وابڕیارە هەردو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و، وڵاتى ئوردون بە ئیمزاکردنى یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن سەرجەم پرۆژە ئەکادییمیەکانى نێوانیان پەرەى زیاترى پێ بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستێکى فراوان وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم سەردانى شانشینى ئوردون دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتى (٢٣-١٠-٢٠١٦) د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەدیوانى وەزارەت پێشوازیکرد لە د. هەیسەم ئەبولفول کونسوڵى گشتى شانشینى ئوردونى هاشمى لە هەولێر .
لەدیدارێکدا باس لە سەردانى رەسمى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا-ى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى د. یوسف گۆران بۆ وڵاتى ئوردون کرا، کە بۆیەکەم جارە لەسەر ئاستێکى بەرفراواندا ئەم وەفدە سەردانى ئەو وڵاتە دەکات، واش بڕیارە لەمیانى سەردانەکەدا و بەمەبەستى پەرەپێدانى سەرجەم پرۆژە ئەکادیمیەکانى نێوانیان لەنێوان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم و، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئوردون یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن ئیمزا بکرێت.
بۆ ئەوەش د. یوسف گۆران وتى: پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئوردون پەیوەندى بەهێز و دێرینە و هەردو گەل خاوەن مێژو و کلتورێکى دەوڵەمەندن، بۆ ئەم مەبەستە و بەئامانجى پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕى زیاترى زانستى و ئەکادیمى لەنێوان هەردولا لە ڕێگەى یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن لەبوارى ئاڵوگۆڕى زانستى و، پەیوەندییەکان و دڵنیایى جۆرى و خوێندکارانەوە دەمانەوێت ئەو پەیوەندیانە پەرەیان پێبدرێت.
هەر بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوانیان، وا بڕیارە دواى گەڕانەوەى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم لە وڵاتى ئوردون لە رۆژانى (٢٩و 30- ١٠-٢٠١٦) بەچاودێرى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان لەشارى هەولێر بەبەشدارى زیاتر لە (١٥) زانکۆى حکومى و تایبەتى ئوردونى، پێشانگەى زانکۆ ئوردونیەکان بکرێتەوە، ئەوەش دەبێتە دەروازەیەکى بەهێز بۆ ئاڵوگۆڕ و پەرەپێدانى پەیوەندییەکان.