وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی كوردستان زانکۆکانى کوردستانی ڕادهسپێرین تا ببنه ئەندامی یەکێتى زانکۆکانى جیهان، له پێناو ئاشناكردنی زانكۆكانیان بهزانکۆ جیهانییەکان، كه بههۆیهوه گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى زانستى و ڕێککەوتن و پەرەپێدانى پەیوەندى لەنێوان زانکۆکاندا زیاتر پهره بسێنێت.
ئەم وتانهی د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانى پێشوازیکردنى لە لە پرۆفیسۆر (ديزول كفل عبدالرزاق) سەرۆکى یەکێتى زانکۆکانى جیهان (IAU) هات، کە ئەمڕۆ سێ شهمهمه، ڕێکەوتى (٣/٥/٢٠١٦) سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینهوهی زانستى کرد.
لە دیدارێكدا کە بهئامادهبونی د. موسڵیح دهۆکى سەرۆکى زانکۆى دهۆک بهڕێوهچوو پرۆفیسۆر (ديزول كفل عبدالرزاق) سەرۆکى یەکێتى زانکۆکانى جیهان (IAU) وتی: یەکەم جارە سەردانى هەرێمى کوردستان و عیراق دەکهم، ڕونیشی كردهوه لهم سهردانهیدا بۆ هەرێمى کوردستان و زانکۆى دهۆک ئاشنای بارودۆخی خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و هەنگاوەکانى حکومەتى هەرێم بەئاڕاستەى بایەخدانى زیاتر بەزانکۆ و پەیمانگەکان و بەرەوپێش بردنیان بوم، ئهوهشی ڕاگەیاند بەهۆى سەقامگیرى بارى ئەمنى و ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەى لە هەرێمى کوردستان بەدەستهاتووە پێشنیازێك بۆ بۆردى یەکێتیەکەمان دەکەین تا کۆنفرانسى ساڵى (٢٠١٩-٢٠٢٠)ى یەکێتى زانکۆکانى جیهان لە هەرێمى کوردستان بهڕێوهبچێت.
له بهرامبهردا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى بۆ هەرێمى کوردستان، كورته باسێکى لەبارەى کارو چالاکییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم پێشکەش کردو وتی: خۆشحاڵین زانکۆکانى کوردستان ببنە ئەندام لەم یەکێتیە، بۆ ئەوەش هانى زانکۆکانمان دەدەین ببن بە ئەندامى یەکێتیەکە و نوێنەرایەتى گەلى کوردستان لەنێو زانکۆکانى جیهاندا بكهن تا دەنگ و ڕەنگیان هەبێت و، خزمەتى زیاتر لەبوارى زانستى و ئەکادیمى پێشكهش بە کوردستان بکەن، وتیشى ئەندام بوون لەم یەکێتیە بایەخى تایبەتى بۆ زانكۆكانی كوردستان ههیه، چونكه ئهو ڕێكخراوه دهبێته ناوهندێكی گرنگ بۆ ئاشنابوون بە زانکۆ جیهانییەکان و وێستگهیهكیش بۆ ئەنجامدانى گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى زانستى و رێککەوتن و پەرەپێدانى پەیوەندى لەنێوان زانکۆکاندا.
لەتەوەرێکى ترى دیدارەکەدا سەرۆکى یەکێتى زانکۆکانى جیهان بانگهێشتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کرد بۆ پانزەهەمین کۆنگرەى یەکێتى زانکۆکانى جیهان، کە وابڕیارە مانگى تشرینى دووەمى ئەمساڵ لە بانکۆک ئەنجامبدرێت. کە ئەوەش هۆکارێکى بەهێز دەبێت بۆ پاڵپشتى کردن لە زانکۆکانى کوردستان.