لە بوارى خوێندنى کردارى و پیشەیى و ئەندازیارى پەرە بەپەیوەندییە ئەکادیمیەکانى كوردستان و ئێران دەدرێ

KOMARI ESLAMI ERAN

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کونسوڵى ئێران، بەهێزکردنى پەیوەندییەکان لە بوارى کەلتورى زمان و فەرهەنگى لە نێوان کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرد.

 تاوتوێکردنى ئەو تەوەرانە، ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٠/٧/٢٠١٧) د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکى لەگەڵ مورتەزا عەبادى سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر و وەفدێکى هاوڕێى هات.

 لە دیدارێکدا کە د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى دیوانى وەزارەت و، د. رەزا حسن حسین سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و، د. أحمد فتح اللە بەڕێوەبەرى نوسینگەى کەرکوکى-ى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى زیاتر پتەوکردن و بەرەوپێشچونى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا کرد بەتایبەت دواین هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى ڕێکەوتننامەى نێوان وەزارەتى زانست و تەکنەلۆژیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

لە سەرەتاى دیدارەکەدا، مورتەزا عەبادى سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر خۆشحاڵى خۆى بەو سەردان و پیشوازییە دەربڕى، هەروەک باسى لە دواین هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى ڕێکەوتنامەى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى زانست و تەکنەلۆژیاى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى کرد،  وتیشى ئەمڕۆ هاتوین بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانمان لە بوارى ئەکادیمى زیاتر بەرەوپێشبەرین.

پاشان سەرۆکى زاانکۆى مەشەهد کورتەیەکى لەبارەى دۆخى خوێندنى باڵا لە کۆمارى ئیسلامى ئێران و زانکۆکەیان پێشکەشکرد و، وتى: لەماوەى دو دەیەى ڕابردودا زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران پێشکەوتنى گەورەیان بەدیهێنا و، ئێستا ئێران هەڤدەهەمین وڵاتە لە بوارى پێشکەوتنى زانستى لەسەر ئاستى جیهان. سەبارەت بەزانکۆکەشیان وتى: زانکۆى مەشهەد لەماوەى چەند ساڵى ڕابردودا ژمارەیەکى زۆرى مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان ڕویان تێکردوە، ئەو سەردانانەش تەنها پەیوەست نەبون بە بوارى بەزمان، بەڵکو پەیوەندى بەبوارەکانى دیکەى زانست و پەیوەندییە زانستیەکان هەبوە.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان وتى: خۆشەبختانە لەم ساڵانەى دواى پەیوەندییەکانمان هەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێ، وتیشى ئێمە لە زۆر بوار پەیوەندى ستراتیژى و گەورەمان هەبوە، بەڵام لە ڕابردودا بوارى خوێندنى باڵا وەک پێویست نەبوە، ئێستا ئەو بوارەش هەنگاوى باشى ناوە، بۆ نمونە لە ماوەى ڕابردودا توانیمان بەهاوکارى یەکتر بەشى فارسىی لە زانکۆى سلێمانى بکەینەوە، هەروەها هاوکارى بەشى فارسى زانکۆى سەڵاحەددین کردوە بەتایبەت لە خوێندنى ماستەر و دکتۆرا، ئەوە جگە لەوەى وەفدێکى زانکۆکانمان بەشدارى خولى بەهێزکردنى زمانى فارسیان لە زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران کردوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕونکردەوە، لە ساڵانى پێشتر زمانى فارسى لە کوردستان زۆر بەهێز بوە، د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: فێربونى زمانى فارسى تەنها پەیوەست نیە بەلایەنى فەرهەنگى، بەڵکو پەیوەستە بەلایەنى کۆمەڵگایی، چونکە فێربونى زمانى فارسى گرنگە بۆ ئاشنابون بەهزرى میانڕەوى، لەو سۆنگەیەشەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئێمە زۆر پشتگیرى بەهێزکردن و فێربونى زمانى فارسى دەکەین، بۆ ئەوەش هیواى خواست زانکۆکانى کوردستان و ئێران پرۆژەى کەلتوریان لە کوردستان هەبێ  بەتایبەت لەسەر ئەدیب و شاعیر و نوسەرە کوردەکان، ڕونیشیکردەوە ئەو بۆنە کەلتوریانە کاریگەرى زۆرى لەسەر ژینگەى کۆمەڵایەتى گشتى دەبێ، لە هەمان د.یوسف گۆران پێشنیازیکرد سێنتەرى زمانى فارسى هاوشێوەى سێنتەرى نێودەوڵەتەکانى زمانى ئینگلیزى لە کوردستان بکەنەوە.

لە تەوەرێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى  هیواى خواست لە بوارەکانى خوێندنى کشتوکاڵى و سەرچاوەکانى ئاو و ئەندازیارى و خوێندنى پیشەیى و کردارى و وزە هاریکارى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بکەن، وتیشى دیدگاى وەزارەت ئەوەیە کارەکانمان بەو ئاراستانە بەهێز بکەین، لە کۆتایشدا ئامادەی وەزارەتەکەى بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک و پاڵپشتى بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان لە بوارى خوێندنى باڵا دوپات کردەوە.