بەدروشمی ( پێشمەرگەی زانستین ) ڕێوڕەسمی ئاهه‌نگی چوارەمین خولی دەرچوانی زانکۆی ڕاپەڕین لە هۆڵى زین له شاری ڕانیه به‌ڕێوه‌چوو.
له‌و ئاهه‌نگه‌دا كه بە ئامادەبوونى "پ.د.کەریم عەبدول" نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى و سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین و قائیمقامی ڕانیە و ژمارەيەكى زۆر لە كەسايەتى ناوچەکە و مامۆستایان و كه‌س وكاری ده‌رچوان به‌ڕێوه‌چوو، چه‌ند وته‌یه‌كی تێدا پێشكه‌ش كرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە به‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی کەژاوەی ده‌رچووان و مامۆستایانی زانكۆ و ئەنجومەنى زانکۆى ڕاپەڕین ده‌ستی پێكرد، پاشان ئاماده‌بوان ساتێك بە بێدەنگی بۆ گیانی شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاری كوردستان وەستان، دواتر چه‌ند ئایه‌تێك له قورئانی پیرۆز خوێندرایه‌وه.
هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه "پ.د.کەریم عەبدول" ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا وتەی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پێشکەش کرد.
لە وتارەکەیدا دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان و خانەوادەکانیان، سوپاسى شەونخونی مامۆستایانی کرد بۆ پێگەیاندن و گۆشکردنى پۆلێک نەوەی نوێ لەدەرچووانی زانکۆ بە زانست و زانیاری سەردەم، لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا کورتەیەکى لە بارەى مێژووى خویندنى باڵا لە کوردستان و ئەو گەشەکردنەى کە لەدواى ساڵى نەوەدەکانەوە بەخۆیەوە بینیوە بۆ ئامادەبوان خستەڕوو، ڕایگەیاند: زانکۆى ڕاپەڕین هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە گەشەیەکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینوەو چەندین فاکەڵتى و بەش و پسپۆڕى لەخۆگرتووە کە گرنگى تایبەتیان هەیە بۆ هەرێمى کوردستان.
سەبارەت بەسیاسەتى ئێستای وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى "پ.د.کەریم عەبدول" وتی: لە ئێستادا وەزارەتى خوێندنى باڵا گرنگى زیاتر بەکواڵیتى خوێندن لە زانکۆکان دەدات، لەو بوارەشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى هەنگاوى ناوە بۆ جێبەجێکردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان، هەر لەو چوارچێوەیەدا گرنگى زیاتر دەدات بەپڕۆسەى دلنیایى جۆرى و تویژینەوەى زانستى.
لە کۆتایى وتارەکەیدا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا پیرۆزبایی وەزارەتى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى زانکۆى ڕاپەڕین کرد کە زۆر بەپەرۆش و دڵسۆزانە هەوڵیانداوە بۆ ڕەخساندنى کەش و هەواى لەبارو دابینکردنى پێداویستیە زانستییەکان بۆ پێگەیاندنى ئەو پۆلە لە دەرچوان، هەروەک پیرۆزبایى ئاڕاستەى خانەوادەى دەرچووان کرد کە ئەوپەڕى هەوڵیان داوە بۆ پێگەیاندنى نەوەکانیان، لەهەمان کاتدا پیرۆزباى لە دەرچوانیش کرد کە توانیان ئەو دەسکەوتە گەورەیە بۆخۆیان بەدى بهێنن، هیواشى خواست لە ژیانى ئایندەیاندا پێگەى خۆیان لە نەخشەى ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى کوردستان بەپێیى پسپۆڕییەکانیان دیارى بکەن.
له به‌شێكی دیكه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌دا پ.د.محمد علی سەرۆكی زانكۆی ڕاپەڕین وتەیەکی پێشكه‌ش كرد و بەخێرهاتنی گەرمی سەرجەم میوانانی ئاهه‌نگه‌كه‌ی كرد و پیرۆزبایی خۆی ئاڕاسته‌ی ده‌رچوان کرد.
هه‌ر له وته‌كه‌یدا باسی لە مێژوی بەرخودانی گەلی کورد کرد، پاشان گرنگی ناوەندێکی ئەکادیمی وەک زانکۆی ڕاپەڕین بۆ ئامادەبوان خستەڕوو، کە بەردەوام ژینگەیەکی زانستی لەدەڤەرەکە بۆ پەروەردە و فێربوون ده‌سته‌به‌ر کردوە و، بەیەکسانی دەرگای خوێندنیان واڵا بۆ هەمووان کردوە تا بەشداری لە پێشخستن و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا بكه‌ن .
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا پ.د.محمد علی باسی لەو گرفتانە کرد کە بونەتە لەمپەر لەبەردەم پێشکەوتن و پەرەپێدانی زانکۆکه‌یان بە تایبەت گرفتی نەڕەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگه‌کان، وتیشی : کەرتی خوێندنی باڵا و ئەم دەزگایانە پێویستی بە ڕێفۆرمی بەردەوام هەیە، له‌هه‌مان كاتدا دەبێت زانکۆکان سەربەخۆ لەڕوی کارگێڕی و دارایی و زانستییەوە بکرێن تا ڕۆڵێکی پێشەنگ بگێڕن لە گۆڕانکارییهكان بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی پڕۆگرامەکان و گونجاندنیان لەگەڵ بازاڕی کاردا.
هه‌ر له‌و ئاهه‌نگه‌دا د.هێرش ڕه‌سول یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و، سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئاهه‌نگی ده‌رچووان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵا وێڕای به‌خێرهێنانی گه‌رمی میوانه‌كان و پیرۆزبایكردن له ده‌رچوو، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، كه ئه‌مڕۆ به‌ری ڕه‌نج و ماندوبونی شەهیدەکان و پێشمەرگە قارەمانەکانە کە ئێستا کوردستان‌مان ئازادە، بههیمەتی مامۆستایانی دڵسۆز و ستافی کارگێڕیی زانکۆ و فاکه‌ڵتی و سکوڵ و به‌شه‌کان خه‌رمانێکی به‌پیتیان له بواره زانستییه‌که‌ی خۆیاندا کۆکردۆته‌وه، وتیشی: هیوادارین دەرچووانی زانکۆمان له چوارچێوه‌ی پسپۆرییەکانی خۆیاندا به‌شداری كارا له بووژاندنه‌وه و بنیادنانی كوردستانێكی ئاوه‌دان بکەن.
هه‌ر له ئاهه‌نگی خولی (4)ی زانكۆی ڕاپه‌ڕین دا، وتاری نوێنه‌ری ده‌رچوان پێشكه‌ش كرا، دوای سوێندخواردنی ده‌رچوان، له سه‌ر داواكاری ڕاگری فاکەڵتى و كۆلێژه‌كان له‌لایه‌ن پ.د.محمد علی مەحمود سەرۆكی زانكۆی ڕاپه‌ڕین بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس به‌خشرایه (416) ده‌رچوی ساڵی خوێندنی ( ٢٠١٤-٢٠١٥) ، كه سەرجەمیان دەرچوی (١٠) بەش بون لە سێ فاکەڵتی و یەک سکوڵی زانکۆی ڕاپەڕین، له‌هه‌مان كاتدا خەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەلایەن "پ.د.کەریم عەبدول " بە "دە" یەکەمەکان لەسەر ئاستی زانکۆی ڕاپەڕین بەخشرا، به‌وه‌ش كۆتایی به‌ئاهه‌نگه‌كه هات.