وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند بەمەبەستى هاندانى زیاترى سێنتەرەکانى توێژینەوەى زانستی لە هەرێمى کوردستان، لەئێستادا کاردەکەین بۆ داڕشتنى رێنمایى تایبەت بۆ پێدانى مۆڵەت بە کردنەوەى سێنتەرى توێژینهوهی ناحکومى لە هەرێمى کوردستاندا. کە دەبێتە سەنتەرى ئەکادیمى بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کێشە جۆراو جۆرەکانى کۆمەڵگە.
ئەم ڕاگەیاندنەوەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لەمیانى پێشوازیکردنى لە وەفدێکى سکرتاریەتى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان هات. کە ئەمڕۆ دووشەمە ڕێكهوتی (١٨/٤/٢٠١٦) سەردانى وەزارەتیان کرد.
لەو دیدارەکەدا کە هەریەک لە د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیر و د. محمد سابیر بەڕێوەبەرى گشتى فهرمانگهی خوێندن و پلاندانان و بهدواداچون ئامادەیبوون، عەبدولواحید محمد حاجى سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان تەئکیدى لە پەیوەندى و هەماهەنگى بەردەوامى یەکێتیەکەیان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا كردهوه، بۆ ئەوەش ئاماژەى بەچەند بابەتێکى پەیوەست بە پڕۆسەى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکان و کاریگەرى بارودۆخى ئابورى لەسەر بارودۆخی خوێندن لە گشت ئاستەکان کرد.
له بهرامبهردا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانی وهفدی میوان، ڕایگەیاند: سەربارى قەیرانى دارایى و ئابورى هەرێمى کوردستان وەزارەتەکەمان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدان و جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژانەى لەبەرنامەى کاریدایە، كه هۆکارێکن بۆ بەرەوپێشبردنى بارودۆخی خوێندنى باڵا لەهەرێمەکەماندا، بۆ ئەوەش نمونەى بەئەنجامدانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان هێنایەوە کە وەزارەت بۆ ئەمساڵیش سەرەڕاى قەیرانەکان بەردەوامى بەم پڕۆژەیە دەدات.
لەبارەى زیادکردنى ژمارهی مامۆستا لە بابەتە زانستییەکان لەزانکۆکاندا، وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى لەسەر بایەخدانى زیاترى وەزارەت بە بەشە زانستیەکان و هاندانى زیاترى ئەو جۆرە بابەتانە کردەوە بهتایبهت زانستهكانی (ماتماتیک – فیزیا – بایلۆجى – ئینگلیزى ...) بۆ ئەوەش وتى بڕیارە ئەمساڵ لەخوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا بایەخى زیاتر بە بابەتە زانستیەکان بدەین له پێناو هاندان و پەرەپێدان و زیادکردنى ژمارهى مامۆستایانه لە بابەتە زانستییەکان.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارهکەدا د.یوسف گۆران جەختى لەسەر سیاسەتى وەزارەت بۆ بایەخدان بە سێنتەرەکانى توێژینەوەى زانستى کردەوە و، لهو باریهوه ڕایگەیاند: كه بەئامانجى هاندانى زیاترى سێنتەرەکانى توێژینەوەى زانستی لە هەرێمى کوردستان، لەئێستادا کار بۆ داڕشتنى رێنمایى تایبەت بۆ پێدانى مۆڵەت بەکردنەوەى سێنتەرى توێژینهوهی ناحکومى لە هەرێمى کوردستاندا. کە دەبنە سێنتەرى ئەکادیمى بۆ توێژینهوه لەسەر کێشە جۆراو جۆرەکانى کۆمەڵگە، لەنێویاندا ئەنجامدانى توێژینهوه لەسەر کێشە پەروەردەییەکان.
لەکۆتایى دیدارهکەدا ئەندامانى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان پرسیارو سەرنجەکانیان لەبارەى خوێندنى باڵا و بابەتە گرنگەکان خستەڕوو.