وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى چوارەم ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان ڕادەگەێنێت.
لێژنەى باڵاى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایدەگەیەنێت: ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان یەکێک لەپڕۆژە گرنگ و کاریگەرەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، چونکە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە لە ماوەى ڕابردو کاریگەرى زۆرى خستۆتە سەر پێشکەوتنى زانکۆکان و، ئاشناکردنى زانکۆکان بەکۆمەڵێک بەهاى نوێ.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە: لەئێستادا کاروبارە تەکنیکى و تایبەتەکانى پەیوەست بە ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان بەشێوەیەکى سەرکەوتو بەڕێوەدەچێت و واش بڕیارە ئەمساڵیش لە ناوەڕاستى مانگى ئەیلول بۆ جارى چوارەم ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان ڕابگەیەنرێت.
لێژنەى باڵاى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان دوپاتیشى دەکاتەوە: پرۆسەى ڕیزبەندى زانکۆکان پشت بە (٧) پێوەرى سەرەکى و، (٤٧) پێوەرى لاوەکى دەبەستێت، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکان گۆڕانکاری زۆر گرنگی لەگەڵ خۆی هێنا، کلتوری کێبڕکێی زانستی تۆخکردەوەو، پێوەر و ستاندارد و کلتوری نوێی هێنایە ناو ئەزمونی ئەکادیمیای کوردستان.