Nov 2016

به‌بۆنه‌ی (8)ی ڕۆژی جیهانی ژنان و یادو بۆنه‌كانی ئادارو نه‌ورۆز ڕاپه‌ڕین

newsitem-1511-10.03.2013-ku.JPG

به‌بۆنه‌ی (8)ی ڕۆژی جیهانی ژنان و یادو بۆنه‌كانی ئادارو نه‌ورۆز ڕاپه‌ڕین، له‌ به‌ئاماده‌بوونی دكتۆر عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌رانی وه‌زاره‌ت، ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی 10/3/2013 له‌ هۆڵی (ڤیدیۆ كۆنفرانس)له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی مه‌راسیمێك به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و مه‌راسیمه‌دا دكتۆر عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ووته‌یه‌كی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد، له‌سه‌ره‌تایی وته‌كه‌یدا دوای پیرۆزبایكردنی بۆنه‌كانی ئادارو نه‌ورۆز له‌ ئاماده‌بووان و ژنان و كچانی كارمه‌ندانی دیوانی وه‌زاره‌ت، ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند: 8ی مارس بۆنه‌یه‌كی پیرۆزو گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگه‌وه‌ گرنگی تایبه‌ت بدرێت به‌بارودۆخی ژنان له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان، تا چیتر ژنان نه‌بنه‌ قوربانی و له‌و كێشه‌و گرفتانه‌ش ده‌ربازیان بێت، كه‌ ڕۆژانه‌ ڕوبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌ی به‌ بارودۆخی ژنان له‌ كوردستان كردو ڕاگه‌یاند: مایه‌ی خۆشحاڵیه‌ كه‌ له‌ كوردستان هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ باشكردنی بارودۆخی ژنان له‌ كوردستان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا باسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی قانونی باری كه‌سێتی و دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان كرد له‌ هه‌رێمی كوردستان، هیواشی خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌رده‌وام بن بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بارودۆخی ژنان له‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی شان به‌شانی پیاوان ڕۆڵی خۆیان هه‌بێت له‌ بونیادنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌، هه‌ر له‌ قسه‌كانیدا دكتۆر عه‌لی سه‌عید تیشكی خسته‌سه‌ر ڕۆڵی ژنان له‌ قۆناغی خه‌باتی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد، كه‌ چۆن شان به‌شانی پیاوان له‌ خه‌باتی شارو شاخ ڕۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كان، وتیشی وه‌ك چۆن له‌ دوای دامه‌زراندن و پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ كاروانی ئاوه‌دانی، پێویسته‌ لێره‌وه‌ به‌دواوه‌ ده‌رفه‌تی زیاتریان پێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كاراتر به‌شدار بن له‌ بونیادنانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ به‌شێكی كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌دا، له‌لایه‌ن دكتۆر عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان گوڵی ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیان و خۆشه‌ویستیان پێشكه‌ش به‌ژنان و كچانی كارمه‌ندانی دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد.