Nov 2016

د.یوسف گۆران: له‌م قۆناغه‌دا ئه‌ركی زانكۆكان بریتیه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌

IMG_4666.JPG

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: خه‌سله‌ته‌كانی نه‌وه‌ی سێیه‌‌می زانكۆكان بریتیه‌ له‌ گرێدانی زانكۆ به‌بازاری كار و پیشه‌سازی و پرۆژه‌كانی ده‌ستپێشخه‌ری و داهێنان و خوڵقاندنی هه‌لی كار و، به‌شداری له‌ گه‌شه‌پێدانی ئابووری پشتبه‌ستوو به‌ مه‌عریفه‌ و ته‌كنه‌لۆجیا.

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ میانه‌ی پێشكه‌شكردنی وتارێكیدا له‌ كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌مین سیپۆزیه‌می زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێردا هات.

ده‌ستپێكی كاره‌كانی (سیمپۆزیه‌م)

له‌و (سیمپۆزیه‌م)دا كه‌ د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د.خه‌تاب شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارایی و، د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین و، د.كاوه‌ شێروانی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێرو، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و شاره‌زاییان و توێژه‌ران ئاماده‌یبون، له‌ هۆڵی كۆڕو كۆبونه‌وه‌كانی په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی كارگێڕی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (8/3/2016) ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد.

گفتوگۆ له‌باره‌ی ڕه‌هه‌نده‌ جیاكانی توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌كرێ

له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی (سیمپۆزیه‌م)ه‌كه‌دا، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێره‌وه‌ ڕێكخرابوو، له‌ سه‌ره‌تادا چه‌ند وتارێك پێشكه‌ش كران، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا د.كاوه‌ شێروانی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر وته‌ی به‌خێرهاتنی پێشكه‌ش كرد و، به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ ڕێزبه‌ندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان كرد، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌ڕۆڵی گرنگی توێژینه‌وه‌ كرد له‌و ڕیزبه‌ندییه‌دا، ڕونیشیی كرده‌وه‌ له‌و (سیمپۆزیه‌م)دا گفتوگۆ له‌باره‌ی ڕه‌هه‌نده‌‌ جیاوازه‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌كرێت به‌ئامانجی ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی گرنگ به‌تایبه‌ت له‌ چۆنیه‌تی هه‌وڵدان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كان له‌ گۆڤاره‌ زانستیه‌ به‌ناوبانگه‌كاندا.

كۆبونه‌وه‌یه‌كی زانستی گرنگه‌

پاشان د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌ش كرد دوای ئه‌وه‌ی سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رۆكایه‌ی زانكۆی پۆلیته‌ك‌نیكی هه‌ولێر و ریكخه‌رانی ئه‌م (سیمپۆزیه‌م) ه‌ كرد, خۆشحاڵی خۆشی به‌و كۆبونه‌وه‌ زانستیه‌ نیشاندا، به‌تایبه‌ت كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ ته‌رخان كراوه‌ بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ مه‌عریفیه‌كانی زانكۆكانی كوردستان له‌ گۆڤاره‌ زانستییه‌ كاریگه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان, هیواشی خواست لێره‌ به‌دواوه‌ به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌كان  له‌ ئاستێكدا بێت، كه‌ سنووری لۆكاڵی ببه‌زێنێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ئه‌كادیمیای نێوده‌وڵه‌تی دروست بكات.

ئه‌رك و ڕۆڵی نه‌وه‌كانی زانكۆكان

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕۆڵ و ئه‌ركی زانكۆكانی به‌وردی باس كرد و ڕایگه‌یاند: ده‌بیت ئه‌و ڕاستیه‌مان له‌ پێش چاو بێت كه‌ له‌ سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌مدا ئه‌ر‌كی زانكۆ و ناوه‌نده‌ زانستییه‌كان گۆڕاوه‌, له‌ ژێر كاریگه‌ری گلۆباڵیزه‌یشن و گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆجی و ئابوریدا، زانكۆكان ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی دیكه‌یان بۆ دروستبوه‌, ڕونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاكانی مێژوی مرۆڤایه‌تیدا ڕۆڵی زانكۆكان گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌رداهاتوه‌, نه‌وه‌ی یه‌كه‌می زانكۆكان بریتیبوون له‌ زانكۆكانی سه‌ده‌كانی ناوه‌راست, كه‌ له‌ خوێندنگه‌كانی كه‌نیسه‌ی كاسۆلیك و پرۆتستانته‌وه‌ په‌ره‌یان سه‌ند و، ڕۆڵیان بریتی بوو له‌ فێركردن و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی بیره‌ تاریكه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌راست و، داكۆكیكردن له‌ ڕاستییه‌كان به‌رامبه‌ر وه‌هم و خورافاتی سه‌ده‌كانی ناوه‌راست, هه‌روه‌ك زمانی ئه‌و چه‌رخه‌ لایتينی بووه‌.

د.یوسف گۆران ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: نه‌وه‌ی دوه‌می زانكۆكان بریتیبوون له‌ زانكۆكانی دوای قۆناغی ڕۆشنگه‌ری و سه‌رده‌می مۆدێرنه‌, له‌م قۆناغه‌دا جگه‌ له‌ ڕۆڵی فێركردن, له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌ركی زانكۆكان بریتی بوو له‌ به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌ و، شرۆڤه‌كردنی میتۆدی دۆزینه‌وه‌و داهێنانه‌ زانستییه‌كان, هه‌روه‌ك زمانی ئه‌و نه‌وه‌یهش‌ نیشتمانی بوو.

سه‌باره‌ت به‌ نه‌وه‌ی سێیه‌می زانكۆكانیش، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: هه‌رچی نه‌وه‌ی سێیه‌می زانكۆكانه‌ بریتین له‌ زانكۆكانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك و، قۆناغی گلۆبالیزه‌یشن, ئه‌م زانكۆیانه‌ جگه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی فێركردن و توێژینه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌, دیاریترین خه‌سله‌ته‌كانیشیان بریتیه‌ له‌ گرێدانی زانكۆ به‌بازاری كار و پیشه‌سازی و، پڕۆژه‌كانی ده‌ستپێشخه‌ری و داهێنان و خولقاندنی هه‌لی كار و، به‌شداری له‌ گه‌شه‌پێدانی ئابوری پشتبه‌ستوو به‌ مه‌عریفه‌ و ته‌كنه‌لۆجیا، د.یوسف گۆران ڕونیشیكرده‌وه‌ نه‌وه‌ی سێهه‌می زانكۆكان گلۆبالن و گرێدراوی بازاری پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تین, زمانی خوێندن ئینگلیزیه‌و، مه‌ودواو تۆڕی به‌رفراوانی نێوده‌ولًه‌تیان هه‌یه‌و میتۆد و به‌های نوێیان ئاوێته‌ی ژیانی ئه‌كادیمی كردوه‌, له‌هه‌مان كاتدا توێژینه‌وه‌كان فره‌ دیسپلین و پراكتیكن و، په‌یوه‌ندییان به‌ ئابوری و بازاڕی كار و سێكته‌ره‌ گشتی و تایبه‌تییه‌كان هه‌یه‌.

ناتوانین خۆمان له‌ گۆرانكارییانه‌ به‌دور بگرین

هه‌ر له‌ میانه‌ی وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ چیتر نابێت و ناتوانین خۆمان له‌و گۆڕانكارییانه‌ به‌دور بگرین, به‌ڵكو ده‌بێت پێكه‌وه‌ كار بۆ گه‌شه‌پێدانی زانكۆكان و توێژینه‌وه‌ زانتسیه‌كانمان و خزمه‌ت گه‌یاندن به‌ بازاڕی كارمان و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بكه‌ین.

پرسیاره‌كان ته‌نها له‌سه‌ر ژماره‌ نین، به‌ڵكو له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكیشن

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران وتی: له‌سایه‌ی داتا‌به‌یسه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی چاودێریكردنی توێژینه‌وه‌و توێژه‌ران ده‌توانین به‌ ئاسانی پڕۆفایلی توێژه‌ره‌كانمان و ئاستی توێژینه‌وه‌كانمان هه‌ڵسه‌نگێنین, وتیشیی دیاریترین ئه‌و داتابه‌یسه‌ جیهانیانه‌ی كه‌ له‌و بواره‌دا خزمه‌تمان ده‌كه‌ن بریتین له‌ ( سكۆپه‌س) و (تۆمسۆن رۆیته‌رز) و ( گووگل سكۆلار). وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌شی وت، كه‌ ته‌نها پرسیار له‌سه‌ر ژماره‌ی توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كانی توێژه‌ران ناكرێت, به‌ڵكو پرسیاری گه‌وره‌ له‌سه‌ر ( IMPACT FACTOR ) ی گۆڤاره‌كان و سایته‌شن و (H-INDEX)یش ده‌كرێت‌.

توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ پێوه‌ره‌ هه‌ره‌ گرنگ و كاریگه‌ره‌كانی ڕیزبه‌ندییه‌‌

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌گرنگیه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد و، ڕاگه‌یاند: له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی بالاو توێژینه‌وه‌ی زانستی گرنگی ته‌واو به‌و بواره‌ ده‌ده‌ین, له‌ ڕیزبه‌ندی نیشتمانیدا توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ پێوه‌ره‌ هه‌ره‌ گرنگ و كاریگه‌ره‌كان بوه‌‌.

زانكۆ پۆلیته‌كنیك ڕۆڵی سه‌ره‌كیان له‌ پێگه‌یاندنی كادری پیشه‌یی – ته‌كنیكی هه‌یه‌

د.یوسف گۆران به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌ی ته‌رخان كرد بۆ ڕۆڵی گرنگی زانكۆ پۆلیته‌كنیكیه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ پێگه‌یاندنی كادیری پیشه‌یی ته‌كنیكی، بۆ ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند: پێش چه‌ند ڕۆژێك ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی زانستیمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی زانست و ته‌كنه‌لۆجیاو توێژینه‌وه‌ی زانستی وڵاتی ئێران ئیمزا كرد, یه‌كێك له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ دوقۆلیه‌ به‌هێزكردن و په‌ره‌پێدانی خوێندن و توانای پیشه‌یی ته‌كنیكیه‌ به‌ پێی پێویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌و بازاڕی كار, وتیشیی گرنگه‌ له‌م دۆخه‌ قه‌یراناوییه‌ی هه‌رێم زانكۆكان به‌ گشتی و، زانكۆكانی پۆلیته‌كنیك به‌ تایبه‌تی ڕۆڵی سه‌ره‌كی له‌ پێگه‌یاندنی كادری پیشه‌یی ته‌كنیكی كارامه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی كاردا بگێرن, وه‌زیری خوێندنی باڵا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ ناكرێت تا ئه‌مرۆش هه‌رێمی كوردستان زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ته‌كنیككارانی كارامه‌و پسپۆڕ له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ بكات, بۆ ئه‌وه‌ش داوای له‌ زانكۆكان به‌تایبه‌ت زانكۆ پۆلیته‌كنیكیه‌كان كرد‌ گرنگی به‌و بواره‌ بده‌ن و، ڕۆڵی سه‌ره‌كی له‌ دروستكردنی كادری پیشه‌یی ته‌كنیكی بۆ بازاری كار، نه‌ك ته‌نها بۆ هه‌رێم، به‌ڵكو بۆ سه‌رجه‌م ئێراق بگێڕن.

دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستیی

د.یوسف گۆران تیشكی خسته‌ سه‌ر كارێكی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: كارێكی سه‌ره‌كی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان هه‌وڵدانه‌ بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستیی, وتیشی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بریتیه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نێكی زانستی ستراتیجی نیشتمانی, كار بۆ داڕشتنی چوارچێوه‌ی سیاسه‌ت و ستراتیجی گشتی توێژینه‌وه‌ی زانستی و هاندان و گه‌شه‌پێدان و كاراكردنی چالاكی توێژینه‌وه‌  له‌ بواری پسپۆڕی جیاكان ده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ڕۆشنایی پێداویستیه‌ زانستی، ته‌كنه‌لۆجی، ئابوری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. ئاشكراشیكرد كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌ زانستیه‌كان له‌ كایه‌ سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كارایی زیاتریان هه‌بێت, له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ كار  بۆ ئاڕاسته‌كردن و پشتیوانیكردنی چالاكی توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌كات له‌ ڕێگه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی گرانتی ساڵانه‌و به‌خشینی به‌ پرۆپۆزه‌ڵی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی كه‌ ئاستی زانستییان به‌رزه‌ و، له‌ ئه‌وله‌وییه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی هه‌رێمی كوردستانن.  وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: هه‌ر بۆ بایه‌خدان به‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی توانیمان گه‌شه‌ی زیاتر به‌ سێكته‌ره‌كانی تویًژینه‌وه‌ی زانستی زانكۆكان بده‌ین و، ژماره‌یان له‌ (11) سێنته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستیه‌وه‌ بگه‌یه‌نینه‌ (41) سێنته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌رجه‌م ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا.

له‌ بواری توێژینه‌وه‌دا كاری زیاتر و شه‌ونخونی زیاترمان ده‌وێت

له‌ كۆتای وتاره‌كه‌شیدا د.یوسف گۆران وتی: شاراوه‌ نیه‌ كه‌ ئاست و ژماره‌ی توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كانمان له‌ زانكۆكاندا مایه‌ی دڵخۆشی نییه‌, به‌ڵام مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ كه‌ هه‌ندێ توێژینه‌وه‌و توێژه‌ری ئاست به‌رز به‌ پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان له‌ زانكۆكانمان ده‌ركه‌وتووه‌, هه‌رچه‌نده‌ تاكو ئێستا ژماره‌یان كه‌مه‌ به‌ڵام به‌سه‌ره‌تایه‌كی گرنگی زانستی هه‌ڵیده‌سه‌نگێنین, وتیشی‌ له‌ بواری توێژینه‌وه‌دا كاری زیاتر و شه‌ونخونی زیاترمان ده‌وێت, خه‌ونی ئێمه‌ بریتیه‌ له‌ دره‌وشانه‌وه‌ی توێژه‌ر و توێژینه‌وه‌ زانستیه‌كانی زانكۆكانمان له‌ نه‌خشه‌ی ئه‌كادیمیای جیهانی, هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ كارێكه‌ میلله‌ته‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌مان شایانێتی و، پێویسته‌ هه‌موان كاری جیددی بۆ به‌دیهێنانی بكه‌ین.

دوابه‌دوای پێشكه‌شكردنی وتاره‌كان ده‌ستكرا به‌خستنه‌ڕوی كارنامه‌ی (سیمپۆزیه‌م)ه‌كه‌، واش بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژدا گفتوگر له‌باره‌ی ڕه‌هه‌نده‌ جیاكانی توێژینه‌وه‌ی زانستی بكرێ و، دواتریش وه‌ك ڕاسپارده‌ به‌رز بكرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی.