وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکى گرنگ و مێژوییە بۆ خەڵکى کوردستان، یادى یەکەم پرشنگ و شەکانەوەى ئاڵاى کوردستانە لەکۆمارى کوردستان، ئەرکى سەرشانى هەموانە کار بۆ پاراستنى دەسکەوتەکانمان بکەین، بۆ ئەوەى بە ئەمانەتەوە ئەو ئاڵایە بەگاتە دەستى نەوەکانى داهاتوى خۆمان.
ئەم وتانەى (د.ئارام محەمەد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هاوشان لەگەڵ دەزگاو دامەزراوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان لەمیانەى بەڕێوەچونى مەراسیمێکدا هات، کە ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (١٧/١٢/٢٠١٩) لە ڕۆژى ئاڵادا لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو .مەراسیمەکە بە بەشدارى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و بەڕێوەبەر و فەرمانبەران، بەهەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەلایەن (د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى) دەستى پێکرد.
لەمیانى پێشکەشکردنى وتەیەکیشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکى گرنگ و مێژویە بۆ خەڵکى کوردستان، یادى یەکەم پرشنگ و شەکانەوەى ئاڵاى کوردستانە کەمێژوى هەڵکردنەکەى بۆ ٧٤ ساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە، دواى دروست کۆمارى کوردستان پێنج هەفتە دواى ئەو لەسەر سەرۆکایەتى شارەوانى ئەو شارە ئاڵای کوردستان شەکایەوە، د.ئارام محەمەد قادر وتیشى: راستە کۆمارى کوردستان تەمەنى تەنها یانزە مانگ بو، بەڵام لەدواى کۆمارى کوردستانیش تا ئێستا ئەو ئاڵایە هەر بەشەکاوەیى ماوەتەوە و دەمێنێتەوە ئەوەش لەسایەى خەبات و قوربانیدانى خەڵکى کوردستان.
وەزیرى خوێندنى باڵا ڕو لە ئامادەبوان وتیشى : خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم لێرە لەو ژینگە ئازادەى کوردستان ئەمڕۆ ئەو یادە دەکەینەوە، خوازیارم هەمومان بەگیانى برایەتى دەستکەوتەکان بپارێزین و بەگیانى لێبوردەیى نەهامەتیەکانى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستانمان لەبەرچاو بێت و پارێزەرى دەسکەوتەکان بین و کارى زیاتر بۆ بەرەو پێشتر بردنى کۆمەڵگەکەمان بکەین، چونکە ئەو ئەزمونەى ئێستاى هەرێمەکەمان درێژترین ئەزمونى حوکمى کوردایەتیە بۆیە لێپرسراوى پاراستنى دەسکەوتەکان سەرکردایەتى هەرێمى کوردستانە و ئەرکى سەرشانى هەموانە بۆ ئەوەى بە ئەمانەتەوە ئەو ئاڵایە بەگاتە دەستى نەوەکانى داهاتوى خۆمان.
لەکۆتایى وتەکانیشیدا د.ئارام محەمەد قادر بەبەرز باس کردنى ڕۆڵى پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان لەتەواوى قۆناغەکانى خەبات و مێژوى ڕزگارى خوازى گەلەکەمان ڕایگەیاند: ئەو دەسکەوتانەى بەدەستهاتون بەخوێنى شەهیدان و گیانى پێشمەرگە قارەمانەکانمان بوە ئەوان هەمیشە جێگاى شانازى ئێمەن.
جێگەى باسە پاڕلەمانى کوردستان لە ڕێکەوتى (١٧/ ١٢/٢٠٠٩) لەکۆبونەوەیەکى ئاسایى خۆیدا ئەم ڕۆژەى بە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان دیاریکرد، لەو کاتە هەمو ساڵێک لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان و دەزگا و دامەزراوە حکومیەکان مەراسیم و سمینار و چالاکى جۆراو جۆر و تایبەتى بۆ رێک ئەخرێت و شوێنه گشتییهكان و ناوهندهكانی خوێندن به ئاڵای كوردستان دەڕازێندرێنهوه.