د.یوسف گۆران ڕایگەیاند ئەمساڵ لەبەردەم مەترسیەیەکى گەورەى خوێندنین، چونکە بەبەراورد بەساڵانى ڕابردو ئەو دەرماڵەیەى بۆ زانکۆکان تەرخان دەکرا بەڕێژەیەکى زۆر کەمیکردوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چالاکیە زانستیەکان زۆر زیادیان کردوە، ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکیدا هات، کە لە کۆنفرانسى تاوانەکانى جینۆساید لە هەڵەبجە پێشکەشى کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە بەئامادەبونى مەحمود ساڵح وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و، ژمارەیەک لە پارلەمانتاران و، ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایانى زانکۆ و توێژەران و شارەزاییان و پسپۆڕان و نوێنەرى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٨/٢٠١٦) بەناونیشانى (تاوانەکانى جینۆساید لە کوردستان-ئێراق سەرەتاییەک بۆ جیابونەوەو دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى) لە هۆڵى مۆنیۆمێنتى هەڵەبجە بەڕێوەچو لە مەراسیمى کردنەوەیدا چەند وتارێک پێشکەشکرا.
لەو چوارچێوەیەدا و لە وتارێکدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە بەستنى ئەو کۆنفرانسەو ناوەڕۆکەکەى کرد و وتى: "سەرەتا سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى هەڵەبجەو ڕێکخەرانى کۆنفرانەسەکە دەکەم، هیوادارم زانکۆکان و سێنتەرەکانى بیرکردنەوە و توێژینەوە بەردەوامن لەو جۆرە چالاکیانە"، وتیشى: "هەرچەندە جینۆساید و ئەنفال تا ئێستا برینێکى قوڵە، بەڵام زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە توێژینەوە لە تەواوى ڕەهەندەکانى جینۆساید و ئەو نەهامەتیانە بکەن کە بەسەر گەلەکاماندا هاتوە، بەڵکو زۆربەى توێژینەوەکان لایەنى سیاسى لەخۆگرتوە"، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: " گرنگى ئەم کۆنفرانسە لەوەدایە کە ئاوەڕى لەو کێشانە داوەتەوە کە تا ئیستا قسەى لەسەر نەکراوە، ئەوەش لە ئەجنداى کۆنفرانسەکە ڕەنگى داوەتەوە"، د.یوسف گۆران ڕونیکردەوە لەو توێژینەوانەى کە لە ڕابردودا کراون زیاتر قسەیان لەسەر جینۆسایدى فیزیکى و کاریگەرى لەسەر گیان و جەستەى کراوە، بەڵام جینۆسایدى کەلتورى کورد، کە زۆر دەمێکە دەستىپێکردوە وەک تەعریب و سڕینەوەى ناسنامەى کوردى و هاوشێوەکردنى خۆدى، کە ئەمانە بەشێکەن لە جینۆسایدى کەلتور کەمترین بایەخیان پێدراوە".
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانست باسى لە دۆخى زانکۆکان کرد و بەگرنیگەوە ڕۆڵى مامۆستایان و فەرمانبەرانى هەڵسەنگاند لە بەردەوامیدان بەپڕۆسەى خوێندن و لەوبارەیەوە وتى: "ڕۆڵى زانکۆ بەگشتى و مامۆستا و فەرمانبەران بەتایبەتى کە لە دۆخێکى دارایى خراپدا گوزەر دەکەین، بەڵام هەستکردنى ئەوان بە بەرپرسیارێتى ڕێگەى نەدا ساڵى خوێندنى ڕابردو بوەستێ، هەر بۆیە ئەگەر ڕۆڵى ئەوان نەبوایە نەدەتوانرا پڕۆسەکە بەسەرکەوتوى بڕوا، ئەوەشى کە پەیوەستە بەهەوڵەکانى ئێمە بۆ دابینکردنى مافەکانى مامۆستایان و فەرمانبەران ئەوا هەمو توانایەکى خۆمان خستۆتەگەڕ بۆ داکۆکیکردن لە مافى مامۆستایان و، لەو بوارەشدا تاکە وەزارەت بوین کە بەپڕۆژە هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەى مامۆستایان و فەرمانبەرانمان داوتە حکومەت".
هەر سەبارەت بەدۆخى زانکۆکان، د.یوسف گۆران بەخستنەڕوى چەند داتایەک وردتر باسى لە دۆخى دارایى زانکۆکان کورد و لەوبارەیەوە وتى: لە ئێستا زانکۆکان لە دۆخێکى دارایى زۆر خراپدان، بۆ نمونە ئەگەر تەنها باس لە دەرماڵەى بەڕێوەبردن لە چەند ساڵێک بکەین ئەوا باشتر ئەو دۆخەمان بۆ ڕون دەبێتەوە، بۆ نمونە لە ساڵى (٢٠١٢) کە قەیرانى دارایى نەبو، یا دەرنەکەوتوبوو، چونکە بەهۆى خراپى سیستمى بەڕێوەبردن قەیرانى دارایى هەر هەبو، بەڵام دەرنەکەوتبوو، لەو ساڵەدا دەرماڵەى زانکۆکان (١٣٠) ملیار دینار بوە لە ساڵێکدا، ئەو ژمارەیەک لە ساڵى (٢٠١٣) بەرزبۆتەوە بۆ (١٤٩) میلیار دینار، بەڵام لە ساڵى (٢٠١٤) ئەو بڕە پارەیە دابەزیوە بۆ (١٠٩) ملیار دینار، هەروەک لە ساڵى (٢٠١٥) زیاتر دابەزیوەو گەیشتۆتە (٨٩) ملیار دینار، بەڵام لە شەش مانگى یەکەمى ساڵى (٢٠١٦) تەنها بڕى (١٤) ملیار وەک دەرماڵە دراوە بەزانکۆکان، کە بەبەراورد بە ساڵى ڕابرو دیارە زۆر کەمى کردوەو، ئەرکى بەڕێوەبردنى زانکۆکان و دابینکردنى پێداویستیەکان چەندە قورس و گران بوەو، زانکۆکان لە چ قەیرانیکى داراییدان، هەربۆیە جیگەى دەستخۆشیە لە ستافى بەڕێوەبردن و مامۆستایان و زانکۆکان، چونکە نەیانهێشتوە پڕۆسەى خوێندن ڕابوەستێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە ڕێژەى توێژینەوەکان (٣٠٠%) زیادیکردوە و، ڕێژەى بڵاوکردنەوەى توێژینەوەکانیش لە گۆڤارە جیهانیەکان بەڕێژەى (٢٠٠%) زیادى کردوە، ئەوەش مایەى خۆشحاڵیە کە ئەوەى پەیوەندى بەچالاکیە زانستى و توێژینەوەکانەوە هەیە پەرەى پێبدەن. هەر لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستى ڕایگەیاند: ئەمساڵ لەبەردەم مەترسیەیەکى گەورەى خوێندنین، هەربۆیە وەزارەتەکەمان دەستى داوەتە پڕۆژەیەک بۆ سەربەخۆى دارایى زانکۆکان، بۆ ئەوەى خۆیان بژێنن، بەپێیى پڕۆژەکە لە (٧٠%) ئەو داهاتەى لە زانکۆکانەوە دەست دەکەوێت بۆ خودى زانکۆکان دەبێت، ئەوەش بەپێیى بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزیران پەسندکراوە، کە لە بنەڕەتدا پیشنیازى سەرۆک زانکۆکان بوە.
لە کۆتایى وتارەکەشیدا هیواى سەرخستنى بۆ کارنامەى کۆنفرانسەکە خواست بۆ ئەوەى تەوەرەکانى ببنە هۆى زیاتر ناساندانى ئەو تاوانە بەدنیاى دەرەوە.
لەبەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا وتارى لێژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفرانس خوێندرایەوە، هەروەک لەلایەن پ.د.خەسرەو عەبدوڵلا سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە وتارێک پێشکەشکرا، لە وتارەکەیدا سەربارى ئاماژەدان بەلایەنە گرنگەکانى کۆنفرانسەکە، ستایشى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى کرد لەبەرامبەر پشتگیرییە بەردەوامەکانى لە زانکۆکەیان و، بەدەمەوە هاتنى داواکانیان.
وا بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا لە ڕێگەى نۆ تەوەرى جیاوە تاوتوێى لایەنەکانى جینۆساید و چۆنیەتى جیابونەوەى کورد لە دەوڵەتى ئێراق بکرێ.