لە مەراسیمى کردنەوەى پێشانگهى ناساندنى تواناى زانکۆکانى ئێران لەهەرێمى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان (٥٢٣) یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ (٤٧٧) دامەزراوەی ئەکادیمی لە (٧١) وڵاتی جیا جیا واژۆ کراوە، بەشی هەرەزۆری ئەم پرۆژانە بریتین لە پرۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لە سەر ئاستی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لەگەڵ ناوەندی ئەکادیمی نێودەوڵەتیدا.
ئەم راگەیاندنەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانى پێشکەشکردنى وتارێک هات کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى ١٩/١٢/٢٠١٨ لە مەراسیمى کردنەوەى پێشانگهى ناساندنى تواناى زانکۆکانى ئێران لەهەرێمى کوردستان پێشکەشى کرد، کە پێشانگاکە بەبەشدارى (٣٣) زانکۆ و دامەزراوەى ئەکادیمى و زانستى ئێران لەشارى هەولێر بەڕێوەچوو.
لەم پێشانگایەدا زانکۆکانى کوردستان، ئاشناى تواناو پێشکەوتنى زانکۆکانى ئێران دەکرێن
لەو مەراسیمەدا کە کنسڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر و نوێنەرى وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆژیاى ئێران و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و نوێنەرى ٣٣ زانکۆى کۆمارى ئیسلامى ئێران و مامۆستاو خوێندکاران و قوتابیانى هەرێمى کوردستان ئامادەیبوون، (د. ئەحمەد دزەیى) سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین لە وتەیەکدا ئاماژەى بە کردنەوەى پێشانگهى ئاستى زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران کردو رایگەیاند مەبەستمانە لەم چالاکیە گرنگەدا زانکۆکان ئاشناى تواناو پێشکەوتنى زانکۆکانى ئێران بکەین، چونکە زانکۆکانی ئێران لەم چەند ساڵەى رابردوو پێشکەوتنى بەرچاویان بەدەستهێناوە، بۆ ئەمەش سوپاس و پێزانینى ئاراستەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کونسوڵگەرى ئێران کرد بۆ رێکخستنى ئەم چالاکییە.
زانکۆکانی ئێران بۆ نیشاندانی تواناکانیان لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان هەماهەنگى دەکەن
لە وتەیەکدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵی خۆى نیشاندا بۆ پێشوازی لە ژمارەیەک لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی نیشاندانی تواناکانیان و ڕخساندنی دەرفەتی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان، بۆ ئەمەش وتى ئەم هەنگاوە بەرز دەنرخێنین و هیوامان وایە ببێتە مایەی گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
هەر لەوتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاس و دەستخۆشی لە زانکۆی سەلاحەددین کرد بۆ هەوڵ و ماندووبونیان لە ڕێکخستنی ئەم چالاکییە زانستییە.
بە نێودەوڵەتى کردنى زانکۆکان و توێژینەوە زانستییەکان لە ئەولەویەتمانە
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، کرانەوەو بە نێونەتەوەیی بوونی زانکۆکان و توێژینەوە زانستییەکان هەمیشە لە ئەولەویەتی وەزارەتەکەمان بووە، ئێمە باوەڕمان وایە کە کۆمەڵگای ئەکادیمی کوردستانی دەبێت لەگەڵ کۆمەڵگای ئەکادیمی نیودەوڵەتی پێکەوە گرێدراو بن، و زنکۆکانمان لە چوارچێوەی لۆکاڵی دەرچن و بە رووی جیهاندا بکرێنەوە و کۆمیونیتی مامۆستایان و خوێندکارانیان فرە رەنگ و فرە کەلتور بن.
چالاکى زانستى وەزارەت و زانکۆکانى کوردستان چین؟
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لە وتەکەیدا خۆشحاڵی خؤى نيشاندا کە لە ئێستادا تەنها لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان (٥٢٣) یاداشتی لێککەیشتن لە گەڵ (٤٧٧) دامەزراوەی ئەکادیمی لە (٧١) وڵاتی جیا جیا واژۆ کراون، لە نێویاندا (٣٧٧) پرۆژەی ئەکادیمی لەگەڵ (١٩١ دامەزراوەی زانستی نێودەوڵەتی) لە (٢٣) وڵاتی جیاجیا لە کاردان، بەشی هەرەزۆری ئەم پرۆژانە بریتین لە پرۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لە سەر ئاستی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لەگە ناوەندی ئەکادیمی نێودەوڵەتیدا.
د. يوسف گۆران ئاماژەى بۆ ئەوە کرد لە ماوەی ڕابردوو دا لە ڕێگای بەرنامەکانی تواناسازی و سپلت سایت و مۆڵەتی خوێندنەوە توانیومانە دەرفەتی گونجاو برەخسێنین بۆ ناردنەدەرەوەی قوتابیان و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات، بێگومان ئەم هەنگاوەش هەلی گەشەکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی فراوانتر دەکات.
سێ زانکۆى نێودەوڵەتى لقى زانکۆکانیان لە هەرێمى کوردستان دامەزراندووە
لەبارەى کردنەوەى لقى زانکۆ نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند لە ئێستادا سێ زانکۆی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان لقی زانکۆکانیان لە هەرێمی کوردستان دامەزراندووە کە بریتین لە زانکۆی ئۆستراڤای کۆماری چیک و زانکۆی سترادفۆردی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و زانکۆی (UTM) ی مالیزیا. کە خۆشبەختانە ئەم سێ لقە ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاران و لە ڕووی کواڵیتی و پرۆگرامی خوێندن و متمانەی نێودەوڵەتییەوە هاوشێوەی لقە سەرەکییەکانیانن، هەروەها لە دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی پالاتسکی لە کۆماری چیک پێیان ڕاگەیاندین کە ئەم زانکۆیەش بە نیازن بۆ ساڵی ئایندە بێنە کوردستان و لقی زانکۆکەیان دابمەزرێنن بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانی حکومەتی وڵاتەکەیان و پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپایان زامن کردوو.
د. يوسف گۆران ئاماژەى بۆ ئەوە کرد وەزارەتەکەمان کارئاسانی تەواو بۆ کردنەوەی لقی زانکۆ ئاستبەرزەکانی جیهان دەکات لە هەرێمی کوردستان، لە ئێستاش دا درافتی ڕێنمایی تایبەت بە کردنەوەی لقی زانکۆی نێودەوڵەتی لەلایەن وەزارەتەکەمان ئامادە کراوە و بەم زوانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە هەمان کاتدا یاسا کارپێکراوەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ سەرمایەگوزاری لە بواری کەرتی خوێندنی باڵا فەراهەم دەکات.
کوردستان و ئێران پەیوەندی مێژووی و کلتوری و ئابووری توندوتۆڵمان هەیە
سەبارەت بە پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و وڵاتى ئێران، د. یوسف گۆران رایگەیاند ئێمە بەردەوام دەبین لە فراوان کردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان، هیوامان وایە هاتنی ئەم پۆلە زانکۆیەش هەنگاوێکی دیکە بێت بۆ کرانەوەی زیاتر و توندوتۆڵکردنی پەیوەندی زانستی و ئەکادیمی. بە تایبەت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئێمە پەیوەندییەکی مێژووی و کلتوری و فەرهەنگی و ئابووری توندوتۆڵمان هەیە و هیوامان وایە کە بواری هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی خوێندنی باڵاش فراوانتر بکەین.
زانکۆکانی کوردستان سوود لەم دەرفەتە وەربگرن
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داواى لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها لە زانکۆکانی کوردستان کە سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، لە نزیکەوە گفتوگۆ بکەن و پلانی گونجاو بۆ هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی دابڕێژن، بە تایبەت لە بواری ئاڵوگۆری قوتابی و خوێندکار و مامۆستایان و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و کۆنفرانس و سیمپۆزیۆمی پێکەوەیی.
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى پێشانگهى ناساندنى تواناى زانکۆکانى ئێران لەهەرێمى کوردستان مورتەزا عەبادى كونسڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسی هاوكاری و هەماهەنگى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆى سەڵاحەدینى کرد بۆ دروستكردن و پەرەپێدانی پهیوهندییهكان لەگەڵ ههرێمی كوردستان. هەروەک لە وتەکەیدا بە داتاو ئامار تواناو ئاستى مامۆستاو زانکۆکانى وڵاتەکەى خستەڕوو.
ههر لهو مەراسیمەدا د.عبدالحهمید عهلی زاده نوێنهری وهزارهتی زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆژیاى ئێران باسى لە گرنگى ئەنجامدانى ئەم چالاکییە زانستیە کردو ئاماژەى بۆ ئەوەکرد زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بە خستنەڕووى تواناکانیان دەتوانن توناى زانستى و ئەکادیمى پێشکەش بە زانکۆکانى کوردستان بکەن و بتوانرێت بەم چالاکییە ئاڵوگۆڕى زیاترى نێوان هەرێم و ئێران پەرەى پێبدرێت.
جێگەى ئاماژەیە پێشانگەى ناساندنى تواناى زانکۆکانى ئێران لە هەرێمى کوردستان بە میواندارى زانکۆى سەڵاحەدین و هاوبەشى کۆنسوڵخانەى ئێران لە شارى هەولێر بەپاڵپشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆژیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران بەبەشدارى (٣٣) زانکۆ و دامەزراوەى ئەکادیمى و زانستى بەڕێوەدەچێت.
پێشانگاکە رۆژانى چوارشەممەو پێنج شەممە کراوە دەبێت و چەندین چالاکى هەمەجۆرى زانستى و ئەکادیمى تیایدا ئەنجام دەدرێت، ئەمە جگە لە خستنەڕووى ئۆفەرى تایبەت بۆ دەرچووانى ئامادەیى و دەرچووانى زانکۆکان تا بتوانن درێژە بە خوێندنى باڵا بدەن لە زانکۆ ئێرانییەکان بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامە.