لەچوارچێوەی دیدار و بەسەرکردنەوە زانستییەکانی وەفدی پەروەردە و خوێندنی باڵا-ی فنلاند، کە لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند ڕۆژێکە لەهەرێمی کوردستانن، ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتی (٢٣/٤/٢٠١٨) وەفدەکە بەسەرۆکایەتی (کارل هۆلم) ڕاویژکاری هەڵسەنگاندن لە ناوەندی هەڵسەنگاندنی پەروەردە و خوێندن لە فینلندا سەردانی زانکۆکانی دهۆک و پۆلیتەکنیکی دهۆک یان کرد، و دیداری زانستیان لەگەڵ هەریەک لە زانکۆی دهۆک و زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک ئەنجامدا.
وەفدەکە لەسەرەتادا سەردانی زانکۆی دهۆک یان کرد و لەگەڵ ئەنجومەنەکانی زانکۆی دهۆک و زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک کۆبوونەوە.
لەو دیدارە زانستییە جیایانەدا کە تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی دهۆک بەسەرۆکایەتی (د.موسڵح دهۆکی) سەرۆکی زانکۆی دهۆک، و ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بەسەرۆکایەتی (د. عەدنان محسن) ئامادەیبون، لەدوو سیمیناری جیادا لەبارەی مێژوی دامەزراندنی زانکۆکانیان و کارو پڕۆژە و بەرنامەی زانستیان بۆ ئێستاو داهاتوو کە یەکەمیان لەلایەن زانکۆی دهۆک، و سیمیناری دوەم لەلایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک پێشکەش کران، هەردوولا کورتەیەکیان لەبارەی زانکۆی دهۆک و زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و کارو چالاکی و بەرەوپێشچوونە زانستییەکانیان پێشکەشی ئامادەبوان کرد، هاوکات ئەوەشیان ڕونکردەوە لەچوارچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەت هەوڵی بەرەپێشچوونە زانستییەکان لەهەردو زانکۆکە بەردەوامن و بەوردی تیشکیان خستەسەر ئەو بەرەوپێشچوونانە، لەبارەی وەرگرتنی ژمارەی خوێندکاران لەزانکۆکانیان کە ساڵانە ژمارەکە لەهەڵکشاندایە و ژمارەی مامۆستایان و ژمارەی کۆلێژ و بەشەکانی ئەم زانکۆیانەیان خستەڕوو، ئەوەشیان ڕاگەیاند کە ساڵ دوای ساڵ لە هەردوو زانکۆکە بەشی تازە لەچوارچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەت دەكەنەوە. هاوکات ئاماژەیان بەو توێژینەوە زانستیانە و ئەو پڕۆژانەی زانکۆکانیان کرد کە لەماوەی ڕابردوودا پێشکەشیان کردون. هەر لە وتەکانیاندا ئەوەشیان ڕاگەیاند کە هەردوو زانکۆ پەیوەندییان لەگەڵ بەشێک لەزانکۆ جیهانیە بەناوبانگەکان بەستوە و سوود لە ئەزمونیان وەردەگرن و تائێستاش چەندین خوێندکار بەمەبەستی توێژینەوە و بەدەیتهێنانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا و بەشداری کردن لە کۆرو کۆنفرانسە جیهانییەکان سەردانی ئەو زانکۆیانەیان کردووە و بۆ ئەوەش داوایان لە وەفدی میوان کرد لەو چوارچێوەیە بەستنی پەیوەندی زانستی بەهێز بەردەوام وەفدی زانستی هەردوولا سەردانەکانیان بەردەوام بن بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندیە زانستیەی کە بنیادنراوە و بەهاتنی ئێوە بەرەو پێش دەچێت بەردەوام لەهەڵکشان دابێت.
هەر لەو دیدارە زانسیتانەدا، لەهەردوو زانکۆی دهۆک و زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک (کارل هۆلم) ڕاویژکاری هەڵسەنگاندن لە ناوەندی هەڵسەنگاندنی پەروەردە و خوێندن لە فینلندا لە سمینارێکدا کورتەیەکی لە بواری خوێندنی باڵا و پەروەردەی فنلاند باسکرد.
هەر لەو کۆبونەوانەدا، لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی هەردوو زانکۆی دهۆک و زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک چەندین پرسیار و سەرنج لەبارەی چۆنیەتی بوارەکانی هەماهەنگی و هاریکاری ئەو وڵاتە ئاراستەی وەفدی میوان کرا، ئەوانیش وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.