دواى ئەوەى هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم و ناوەند یاداشتنامەى لێکگەیشتنیان لەبارەى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوولا ئیمزاکرد، یاداشتەكە چهندین تهوهری گرنگی لهخۆگرتوه, كە تایبهتن به بوارهكانی (ئهكادیمی و زانستی، توێژینهوه و مهشقكردن، ڕۆشنبیری و پهرهپێدان), دواى ئیمزاکردنى یاداشتەکەش پێویستە هەردوو وەزارەت لە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان و کابینەى تازەى حکومەتى عێراقى میکانیزم بۆ جێبەجێکردنى یاداشتنامەکە دابڕێژن بۆ پابەندبون و داڕشتنی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی سەرجەم برگەو مادەکان.
سەبارەت بەخاڵێکى نێو یاداشتەکە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى کێشەى کۆلێژە زانکۆییەکانى ناوچە جێناکۆکەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دواى ئیمزاکردنى یاداشتەکە ماناى ئەوە نیە بەبێ بونى مەرجى زانستى و کواڵێتى وەزارەتەکەمان متمانە بەو زانکۆیانە ببەخشێت، بەڵکو کێشەى ئەم زانکۆیانە پەیوەندیدارە بە ئاست و کواڵێتى خوێندن و پابەندبون بە مەرج و ڕێنماییە یاساییەکانی خوێندنی تایبەت كە لەگەڵ ستانداردەکانى خوێندن بگونجێت.
لە هەمانکاتیشدا لە یاداشتەکەدا هەمان ئەو مەرج و ڕێنماییانەى کە پێشتر جەختمان لەسەرى کردۆتەوە بۆ ئەم زانکۆیانە باسکراون, بۆیە كێشەى ئەو زانکۆیانە بەستراوەتەوە بە هەبوونى کواڵێتى خوێندن و جێبەجێکردنى مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لەم کۆلێژە زانکۆییانەدا.
لە کۆتایشدا بەپێویستى دەزانین بە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى و سەرجەم ئەو خوازیارانەى مەبەستیانە لەم کۆلێژە زانکۆییانە بخوێنن ڕابگەیەنین، کە بە وردی ئاگادارى هەموو ئەو مەرج و ڕێنماییانەى وەزارەتەکەمان بن, کە دایناوە بۆ وەرگرتن و دەستکردن بە پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا.