وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە سێ نوسراودا كە بە ئیمزای (د.یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەژمارەكانی (29415, 29416, 29417)، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێكەوتی (29/12/2014) دەرچوە، ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر وەرگرتنی خوێندكارانی بەشە پزیشكییەكانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوی هەرێمی كوردستان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسی زۆری زانكۆكان دەكات، چونكە سەرباری ئەو بارگرانیە زۆرەی كە لەسەریانە، بەتایبەت لە زانكۆ و فاكەڵتی و كۆلێژە پزیشكییەكان، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی ڕاپەڕاندنی ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكاندا هاریكاری وەزارەت بون و ڕەزامەندیان نیشاندا لەسەر وەرگرتنی (230) خوێندكارەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، كە بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا و باشورو ناوەڕاستی عێراق نەیاندەتوانی درێژە بەخوێندن بدەن.
وەك لە نوسراوەكەدا هاتوە وەرگرتنی ئەو خوێندكارانە بەسیستەمی میوانداری دەبێت بۆ درێژەدان بەخوێندن لە ساڵی خوێندنی (2014-2015) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.