وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رۆڵى ناوەندە ئەکادیمى و پیشەیى و زانستیەکان بۆ تەواوکارى کارو پرۆژەکانى کەرتى خوێندنى باڵا بەرزدەنرخێنێت و ڕایدەگەیەنێت: بەهاوبەشى ناوەندە ئەکادیمیەکان و ڕاوێژى مامۆستایانی كوردستان، ههوڵ بۆ پێشخستنى کەرتى خوێندنى باڵا دەدەین.
ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (٢٣/٢/٢٠٢٠) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دو دیدارى جیادا پێشوازیکرد لە سەرۆک و ئەندامانى یەکێتى مامۆستایان و سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە تیایدا هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون.
لە دیدارى لەگەڵ یەکێتى مامۆستایانى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە، مامۆستایان هاوشانى خەڵکى کوردستان و توێژەکانى دیکە بەشداربونە لە بەدەستهێنانى ئازادى و رزگارى بۆ گەلەکەمان و درێژەدان بە خەباتى زانست و پێگەیاندنى نەوەى تازە لەسەر رێبازى نەتەوەو کلتورى کوردستان، بۆیه مامۆستایان لهو رۆژگارهوه تا ئهمڕۆ پێشهنگی خهباتی دیموكراسی و رزگاری گهلهكهمان بونە.
د. ئارام محمد قادر وتیشى: رۆڵ و ئەرکى یهكێتی مامۆستایانی كوردستان وەک رێكخراوێكی پیشهیى بۆ نوێنهرایهتی مامۆستایان بهجیاوازی نهتهوهو ئاین و رهگهزو بیروباوهڕی سیاسی، جێگەى سوپاس و دەستخۆشیە، بۆیەش داواى لێکردن وهك ههمیشه ههوڵ بۆ بهدیهێنانی ئامانجەکان بدەین و، هاوبهشی یهكتر بین لهخزمهتكردنی بنهما گشتییهكان و بهدهستهێنانی ئامانجه باڵاكان و خزمهتكردنی زیاتر به بواری خوێندنی باڵا له كوردستاندا.
لە بەرامبەریشدا سەرۆک و ئەندامانى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان تەئکیدیان لە پەیوەندى و هەماهەنگى بەردەوامى یەکێتیەکەیان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا كردهوه، بۆ ئەوەش دەستخۆشى و ستایشى کارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵایان کرد بۆ بەرژەوەندى گشتى خوێندکاران و ڕەخساندنى زۆرترین دەرفەتى خوێندن و کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بۆ ئەمەش بەڵێنى پشتیوانى بەردەوامى وەزارەتیان ڕاگەیاند.
لە لایەکى دیکەوە لە دیداری لەگەڵ سەندیکاى پارێزەران، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: ئێمە دەمانەوێ پەیوەندیمان لەگەڵ سەرجەم سەندیکاو ڕێکخراوە پیشەییەکان بەهێز بکەین، چونکە سەندیکاو ڕێکخراوە پیشەییەکان باشتر ئاشناى جۆرو پێداویستیەکانى بازارى کارى کوردستانن، دواجار ئێمەش دەمانەوێ کەسانێک پەروەردە بکەین، کە بتوانین خزمەت بە خەڵکى کوردستان بکەین بەشێوەیەک ئاکامەکانى پرۆسەى خوێندن دەرچوان باشتر بۆ بازارى کارى کوردستان ئامادە بکات.
هەر لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى پێشخستنى خوێندنى یاسا لە زانکۆکانى کوردستان کرا، بەجۆرێک ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن بەشێوەیەک دابڕێژرێنەوە کە دەرچوان بتوانن لە کارى پرۆفیشناڵیاندا کارایى زیاتریان هەبێت.
لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کورتەیەکى لەبارەى بارودۆخى سەندیکاى پارێزەران و کارى پارێزەرى لە کوردستان خستەڕو.