بەئامانجى هەڵسەنگاندنى هەنگاوەکانى سیستمى گۆڕینى خوێندنى یاسا لە کۆلێژەکانى یاسا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەیەک بەڕێوەچو.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمرۆ چوارشەممە، رێککەوتى (٢٥/١/٢٠١٧) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى وەزارەت، بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، تیایدا گفتوگۆ لەبارەى هەنگاوەکانى پڕۆسەى خوێندنى یاسا لە بەشەکانى یاسا کرا.
کۆبونەوەکە، کە بەئامادەبونى د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان و ڕاگرى کۆلێژەکانى یاسا لە زانکۆ تایبەت و حکومیەکان بەڕێوەچو ئەندامانى لێژنەکە چەند سەرەنجێکیان بۆ باشترکردنى هەنگاوەکانى گۆڕینى خوێندنى یاسا خستەڕو.
لە کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ستایشى کارەکانى لێژنەى گۆڕینى سیستمى خوێندنى کۆلێژەکانى یاساى کرد و وتى: گۆڕینى پڕۆگرامەکانى خوێندنى یاسا یەکێک بو لە پێداویستیە گرنگەکانى هەرێمى کوردستان، وتیشى لە ڕێگەى ئەم سیستمە نوێیەى کە داتان ڕشتوە دەتوانین کادرى لێهاتو بۆ بازارى کارى کوردستان ئامادە بکەین، بەتایبەت لە ئێستادا کە کوردستان بەرەو دنیا کراوەتەوەو، ژمارەیەکى زۆرى کۆمپانیا بۆ کارکردن ڕویان لە کوردستان کردوە، لەهەمان کاتدا ئەم گۆڕانکاریانە لەگەڵ پێشکەوتنەکانى سەردەمیش یەکانگیرە و، لە داهاتودا بەرهەمەکەى دەبینین.
د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: هاوشێوەى کۆلێژ و بەشەکانى یاسا، گۆڕانکارى و گرنگى زۆرمان بەبەشەکانى شوێنەوار، هونەرەجوانەکان، خوێندنى ئیسلامى داوە، بەهەمان شێوە گۆڕانکارى لە بەشەکانى سیاسەت-یش دەکەین.
پیداچونەوە بەسیستمى خوێندنى یاسا کە لە ساڵى پارەوە دەستى پێکراوە تەوەرى سەرەکى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ بو، بۆ ئەوەش و هەڵسەنگاندنى تەواو بۆ سەرجەم لایەنەکانى ئەو سیستمە تازەیە کرا و نەخشە ڕێى کارکردنى سێ ساڵى داهاتوش دانرا، لەو چوارچێوەشەدا پێشنیازى کردنەوەى یەکەیەکى تەکنیکى لە دیوانى وەزارەت بۆ سەرپەرشتیکردنى میکانزمەکانى جێبەجیکردنى ئەم سیستمە پەسندکرا.
یەکەمین بەشى یاسا لە ساڵى (١٩٠٨) لە بەغداد بەناوى کۆلێژى ماف لە ئێراق کراوەتەوە، لە ساڵى (١٩٣٦) یەکەم رێفۆرم لە بەشى یاسا لە ئێراق کرا، هەروەک لە ساڵى (١٩٧٦) دوەمین هەموارکردنەوە لە بەشى یاساکان لە ئێراق کرا، بەخۆشحاڵیەوە لە چوارچێوەى پڕۆسەى ڕێفۆرمى خوێندنى باڵا کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان دەستى پێکردوە لە ساڵى (٢٠١٦) بۆ جارى سێیەم لە سەر ئاستى ئێراق سیستم و پڕۆگرامەکانى خوێندنى یاسا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەڕەچاوکردنى پێداویستیەکانى بازار و پێشهاتەکان گۆڕانکارى تێدا کرا، پرۆسەى گۆڕینى خوێندنى یاسا بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەدەچێت و، لەلایەن فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان-ەوە جێبەجێ دەکرێ.