کارەکانى ساڵى ڕابردو و دانانى رێنمایى تازەى تەندروستى و سەلامەتى لەسەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و, بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى ( ٥/١٠/٢٠١٥) بەئامادەبونى د.یوسف گۆران  وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى سەرۆک و بڕیاردەرى لێژنەى پەروەردە و خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە پاڕلەمانى کوردستان و، د. نورى یاسین هەرزانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى دڵنیایی جۆرى و متمانە بەخشین, یەکەمین کۆبوونەوەى خۆى لە ساڵى نوێى خوێندن لەگەڵ بەڕێوەبەرانى تەندروستى و سەلامەتى لەسەرجەم زانکۆکان ئەنجامدا .

لەدەستپێکى کۆبوونەوەکەدا بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنمایى ئامادەبوانى کۆبوونەوەکەى کرد کە گرنگى زیاتر بەتەندروستى و سەلامەتى لەزانکۆکان و بەشە ناوەخۆییەکان بدن و, لەکاتى کردنەوەى هەر بەشە ناوەخۆیەکدا , لیژنەیەک لە بەرێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنى هەرگرفتێکى تەندروستى کە لەو بەشانە دروست ئەبن, لەگەڵ هەوڵدان بۆ دابینکردنى سەرجەم پێداویستییە تەندروستی و ژینگەییەکان  بۆ خوێندکاران .

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د.ئیبراهیم سمۆ سەرۆکى لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە پاڕلەمانى کوردستان بەگرنگیەوە لە ئەرکى ئەم بەڕێوەبەرایەتیەى ڕوانى و ڕاگەیاند: کارەکانى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە سەبارەت بە ئێمە کارى تازەن, بۆیە دەیکەینە خاڵێکى گرنگى کارنامەکانمان لە پاڕلەمانى کوردستان.

دواتر د. نورى هەرزانى بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین چەندین پێشنیازو راسپاردە بۆ ئامادەبووانى کۆبوونەکە خستەڕو , بەئامانجى پێشکەشکردنى کارى باشتر لەرووى تەندروستى و سەلامەتى لە سەرجەم زانکۆکان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران .

هەر لەو کۆبونەوەیەدا خاتوو  د. بڕوا مەحەمەد سعید بەڕێوەبەرى تەندروستى و سەلامەتى لەدیوانى وەزارەت تیشکى خستە سەر ئەو کێشەو خاڵە لاوازانەى کە لەساڵى رابردوى خوێندن لەرووى تەندروستى و سەلامەتى ڕوبەڕویان بۆتەوە,  بۆ چارەکردنى ئەو گرفتانەش چەند ڕێوشوێنیکى تازەى خستەڕوو, بەتایبەت کردنەوەى دووهۆبەى تازە بۆ پاشماوە ژەهراوییەکان و  هۆبەى ژینگەیی لەسەرجەم زانکۆکان و کە سەر بەبەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى بن, تا لەڕێگەى ئەو دووهۆبەیەوە گرنگى زیاتر بەژینگەو سەلامەتى خوێندکار و مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەرجەم زانکۆکان بکرێت .

هەر لەو کۆبوونەوەیە بڕیاردرا کە بەرلە کردنەوەى هەر باڵەخانەیەکى نوێى زانکۆیی یاخود بەشە ناوەخۆیی پێویستە ڕەزامەندى بەرێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى لەسەرتەواوى مەرجەکانى سەلامەتى وەربگیرێت.

هەرلەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە لە بەشە ناوەخۆییەکان رەچاوى  بارودۆخى ئەو خوێندکارانە بکرێت کەخاوەن پێداویستى تایبەتن و کارئاسانى تەواویان بۆ بکرێت و , رێنمایى فەرمانبەرانى  خزمەتگوزارى چاودێرى بکرێت کە هاوکارى تەواویان بکەن, بۆ ئەم مەبەستەش وابەباش زانرا کەکارمەند و پاسەوانى زیاتر بۆ بەشە ناوەخۆییەکان دابین بکرێت .

 سەبارەت بە دۆخى خواردن لەکافتریاو پاسەوانى ئاسایش لەناو زانکۆکاندا، بەڕێوەبەرانى تەندروستى و سەلامەتى لەزانکۆکان ئاگادارکرانەوە کەڕەچاوى ئەو دووخاڵە بکەن , بەتایبەت کە ئێستا مەترسى بڵاوبونەوەى نەخۆشى کۆلێرا لەلایەک و مەترسى شەڕى داعش لە ئارادایە.

بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى  لەساڵى ٢٠١٠ لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کراوەتەو تا ئیستا چەندین خول و راهێنانى بۆ مامۆستاو خوێندکاران و فەرمانبەرانى زانکۆکانى هەرێمى کردستان کردۆتەوە , هەروەک تاکە وەزارەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانیشە کە ئەو بەڕێوەبەرایەتیەیى هەبێت.