وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ئێزیدی و مه‌سیحیه‌كان به‌به‌شێكی سه‌ره‌كی له پێكهاته‌ی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌زانین، بۆیه ئه‌وه‌ی له توانادا بێ بۆ خزمه‌تكردن پێشكه‌شیان ده‌كه‌ین.
ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی (د.یوسف گۆران) وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ڕێكه‌وتی(23/10/2018) له میانه‌ی دیدارێكی له‌گه‌ڵ (د.به‌شیر حه‌داد) جێگری دوه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراق هات.
له‌و دیداره‌دا، كه به‌ئاماده‌بونی (د. داود سلێمان ئه‌تروشی) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ئه‌ندازه و پڕۆژه‌كان و، (شیروان دوبه‌ردانی) و (طوعمه اللهیبی) ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراق به‌ڕێوه‌چو، گفتوگۆ له‌باره‌ی بارودۆخی خویندنی باڵا له‌سه‌ر ئاستی ئێراق و هه‌رێمی كوردستان كرا.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، (د.به‌شیر حه‌داد) جێگری دوه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراق دوای ئه‌وه‌ی سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ی كرد، وتی له سه‌ردانه‌كانمان بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌ستمان پێكرد، وتیشی ئامانجمان له‌م سه‌ردانانه ئه‌وه‌یه، كه ده‌مانه‌وێ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له نێوان به‌غداد و هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: قوڵایی كاركردنی ئێمه به‌غداده، بۆیه ده‌بێ هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وان بین، له‌هه‌مان كاتدا به‌غدادیش به‌بێ هه‌رێمی كوردستان كاری پێ ناكرێ، له‌به‌رئه‌وه پێویست ده‌كات ئه‌و په‌یوه‌ندییانه باش بكه‌ینه‌وه، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراق ڕونیشیكرده‌وه وه‌ك چۆن پاڕله‌مان به‌دوداچون بۆ كێشه‌كانی هاوڵاتیان و جێبه‌جێكردنی یاساكانی بكات، به‌هه‌مان شێوه ئه‌ركیشمانه داكۆكی له به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانست و خویندن بكه‌ین.
له تهوهڕێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، باسی له‌و كێشه و گرفتانه كرد، كه له بواری خوێندنی باڵا له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد كرد، هیواشی خواست هه‌نگاوی په‌له بنرێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كۆیی كێشه‌كان، هه‌روه‌ك باسی له كێشه و گرفتی خوێندكارانی زانكۆكانی نه‌ینه‌وا له هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌تایبه‌ت خوێندكارانی ئێزیدی و مه‌سیحی، داواشیكرد وه‌زاره‌ت ده‌رفه‌تی درێژه‌دان به‌خوێندنیان له زانكۆكانی كوردستان بۆ بڕخسێنێ.
له به‌رامبه‌ردا، (د.یوسف گۆران) وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای به‌خێرهێنانی وه‌فدی میوان، باسی له هه‌وڵه‌كان كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند: له دواین سه‌ردانماندا بۆ به‌غداد له‌گه‌ڵ وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئێراق كۆبونه‌وه‌یه‌كی درێژمان ئه‌نجامدا، له‌سه‌ر چه‌ندین بابه‌ت گفتوگۆی چڕمان كرد و، تێگه‌یشتنی باش و هاوبه‌ش هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ڵام به‌شێك له كێشه‌كانمان له بواری خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ به‌غداد به سیاسی كراوه، وتیشی له میانه‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌ماندا یاداشتانامهیهكی لێكگهیشتنمان ئیمزا كرد، هه‌روه‌ك جه‌ختمان له‌سه‌رئه‌وه‌ش كردۆته‌وه هه‌ر خاڵێك له‌و رێككهوتنامهیهدا هاتبێ ئێمه پابه‌ندین بهجیبهجیكردنیان، له‌ناویشاندا دانان به زانكۆ تایبه‌ته‌كانی ناوچه جێناكۆكان، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته وه‌ك له ڕێككه‌وتنامه‌كه جه‌ختمان له‌سه‌ر كردۆته‌وه پێویسته میكانزمیك بۆ جیبهدێكردنی دابنرێ.
سه‌باره‌ت بۆ میوانداری خوێندكارانی موسڵ به‌تایبه‌ت ئێزیدی و مه‌سیحی، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی داعش ده‌رگای زانكۆكانمان به‌ڕوی خوێندكارانی ئێزیدی و مه‌سیحی و شه‌به‌ك به‌شێوه‌ی میوانداری كرده‌وه و، هه‌زاران خوێندكارمان وه‌رگرت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا بو كه دۆخی زانكۆكان له ڕوی داراییه‌وه زۆر خراپ بو، قه‌یرانی دارایش بهۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتبو، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: بۆ ئیستاش هه‌رچه‌نده توانای له خۆگرتنی زانكۆكان سنورداره و، به‌ڵام ئاماده‌ین ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه حاڵه‌تێكی تایبه‌تیان هه‌یه، یان هه‌ڕشه و مه‌ترسیان له‌سه‌ره و ناتوانن بڕۆنه‌وه، له ڕوی مرۆییه‌وه ده‌توانین هاوكاریان بین و به‌شێوه‌ی میوانداری وه‌ریان بگرین.
هه‌ر په‌یوه‌ست به چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی (د.داود سلێمان) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ئه‌ندازه و پڕۆژه‌كانی ڕاسپارد وه‌ك نوێنه‌ری وه‌زاره‌ت هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زانكۆكانی (دهۆك، زاخۆ، پۆلیته‌كنیكی دهۆك) و، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئیراق بكات بۆ ده‌ستنیشانكردنی پێداویستیه‌كان و دیاریكردنی توانای له‌خۆگرتنی هه‌ر زانكۆیه‌ك بۆ خوێندكارانی ئێزیدی و مه‌سیحی، وتیشی ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراقیش له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له به‌غداد بكه‌وێته گفتوگۆ بۆ دابینكردنی پیداویستیه‌كانی ئه‌و زانكۆیانه‌ی كه ئه‌و خوێندكارانه وه‌رده‌گرن.