لە کۆبونەوەى نێوان وەزارەتەکانى خوێندنى باڵا و پەروەردە بڕیار لەسەر چەند پرسێکى هاوبەشى نێوان هەردولا درا، بڕیاریشدرا کۆنفرانسێکى زانستى هاوبەش بۆ بابەتە پەیوەندیدارەکان ئەنجامبدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (١٠/٣/٢٠٢٠) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە، کۆبونەوەى هاوبەشى نێوان هەردو وەزارەت بە بەشدارى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى بەڕێوەچو.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە کۆبونەوەى هاوبەشى نێوان هەردو وەزارەت کە تایبەتە بەتاوتوێکردنى پرس و بابەتە هاوبەشەکانى نێوان هەردو وەزارەت. بۆ ئەمەش وتى: تێگەیشتنى تەواومان بۆ گرفتەکانى هەردو کەرتى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە کوردستان هەیە، بۆیە هەردو وەزارەت بەیکەوە دەتوانن باشتر لە بارودۆخە تێبگەن و بۆ ئەوەى بە دیدو روئیایەکى هاوچەرخ بتوانین بەسەر کێشەکان زاڵ بین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. دوپاتیشیکردەوە بونى هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوام و ئاڵوگۆڕى بیروڕاکان هاوکارمان دەبێت بۆ پێشخستنى زیاترى کەرتى پەروەردەو خوێندنى باڵا.
لە لایەن خۆیەوە ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە دواى بەخێرهێنانى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا، پێشنیازى بەردەوامى دان بە کۆبونەوەکانى نێوان هەردولا بەشێوەیەکى دەورى بەگرنگ زانى، بۆ ئەوەى بەپێى بابەت و پێویستەکانى نێوان هەردو وەزارەت کۆبونەوەى بەردەوام ئەنجامبدرێت.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند بڕیارێکى گرنگ لەبارەى بابەتە هاوبەشەکانى نێوان هەردولا بڕیاریان لێدرا:
- بەمەبەستى ئەنجامدانى بەرزکردنەوەى ئاستى کوالێتى خوێندن لە ناوەندەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردە، هەردو وەزارەت ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى بۆ خولى داهاتوى ڕاگەیاندنى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان، مامۆستایانى میلاکى وەزارەتى پەروەردە کورسى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا تایبەت بە خۆیان بۆ دیاری بکرێت بەشێوازى گشتى و پارالێل و نەچنە کێبڕکێەوە، ئەوەش لەسەر بنەماى پێداویستى وەزارەتى پەروەردەو تواناى وەرگرتنى زانکۆکان دەبێت.
- بڕیاردرا بەگوێرەى توانا بۆ تاقیکردنەوەى گشتى قۆناخى ١٢ى ئامادەیى سود لە هۆڵەکانى زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان وەربگیرێت.
- بڕیاردرا کۆنفرانسێکى هاوبەش لەلایەن وەزارەتى پەروەردەو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجام بدرێت سەبارەت بە چەند پرسێک.
- وەزارەتى پەروەردە لیستى ئەو مامۆستایانە ئامادە دەکات کە بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) دەیانەوێت درێژە بە خوێندنى بەکالۆریۆس بدەن لە کۆلێژە بنەڕەتییەکان و دواتر بەگوێرەى ڕێنمایى ئەم بابەتە ڕێکدەخرێت.
- بڕیاردرا کە بەشێوازێکى دەورى لەسەر ئەو پرسانەى کە هاوبەشن لەنێوان هەردو وەزارەت کۆبونەوەکان بەردەوامیان هەبێت.