دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنچ شهممه، ڕێكهوتی (6/11/2014) بەچاودێرى و ئامادەبوونى (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لێپرسراوانى ئیدارى و نوێنەرى حزب و لایەنە سیاسیەکان و مامۆستایانى زانکۆ و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و ڕێکخراوە پیشەیى و دیموکراتییەکان، لە مەراسیمێکدا لە بیناى سکوڵى پەروەردەى بنەڕەتى چەمچەماڵ بڕیارى کردنەوەى (زانکۆى چەرمۆ) لە قەزاى چەمچەماڵ لەلایەن د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم بهدانیشتوانی ناوچكهو خهڵكی كوردستان ڕاگەیەنرا.
بهو بۆنهیهوه لە وتەیەکیدا (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مژدەى کردنەوەى زانکۆى (چەرمو) ى بەخەڵکى چەمچەماڵ و دەوروبەرى ڕاگەیاند و وتى: دواى ئەوەى لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم، كه لە ڕێكهوتی (19/10/2014) بڕیار لەسەر کردنەوەى زانکۆى چەرمۆ درا، دواتر بڕیارەکە بەڕەسمى لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێم ئیمزاکرا. ئەمڕۆش بهخۆشحاڵیهوه بڕیارى کردنەوەى ئەم زانکۆیە دەچێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە. کە رۆڵێکى گرنگى دەبێت لە گەشەپێدانى کهلتورى ناوچەى چەمچەماڵ و کەرکوک و بایهخدانی زیاتر به بواری زانست و خوێندی باڵا.
وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگهیاند: زانکۆى (چەرمۆ) كه دەبێتە (14)هەمین زانکۆ لەناو زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، له ئێستادا زانکۆکە لە (3) کۆلێژ و سەنتەرێکى لێکۆڵینەوە پێکدێت و، بۆ ئەساڵى خوێندنى (2014 – 2015) ژمارهیهك خوێندکار/قوتابى وەردەگرێت، ڕونیشیكردهوه بەشێکى ئەو زانکۆیە تەرخان دەکرێت بۆ خوێندکارانى کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێم.
هەر لە مەراسیمەکەدا قائیمقامى چەمچەماڵ لە وتەیەکدا ڕۆڵى حکومەتى هەرێم و وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەرزنرخاند لە کردنەوەى زانکۆى چەرمۆ لە چەمچەماڵ، هەروەک کەسانى ئەکادیمى بوارەکەش پێیان وایە کردنەوەى زانکۆکە بەهەوڵێکى خەمخۆرانە دادەنرێت بۆ گەشەپێدانى سنوورەکە کە بۆیەکەم جارە زانکۆ لە چەمچەماڵ دەکرێتەوە.
* ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى