وەزیرى خوێندنى باڵا: بە مەبەستى پێشخستنیان، هاوکارى زیاترى سێنتەرەکانى زمان دەکەین

كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سێنته‌ره‌كانی زمان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکان رۆڵێکى گرنگ لە پێشخستنى ئاستى زمان و رەهەندى نێودەوڵەتى زانکۆکان دەبینن، بۆیە هاوکارى سێنتەرەکانى زمان دەبین بۆ ڕێکخستنەوەو پێشخستنیان.

ئەم جەختکردنەوەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٨/٢٠١٩)، لەمیانى کۆبونەوەیەکدا هات لەگەڵ بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین – سلێمانى – دهۆک – ڕاپەڕین – سۆران – گەرمیان).

لەو کۆبونەوەیەدا کە هەریەک لە بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، هەریەک لە بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکان کورتەیەکیان لەبارەى کارو خولەکانى سێنتەرەکان پێشکەش کردو تێبینى و پێشنیازەکانیان خستەڕو.

لە بەرامبەردا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە پلان و بەرنامەى وەزارەت بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى مامۆستاو خوێندکار و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان کرد. بۆ ئەمەش ئاماژەى بە گرنگى رۆڵى هەریەک لە سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکان کرد و هەوڵ و ماندوبونەکانی بۆ پێشخستنى ئاستى زمان بەرزنرخاندن.

بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە هاوکارتان دەبین بۆ ئەوەى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان بایەخى زیاتریان پێبدرێت و بەپلان کار بۆ ڕێکخستنەوەیان بکەین، چونکە پێشخستنى زانست بەشێکى گرنگە لە گەشەپێدانى کۆمەڵگە، هاوتەریب لەگەڵیدا زمانیش ڕۆڵێکى بەرچاوى هەیە، هەر بۆیە بایەخدان بە سێنتەرەکانى زمان کارى لە پێشینەمان دەبێت و ئامانجمانە سێنتەرەکان گرنگى زیاتریان پێبدەین، بۆ ئەمەش داواى لێکردن پرۆژەیان بۆ پێشخستنى سێنتەرەکان بخەنەڕوو.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا بیرو ڕا و پێشنیاز ئاڵوگۆڕکرا لەبارەى دانانى پلانى داهاتووى سێنتەرەکان و داڕشتنەوەى شێوازى کارکردنى سێنتەرەکان.