Nov 2016

کۆمیتەیەکى هاوبەش بۆ پەیوەندییە ئەکادیمیەکانى نێوان ئێران و کوردستان پێکهات

IMG_5543.jpg

 د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانى نێوان کوردستان و ئێران مێژوەیەکى قوڵى هەیەو لە سەردەمى شۆڕشى کوردییەوە تا دامەزراندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان, کۆمارى ئیسلامى ئێران پاڵپشتى شۆڕش و گەل و حکومەتى کوردستان بووە, لە ڕابردودا پەیوەندییەکانى نێوانمان زۆربەى لایەنەکانى گرتبوەوە جگە لە خوێندنى باڵا, بەڵام خۆشبەختانە ئەوا خەریکە بەردى بناغەى ئەو پەیوەندییەش داڕێژرا.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان لە میانەى دیدارێکیدا لەگەڵ د.محمد فەرهادى وەزیرى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران هات, کە لە ڕۆژى دووشەممە, ڕێکەوتى (٢٤.٤.٢٠١٦)  لە دیوانى وەزارەت لە تارانى پایتەخت بەڕێوەچوو.

لەو دیدارەدا. د.محمد فەرهادى ڕایگەیاند: دواى گەڕانەوەى وەفدەکەمان لە کوردستان, خۆشحاڵ بون بەو کارانەى کە ئەنجامیان دابوو, ئەوەش بووە مایەى خۆشحاڵى من کە لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بوارى خوێندن و توێژینەوە هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ یەکتر بکەین, ڕونیشیکردەوە کە سەرجەم زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى پێیان خۆشە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان فراوان بکەن, بەهەمان شێوە زانکۆکان بەپەرۆشن کە زەمالەى خوێندن پێشکەش بە خوێندکارانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکان بکەن, هەروەک خۆشحاڵى خۆشى بەئەنجامى کۆبونەوەکانیان لەگەڵ زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران نیشاندا کە لە دیوانى وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیا بەڕێوەچوو. ئەوەشى ڕاگەیاند: زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە بوارى توێژینەوەو تەکنەلۆجیا زۆر باشن و هیواى خواست سود لە ئەزمونەکانیان وەربگرن.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا کە د.سالار ئامولى بریکارى وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیا و سەرۆکى زانکۆکانى کوردستان و ژمارەیەک لە زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەیبون, د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆى بەو پێشوازییە گەرمە پیشاندا, وتى: پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران پەیوەندییەکە ڕەگێکى مێژوى قوڵى هەیە, لە قۆناغە مێژوییە جیاکان ئێران هاوکارى شۆڕش و حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە هەموو بوارەکاندا کردوە, بەڵام کەمتر لە بوارى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بووە, بۆیە ئەخوازین ئەمە سەرەتاییەکى باش بێت بۆ ئەو هاوکارییە.

د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: کە وەک هەرێمى کوردستان دەخوازن سود لە ئەزمونى سەرکەوتى کۆمارى ئیسلامى ئێران وەربگرن بەتایبەت لە بوارى پزیشکى, تەکنیکى, ئەندازیارى. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى سەربارى ئابڵوقەى ئابورى, بەڵام ئێران توانى پشت بەخۆى ببەستێت و پێشکەوتنى گەورە لە بوارى تەکنەلۆجیا و زانست بەدەست بهێنێت. ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەم پەیوەندییانەى کە ئەمڕۆ بناغەکەی چوە بوارى جێبەجێکردنەوە ئایندەیەکى گەشى دەبێت و, وەک حکومەت و وەک وەزارتیش پێمان خۆشە ئەو پەیوەندییانە بەهێز و پتەوتر بکەین, بۆیە بەهۆى ئەوەى نیازى هەردوو لا باشە, ئایندەى پەیوەندییەکان زۆر باش دەبینم.

لە کۆتایى دیدارەکەشدا بڕیار لەسەر پێکهێنانى کۆمیتەیەکى هاوبەشى هەمیشەى درا, بۆ بەدواداچون و جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێکەوتنامەکەو ئەو بابەتانەى بڕیارییان لەسەر دراوە, هەروەک کۆمیتەکە کار دەکات بۆ فروانکردنى بازنەى پەیوەندییەکان و بەردەوامپێدانیان لە داهاتودا.

لە کۆتیشدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تابلۆیەکى هونەرى شێوەکارى خوێندکارانى کۆلێژى هونەرى زانکۆى سلێمانى  کە گوزارشتى لە ئاوارەیى کورد دەکرد پێشکەش وەزیرى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیاى ئێرانى کرد, لەگەڵ تابلۆیەکى زانکۆى سەڵاحەددین کە گوزارشتى لە قەڵاى دێرینى هەولێر دەکرد بەهەمان شێوە پێشکەشى د.محمد فەرهادى کرد.