بە ئامادەبونى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کونسوڵى کۆمارى میللى چین لە هەولێر، ڕێوڕەسمى ڕێزلێنان و بەڕێکردن بۆ شەش خوێندکارى کورد ڕێکخرا، کەتوانیویانە زەمالەى خوێندنى ماستەر لە زانکۆکانى وڵاتى چین بەسەرکەوتوى بەدەستبهێنن.
ئەمشەو چوارشەممە ڕێکەوتى (١٨/٩/٢٠١٩) بە ئامادەبونى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (نیی رۆتشی) كونسوڵی گشتی كۆماری میللی چین لە هەولێر و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى، ڕێوڕەسمێکى ڕێزلێنان و بەڕێکردن بۆ شەش خوێدکارى کورد بەڕێوەچوو، کە سەرکەوتو بون لە بەدەستهێنانى زەمالەى خوێندنى ماستەر لە بوارى ئەندازیارى و ئایتى لە زانکۆکانى کۆمارى میللى چین.
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لە پێشکەوتوى ئاستى زانستى و تەکنەلۆجى زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکانى وڵاتى چین کردەوەو بە بایەخەوە رۆڵى زانکۆکانى بۆ گەشەپێدانى زانست و زانیارى سەردەم بەرزنرخاند، بۆ ئەمەش هیواى خواست خوێندکارانى کورد بتوانن لە وڵاتى چین بەسەرکەوتوى پرۆسەى خوێندنەکەیان ئەنجام بدەن و ببنە پێشەنگ و سەرمەشقى خوێندکارى نمونەیى لە زانکۆکانى ئەو وڵاتەدا.
وابڕیارە لە چەند رۆژى داهاتودا هەر شەش خوێندکارى کورد بەرەو وڵاتى چین بەڕێبکەون و لە زانکۆکانى ئەم وڵاتە لە بوارى ئەندازیارى و ئایتى درێژە بە خوێندنى ماستەر بدەن.