Nov 2016

دوو به‌شی زانستی سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی لە پێنجوێن كرایه‌وه‌

دوو به‌شی زانستی سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی لە پێنجوێن كرایه‌وه‌1

پێنجوێن: كۆنفرانسی زانستی (مه‌لا عبدالرحمانی گه‌وره‌ی پێنجوێنی) به‌ڕێوه‌چوو:

به‌ ئامانجی زیندوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م و كه‌له‌پوری زانایان و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ژیان و به‌رهه‌م و كه‌سایه‌تییه‌ كاریگه‌ره‌كانی ناو مێژووی زانست و ساغكردنه‌وه‌و ده‌ستخه‌تی زانایانی كورد، به‌ دروشمی (مه‌لا عبدالرحمنی گه‌وره‌ی پێنجوێنی عه‌للامه‌یه‌كی ئه‌وساو سه‌رمه‌شقی ئێستا)، كۆنفرانسێكی زانستی نێوده‌وڵه‌تی له‌ قه‌زای پێنجوێن به‌ڕێوه‌چوو.

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه ڕێکەوتى‌ 15ی حوزه‌یرانی 2019 به‌ ئاماده‌بوونی د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و پارێزگارى سلێمانى و ژماریەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایانی زانكۆو ئاینی و توێژه‌رانی ناوخۆی كوردستان و ووڵاتی ئێران، دوە‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی به‌هاوبه‌شی ‌زانكۆی سۆران و قائیمقامیه‌تی قه‌زای پێنجوێن.

لە وتەیەکدا د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌نجامدانی كۆنفرانسه‌كه‌ی به‌ گرنگ و پڕبایه‌خ له‌قه‌ڵه‌مداو ڕایگه‌یاند به‌زیندوو هێشتنه‌وه‌ی نوسین و به‌رهه‌مه‌ مێژوییه‌كانی زانایان و نوسه‌رانی كورد گرنگی خۆی هه‌یه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنی دوێنی و ئه‌مڕۆ كاریگه‌ری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ له‌سه‌ر دیدو ڕوانین و ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری تاك و كۆمه‌ڵگه‌ خاڵێكی ئیجابیه‌، هەروەک جەختیشى کردەوە گرێدانی زانكۆو ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان به‌ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ هه‌نگاوێكی مه‌زنه‌ به‌ئاراسته‌ی زیاتر هۆشیاركردنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕۆڵی زانای كورد و عه‌للامه‌ی كورد مه‌لا عبدالرحمانی گه‌وره‌ی پێنجوێنی به‌ كاریگه‌رو پڕ بایه‌خ وەسفكردو بۆچون و دیدو ڕوانینه‌كانی له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌و كه‌لام و مه‌نیق و حیكمه‌ت و زانستی ئاداب له‌كاتی خۆیداو تا ئێستاش به‌ دیدێكی سه‌رده‌میانه‌و زانستیانه‌ داناو ڕایگه‌یاند نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌توانن سوودی باش له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و زانایه‌و زانایانی دیکە وه‌ربگرن. له‌كۆتایشدا ده‌ستخۆشی له‌ ڕێكخه‌رانی كۆنفرانس‌ كردو هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن.

پاشان وتاری هەریەک لەپارێزگاری سلێمانی و بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا عبدالرحمانی گه‌وره‌ی پێنجوێنی و سه‌رۆكی زانكۆی سۆران پێشكه‌شكران و ده‌ستكرا به‌ پێشكه‌شكردنی توێژینه‌وه‌كان، کە توێژیەوەکان تایبەت بون بە جیاوازی ژیان و نوسین و به‌رهه‌مه‌كانی (مه‌لا عبدالرحمانی گه‌وره‌ی پێنجوێنی)، واش بڕیارە كۆنفرانسه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ له‌ قه‌زای پێنجوێن به‌رده‌وام ‌بێت.

 

پێنجوێن: دوو به‌شی زانستی سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرایه‌وه‌:

لەلایەکى دیکەوە به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون و به‌دواداچوونی كردنه‌وه‌ی دوو به‌شی زانستی له‌ قه‌زای پێنجوێن، د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ یاوه‌ری سەرۆکى زانکۆکانى سلێمانى و پۆلیتەکنیکى سلێمانى و سۆران و کۆمار قه‌زای پێنجوێن-یان به‌سه‌ركرده‌وه‌و سه‌ردانی هه‌ردوو به‌شی زانستی (په‌رستاری و كارگێری)یان كرد كه‌سه‌ر به‌ په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانیه‌.

له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌دا خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌رجه‌م هۆڵه‌كانی خوێندن و به‌شه‌كانی خوێندنی باڵای له‌قه‌زای پێنجوێن به‌سه‌ركرده‌وه‌و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ ته‌واوبوونی بینای خوێندن و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندن و ڕایگه‌یاند هه‌رچی له‌ده‌ستمان بێت بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی پێنجوێن و ده‌وروبه‌ری درێغی ناكه‌ین و هه‌میشه‌ پشتیوانیان ده‌بین.

له‌ ووته‌یه‌كیدا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئاماژەى بۆ ئەوە کرد له‌سه‌ر بڕیاری جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى لە پارساڵەوە ده‌ستمانكردوە به‌ ئاماده‌سازی بۆ كردنه‌وه‌ی دوو به‌شی زانستی كه‌ هه‌ردوو به‌شی (په‌رستاری و كارگێڕییه‌) له‌ قه‌زای پێنجوێن.

جێگەى ئاماژەیە وا بڕیارە ئه‌م دوو به‌شه‌ زانستییه‌ بۆ ساڵى خوێندنی (2019-2020) خوێندكار وه‌ربگرێت. کە ئه‌مەش‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییه‌ به‌ ئاراسته‌ی گه‌وره‌تركردنی ئه‌م پرۆژه‌یەو خزمه‌تگه‌یاندن به‌ خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌و خوێندكاران.