بەمەبەستى ئەنجامدانى مەشق و ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ژمارەیەک زانکۆى هەرێمى کوردستان لە بوارەکانى دڵنیایى جۆرى و حوکمڕانى لە پرۆسەى بۆلۆنیا، یەکێتى ئەوروپا فەندى یەک ملیۆن یۆرۆ دەداتە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
فەندەکە لە ڕێگەى بەرنامەی ئیراسمۆس پڵەس CBHE,KA2 پرۆژەی دیاریکردن (APPRAISAL) دەبێت، کە بریتییە لە ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتى خوێندنى باڵا و هەشت زانکۆی هەرێمى کوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ لە بوارەکانى دڵنیایی جۆری و حوکمڕانی لە پرۆسەی بۆڵۆنیا.
سەنتەری ئیڕاسمۆس پڵەس لە زانکۆى دهۆک دەستپێشخەری پڕۆژەکەى کردوەو دواتریش لە ساڵى پار بەرزکراوەتەوە بۆ دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەت. بۆ ئەمەش هەریەک لە دەزگای سەرپەرشتی ودڵنیایی جۆری و زانکۆی دهۆک و سەنتەری ئیراسمۆس پڵەس و یونیمێدی ئیتاڵی لەنزیکەوە کاریان کرد لەسەر پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵێکی سەرکەوتو بۆ پرۆژەکە.
سەرەنجام ڕەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنى (فەندەکە) بۆ پرۆپۆزەڵی دیاریکردن (APPRAISAL ) کە بودجەکەى لەلایەن یەکێتی ئەوروپا تەرخانکراوە، هەروەها یونیمێدی ئیتاڵی لایەنی سەرەکی و هەماهەنگی پڕۆژەکەیە لە ئەوروپا.
لەو چوارچێوەیەشدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایى و دەستخۆشى لە لایەنە بەشدارەکانى ئەم پرۆژەیە کرد، بەتایبەت دەستپێشخەرى زانکۆى دهۆک لەگەڵ دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى بۆ سەرکەوتنى پرۆژەکە و وەرگرتنى فەندى یەکێتى ئەوروپا بۆ سود و بەرژەوەندى فەرمانبەران و بەرزکردنەوەى توانا مرۆییەکانى نێو وەزارەت و زانکۆکانى کوردستان.
د. ئارام محمد قادر جەختیشى کردەوە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەردەوام دەبێت بۆ هەماهەنگى لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستى دابینکردنى فەند لە بوارى جیا جیا بۆ دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لە بوارەکانى توێژینەوەو مەشق و ڕاهێنان و جێبەجێکردنى بەرنامە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆکانى کوردستان.
جێگەى ئاماژەیە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان یەکێک لەو١٦٤فەندەى بۆ دەرچوە کە بۆ وڵاتانى جیهان تەرخانکراوە، لە ئێستاشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا چاوەڕوانى دەستپێکردنى قۆناغى یەکەمى پرۆژەکە دەکات لە (٢٠٢٠/١٠/١٥)، زانکۆ بەشدارەکان لەم پرۆژەیە بریتین لە زانکۆکانی، (دهۆک، زاخۆ، پۆلیتەکنیکی دهۆک، سەڵاحەددین، سلێمانی، هەڵەبجه، چەرمو، گەرمیان).