Nov 2016

دیاری پاڕله‌مانی عێراق به‌سه‌ر یه‌كه‌م و دووه‌می زانكۆكانی كوردستان دابه‌شكرا

newsitem-1503-14.02.2013-ku.JPG

به‌چاودێری دكتۆر عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و، به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ پاڕله‌مانی عێراق و سه‌رۆكی ژماره‌یه‌ك له‌ زانكۆكانی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا دیاری پاڕله‌مانی عێراقی به‌سه‌ر خوێندكار و قوتابیانی یه‌كه‌م و دووه‌می سه‌ر زانكۆكان و كۆلێژه‌ ته‌كنیكیه‌كان و یه‌كه‌م و دووه‌می سه‌ر به‌شه‌ زانستی و مرۆڤایه‌تیه‌كانی زانكۆكانی كوردستان دابه‌ش كرا.

له‌و مه‌راسیمه‌دا كه‌ له‌ هۆڵی ڤیدیۆ كۆنفرانسی دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا به‌ڕێوه‌چوو، تێایدا چه‌ند وتارێك پێشكه‌ش كرا، له‌و باره‌یه‌وه‌ د.كه‌ریم ساڵح عه‌بدول ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی وتاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای خوێندنه‌وه‌، له‌ وتاره‌كه‌یدا دوای پیرۆزبایكردن له‌ یه‌كه‌م و دووه‌مه‌كان، ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی خوێندنی باڵای پارلِه‌مانی عێراقی به‌رز نرخاند و به‌هه‌نگاوێكی زانستی گرنگی وه‌سفكرد بۆ به‌ره‌و پێشبردنی زانست و په‌روه‌رده‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا، هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا د.كه‌ریم ساڵح جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و هاریكارییه‌ی نێوان ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ بۆ كاری باشتر و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتی گرنگ و پته‌وكردنی گیانی برایه‌تی و ته‌بایی و یه‌كڕیزی له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا، له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی داوای له‌ یه‌كه‌م و دووه‌مه‌كان كرد له‌ ئاست متمانه‌ی گه‌لی كوردستان و هه‌موو عێراقدا بن و لێپرسراوانه‌ كار بكه‌ن بۆ پێشخستنی وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌رجه‌م كایه‌و بواره‌كانی ژیان.

هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا  وتاری پاڕله‌مانی عێراقی له‌لایه‌ن (خاتوو شلێر گه‌ڵاڵی) ئه‌ندامی پاڕله‌مانی عێراق پێشكه‌ش كرا، له‌ وتاره‌كه‌دا دوای خۆشحاڵی ده‌ربڕینی پاڕله‌مانی عێراق بۆ ڕێكخستنی ئه‌و مه‌راسیمه‌ و دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌سه‌ر یه‌كه‌م و دووه‌می به‌شه‌ زانستی و زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كاندا، ئه‌وه‌شی ڕونكردنه‌وه‌ كه‌ ئامانجیان له‌و مه‌راسیمه‌ هاندانی قوتابی و خوێندكارانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ی زیاتر به‌زانست و خوێندن بده‌ن و، بڕوانامه‌ی ماسته‌رو دكتۆرا به‌ده‌ست بهێنن له‌ پێناو خزمه‌تكردن به‌گه‌ل و وڵات، هه‌روه‌ك ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ " كورد ده‌توانێت به‌چه‌كی زانست و پێشكه‌وتن بگات به‌ئامانجه‌كانی"، سوپاسی عارف ته‌یفور جێگری سه‌رۆَكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیشی كرد له‌ پای ئه‌و هاریكارییه‌ به‌رده‌وامانه‌ی كه‌ داوێتی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه‌ پاریه‌و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر یه‌كه‌م و دووه‌مه‌كانی زانكۆكانی كوردستان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و مه‌راسیمه‌دا له‌لایه‌ن پاڕله‌مانتاران و سه‌رۆكی زانكۆكان و ڕاوێژكارانی وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان دیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌سه‌ر یه‌كه‌م و دووه‌مه‌كاندا دابه‌ش كرا، كه‌ ژماره‌یان (52) ده‌رچوو بوو له‌ ساڵی خوێندنی (2011-2012)له‌سه‌ر ئاستی  زانكۆكان و كۆلێژه‌ ته‌كنیكیه‌كان و یه‌كه‌م و دووه‌م بوون، له‌هه‌ردوو به‌شه‌ زانستی و  زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كانی زانكۆكانی كوردستان و كۆلێژه‌ ته‌كنیكیه‌كانی كوردستان. خه‌لاته‌كه‌ش بریتبوو له‌ بڕی (2،000،000) دوو ملیۆن دیناری عێراقی بۆ هه‌ر ده‌رچووه‌یه‌ك.