وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ململانێی هەرە گەورەی سەدەی بیست و یەک بریتی دەبێت لە شەڕی دەستەبەرکردنی دەرفەتی کار، ئێمەش وەک دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لەبەردەم ئەرک و ئۆباڵی مێژوویدا دەبین، خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین بەرامبەر نەوەکانمان.
ئەم وتانەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانەى مەراسیمى ڕاگەیاندنى (ڕیفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لەزانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانى کوردستان) دا هات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە (29/8/2018) بەئامادەبونى د. عمرو عزت سلامه ئهمینداری گشتیی یهكێتیی زانكۆكانی عهرهب و، وهفدی هاوڕێی و، ڕاوێژکارانى وەزارەت و بەڕێوەبەرانى گشتى و سەرۆکى زانکۆ حکومى و تایبەتییەکانى کوردستان لەهۆڵى هۆتێل ڕۆتانا لەشارى هەولێر بەڕێوەچوو.
لەدەستپێکى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەکەیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بەرهەمى پڕۆژەیەکى زیندووى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى له زانکۆ پۆلیتەکنیکیهكانی هەرێمى کوردستان دەچنینەوە، ئەم ڕێوڕەسمەمان تایبەتە بە ڕاگەیاندنى ڕێفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لە هەرێمەکەمان.
د.یوسف گۆران وتیشى: خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە دیبەیتە گەرمەکانى چوار ساڵى ڕابردووى وەزارەتەکەمان بووە، بۆیه لەسەرەتاى دەستبەکاربوونیشمان تا ئێستا بەهاوکارى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان و هاوکارە نێودەوڵەتییەکان زۆر بەوردى هەڵسەنگاندنى بابەتیانەمان بۆ پڕۆسە و سیستمى خوێندنى تەکنیکى ئەنجامداوە، و گفتوگۆى وردمان دەربارەى هێڵەگشتییەکانى گۆڕانکارى لەخوێندنى تەکنیکى کردووە، وتیشى: لەم پڕۆژەیەشدا ژمارەیەک دامودەزگا و ڕێکخراوى جیهانى تێڕوانین و سەرنجى خۆیان پێشکەش کردووین، لە ئاکامدا بڕیارمان دا لیژنەیەکی بالا بۆ دیراسەکردن و بڕیاردان لەسەر ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی پێک بهێنین.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى سوپاسی زۆرى ئەم لێژنەیە دەکەم، کە توانیان بەوپەری لە خۆبردوویی و بەبێ وچان کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن و پڕۆژەیەکی زانستی و گونجاو بۆ ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی گەڵاڵە بکەن.
لەبارەى پڕۆژەکەش د.یوسف گۆران ئەوەى ڕاگەیاند کە: جێگهی خۆشحاڵییە ئەم پڕۆژەیە هەمەلایەنەو زۆربەی بوارەکانی خوێندن لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەگرێتەوە، بە تایبەت رێکخستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کارو گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان، هەروەها گرنگیدان بەو کارامەییانەی کە دەرفەتی کارکردن بۆ کادیرانی ناوەندی و تەکنیکی دەرەخسێنێت. ئەوەشى ڕوون کردەوە کە لەهەمان کاتدا بەپێی ئەم بەرنامەیە لەمەودوا سیستەمی خوێندن لە سەرجەم زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان لە رووی پرۆگرام و یەکەکانی خوێندن و ئاکامەکانی پرۆسەی خوێندن و فێرکردن و راهێنان بە تەواوەتی پەیڕەوی سیستمی بۆڵۆنیا دەکات و بابەتەکانی فاوندەیشن و زمانی ئینگلیزی و سۆفت سکڵ لە پاڵ خوێندن و راهێنان و دروست کردنی کارامەییە تەکنیکیەکان دەبێتە خەسڵەتی نوێی خوێندنی تەکنیکی لە زانکۆکانی کوردستان.
لەبارەى بڕوانامەى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانیش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئاستەکانی پێدانی بڕوانامەی پیشەیی گۆرانکاری بنەڕەتییان بەسەردا دێت، بەجۆرێک ئەم سیستەمە بتوانێت کادیری ناوەندی و تەکنیکی خۆماڵی بۆ بازاڕی کار ئامادە بکات، لەهەمان کاتدا ڕێچکەی تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵاش بۆ بوارە تەکنیکیەکان دەڕەخسێنێت، بە جۆرێک بەشە زانستییەکان دەتوانن پرۆگرامی بروانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا رێک بخەن.
ئاشکراشیکرد کە سیستمی نوێی خوێندن لەسەر بنەمای تێروانینی داهێنەرانە دادەریژرێتەوەو قوتابیان خوێندکارانیش لە رێگای پرۆگرامەکانی ( ئینتەنشیپ) بەبەردەوامی پەیوەندیان لەگەل بازاڕی کار دەبێت.
لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: دەبێت ئەو راستییەمان لە پێش چاو بێت کە وڵاتەکەمان لە ئێستا پێویستی زۆری بە کادیری تەکنیکی و ناوەندی هەیە، زۆر بواری تەکنیکی هەیە کە لە بازاڕی کاری هەرێمەکەماندا پشت بە دەستی کاری بیانی دەبەستێت ، بۆیە ئەرکی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکیەکە کە بتوانن بە وردی ئەو بوارانەمان بۆ پڕ بکەنەوە دەستی کاری خۆماڵی بۆ هەموو بوارەکانی کارامەیی تەکنیکی ئامادە بکەن.
هەروەک وتیشى: گرنگە ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان هەموو ساڵێک بە وردی دیراسەی پێداویستیەکانی بازاڕی کار بکەین، هەروەها بە زووترین کات پرۆژەی رووپێوی ساڵانە پێداویستی کارامەییە تەکنیکیەکانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی کارا وەڵامی پێداویستی بازاڕی کارو گەشەکردنی ئابووری هەرێم بدەینەوە.
لەبارەى پەیوەندیەکانى خوێندن بەکەرتى تایبەت و پیشەسازیش، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دەبێت پەیوەندی توندوتۆڵمان لەگەڵ کەرتی تایبەت و پیشەسازی هەرێم هەبێت، چونکە کارلێکی نێوان بازاڕی کارو دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا کلیلی گەشەکردنی ئابوری و رەخساندنی هەلی کارە بۆ دەرچووانمان، وتیشى: دەبێت لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنەوە دەرفەتی کۆنتاکتی نێوان قوتابیان و خوێندکاران و کەرتی تایبەت و پیشەسازی بڕەخسێنین، بەمەش دەرفەتی کارپەیداکردن و تەنانەت کار داهێنانیش زیاتر دەڕةخسێنین.
سەبارەى بەپێشکەوتنەکانى کۆمەڵگە و ململانێى وڵاتان بۆ دۆزینەوەى دەرفەتى کار، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەى نەشاردەوە کە ململانێی هەرە گەورەی سەدەی بیست و یەک بریتی دەبێت لە شەری دەستەبەرکردنی دەرفەتی کار، ئێمەش وەکو دامو دەزگاکانی خوێندنی باڵا لەبەردەم ئەرک و ئۆباڵی مێژوویدا دەبین، خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین بەرامبەر نەوەکانمان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەوەى ئاشکراکرد کە: هەموو شارەزایانی ئابوری لەسەر ئەو ڕاستیە کۆکن کە ١٠ ساڵی ئایندە گۆڕانکاری گەورە بەسەر پێداویستیەکانی بازاڕی کارو کارپەیداکردندا دێت بەهۆی کاریگەریەکانی شۆرشی پیشەسازی چوارهەم و ئاوێتەبوونی تەکنەلۆجیای فیزیکی و دیجیتاڵی و بایلۆجییەوە گۆرانکاری گەورە بەسەر پیشە و سروشتی کارو کارامەییەکانی بازاڕی کاردا دێت، بۆ ئەوەش وتى: پێشبینی دەکرێ تا ساڵی ٢٠٢٥ لە سەدا پەنجای پیشەکانی ئێستا نەمێنن و پیشەو کارامەیی دیکە جێگەیان بگرێتەوە، بە تایبەت گەشەکردی زیرەکی دەستکرد و بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیای رۆبۆتیکی پێشکەوتوو پرێنتەری سێ رەهەندی و ماتریالی نوێ بە تەواوەتی سروشتی بازاڕی کار لەسەرتاسەری دونیا دەگۆڕن.
لەژێر ڕۆشنایى ئەو بەرەو پێشچوون و گۆڕانکارییە پێشبینى کراوانە، د.یوسف گۆران وتى: بۆیە پێویستە نەوەی نوێ لە ئێستاوە لەسەر تواناو کارامەیی داهێنەرانە ڕابهێنین، ئەو کارامەییانەیان فێربکەین کە بتوانن لەگەڵ گەشەکردنی ئابوری و تەکنەلۆجی و سروشتی نوێی کاردا بە ئاسانی خۆیان بگونجێنن.
هەر لەوبارەیەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەگەرچی ئەم پرسانە پرسی جیهانی و گلۆباڵن، بەڵام بەهۆی خێرایی گەشەکردنی تەکنەلۆجییەوە بە ئاسانی کاریگەرییەکانی لەسەر سەرتاسەری دونیا دەردەکەون، بۆیە پێویستمان بەوەیە لە جاران زیاتر سیستەم و پرۆگرامی خوێندن لەگەڵ گۆرانکارییەکانی دونیا بگونجێنین.وتیشى: دەبێت ئامانجمان ئەوە بێت کە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بۆ هیچ کارامەییەک پێویستیمان بە دەستی کاری بیانی نەبێت، بەڵکو دەستی کاری خۆماڵی بە شێوەیەکی گونجاو ئامادەبکەین و نەوەیەکی چالاک و کار داهێنەر ئامادەبکەین.
سەبارەى بە ڕیفۆرمى پڕۆسەى خوێندنى تەکنیکیش لە هەرێمى کوردستان، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: پرۆسەی ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی پرۆسەیەکی داینامیکیە، بەردەوام توێژینەوەو داهێنان و نوێبوونەوەی دەوێت، نابیت تەنها لێرەدا بوەستین, بەڵکو دەبیت چاوکراوەو بەئاگابین بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوومان دەست و پێ سپی نەبێت، بتوانێت بە ئاسانی لە بازاڕی کاری ناوەخۆی و نێودەوڵەتی هەولێ بە دەستهێنانی هەلی کار بدات.
لەو ڕوانگەیەوەش وتى: هەر بۆیە وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بریارمان داوە کە گرانتێکی تایبەت بۆ توێژینەوەکانی بواری پێداویستیەکانی بازاڕی کار و کارداهێنان و نوێگەری تەرخان بکەین، داواکارین لە توێژەران سوود لەم گرانتە وەربگرن و بە توێژینەوەکانیان هاوکارمان بن بۆ پەرەپێدان سیاسەتی گشتی خوێندنی تەکنیکی.
لەکۆتایى وتەکەیدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: کاروانی ریفۆرم و گەشەکردن راناوەستێ، چونکە گەشەکردن و کێشەکان و داواکارییەکانی مرۆڤ نوێ و تازە دێنە پێشەوە، یەکێک لە پرۆژە گەورەکانی وەزارەت لە ئایندەندا دروستکردنی بانکێکی سەرچاوەکانی و زانیاری بۆ ئەکادیمستانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ پرکردنەوەی پێداویستیەکانی بازاڕی کار.
وتیشى: هیوادارم زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان بە وردی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکەن و بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی جێبەجێکردن و ئاستەنگەکانی ئەنجام بدەن، دووبارە دەستخۆشی لەسەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی دەکەم سوپاسی ئەنجوومەنی زانکۆکان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەکەم کە ماندوو بوون لە دارشتنی ئەم پرۆژەیە.
ههر لهو ڕێوڕهسمهدا، د.كاوه شێروانی سهرۆكی لێژنهی باڵای ڕێفۆرم له زانكۆ پۆلیتهكنیكهكان له سمینارێكدا هێڵه گشتیهكانی گۆڕانكارییهكانی باسكرد و، ئهوهشی ڕاگهیاند: ئهمساڵ (50%) گۆڕانكارییهكان جێبهجێ دهكهین، ساڵی داهاتوش (50%) كارهكانی دیكهی گۆڕانكارییهكه دهچنه بواری جێبهجێكردنهوه، بهوهش ههرێمی كوردستان له بواری خوێندنی تهكنیكی دهبێته خاوهت سیستمێكی هاوچهرخ و پیشكهوتوه، ئهوهشی ڕاگهیاند: له گۆڕانكارییهكاندا جهختی زۆر له بهستنهوهی زانكۆ بهبازاری كار كراوهتهوه.
له كۆتایی ڕێوڕهسمهكهدا، د. عمرو عزت سلامه ئهمینداری گشتیی یهكێتیی زانكۆكانی عهرهب وتارێكی پێشكهشكرد، له وتارهكهیدا دوای ئهوهی ستایشی كارهكانی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی كرد، ڕایگهیاند: ئهم گۆڕانكارییه ئهو تێڕوانینهی لهلا گهڵاڵه كردوم، كه له پشت ئهم گۆڕانكارییه گهورانهی له وهزارهت كراوه دیدگا و تێڕوانینێكی بههێز و جدی ههیه، بۆیه ئهم دهسكهوتانه له كوردستان له بواری خوێندنی باڵا بهدیهاتون.