Nov 2016

چه‌ند چالاكیه‌ك سه‌باره‌ت به‌توندوتیژی دژ به‌ژنان به‌ڕێوچوو

newsitem-1468-09.12.2012-ku.jpg1_.jpg

له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان له‌ كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ (9/12/2012) له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی چه‌ند چالاكیه‌ك به‌ڕێوه‌چوون.

له‌سه‌ره‌تای ئه‌و ئه‌و چالاكیانه‌دا د.عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌شكرد، له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌ره‌تا ئاماژه‌ی به‌هه‌ڵمه‌تی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان كرد ووتی: له‌ 25ی مانگی ڕابردوو به‌سه‌رپه‌رشتی و چاودێری نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عیماد ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵمه‌تی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی توندتیژی ده‌ستپێكرد له‌ماوه‌ی ئه‌و (16) ڕۆژه‌دا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌شدارییه‌كی كارایی كرد، به‌و پێیه‌یی یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌ كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ كرد كه‌ به‌شداریان له‌ سه‌رخستنی كاره‌كانی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ كرد، ئه‌وشی ڕاگه‌یاند: سبه‌ی دوو شه‌ممه‌ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ڕۆژی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤ، پیرۆزبای له‌ ژنان و ئافره‌تان ده‌كه‌م، به‌و پێیه‌ی ئه‌وان زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ پێك ده‌هێنن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا د.عه‌لی سه‌عید ڕاگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ گرنگی تایبه‌تی داوه‌ به‌مافه‌كانی ژنان و ئافره‌تان، هه‌روه‌ك پشتگیری ڕێكخراوه‌كانی ژنان و ئافره‌تان و لاوانی كردوه‌، هه‌ر ئه‌و بایه‌خپێدانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بووه‌، بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا دۆخی ژنان له‌ كوردستان به‌به‌راورد به‌وڵاتانی دراوسێ‌ زۆر باشتر بێت، ئه‌وه‌شی ڕونكرده‌وه‌ كه‌ توندوتیژی و پیاوسالاری كه‌ نه‌ریتێكه‌و مێژووییه‌كی دورودرێژی هه‌یه‌، پێویستی به‌هه‌وڵ و هیمه‌تی هه‌موو لایه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌بڕ بكرێت.

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ وتاره‌كه‌یدا به‌گرنگیه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ڕۆڵی گرنگی ژنان كرد له‌ بزاڤی رزگاری خوازی گه‌لی كورد كه‌ شانبه‌شانی براو پیاو كه‌سوكاریان به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ریان كرد له‌سه‌رخستنی شۆڕش و به‌دیهێنانی ده‌سكه‌وته‌كان بۆ ئه‌مڕۆی خه‌ڵكی كوردستان، وتیشی هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم چه‌ندین ده‌سكه‌وت بۆ زیاتر دابینكردنی مافه‌كانی ژنان به‌دیبهێنن، له‌وانه‌ش د.عه‌لی سه‌عید ئاماژه‌ی كرد به‌پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و، هه‌مواركردنه‌وه‌ی قانونی باری كه‌سێتی و، ده‌ركردنی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی دژ به‌ژنان له‌ شاره‌كانی كوردستان، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت به‌جێنده‌رو توندوتیژی له‌ زانكۆی سلێمانی به‌هاریكاری زانكۆی بریستلی به‌ریتانی، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند، كه‌ له‌به‌رنامه‌یاندایه‌ هه‌مان سه‌نته‌ر له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-یش بكه‌نه‌وه‌.

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ووتی: ده‌بێت ژن و پیاو ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بن مافی وه‌ك یه‌كیان هه‌بێت، هه‌روه‌ك ده‌بێت ئه‌و زه‌مانه‌ش به‌سه‌ر بچێت كه‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ژنان بكرێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شی به‌بنه‌مایه‌كی ته‌ندروست له‌قه‌ڵمدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دروشمه‌ی هه‌ڵمه‌تی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌نان به‌دیبێنین كه‌ ده‌ڵێت " له‌ ئاشتی ماڵه‌وه‌ بۆ ئاشتی كۆمه‌ڵگه‌".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و چالاكیانه‌دا د.بێریوان خه‌یلانی ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا، كه‌ هاوكات سه‌رۆكی لێژنه‌ی باڵای هه‌ڵمه‌تی به‌رنگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، كورته‌ باسێكی له‌باره‌ی ستراتیژی نیشتمانی بۆ به‌رنگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان له‌ كوردستان (2012-2016) خسته‌ڕوو، له‌و بواره‌شدا به‌چه‌ند ته‌وه‌رێكی جیا هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌و پلانه‌ ستراتیژییه‌ی پێشكه‌ش به‌ئاماده‌بووان كرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و چالاكیانه‌ی كه‌ به‌بۆنه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ڕێوه‌چوو، فیلمێكی دێكۆمێنتاری له‌باره‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان و ئافره‌تان له‌ كوردستان نمایش كرا، به‌ئامانجی هۆشیاركردنه‌وه‌ی زیاتری ئاماده‌بووان سه‌باره‌ت به‌جۆری ئه‌و توندتیژیانه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ژنان ده‌كرێت.

هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌و له‌ سمینارێكدا، كه‌ راوێژكاران و ژماره‌یه‌ك له‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماده‌یبوون، د.به‌یان قادر ڕه‌سول بابه‌تێكی به‌ناونیشانی (توندوتیژی خێزانی و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ئاشتی كۆمه‌ڵگه‌و ته‌ندروستی گشتی و ده‌روونی تاك) پێشكه‌ش كرد، له‌ویدا خاتوو به‌یان باسی له‌ جۆره‌كانی توندوتیژی (جه‌سته‌یی، سێكسی، ده‌رونی) كرد كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ژنان ده‌كرێت. له‌ كۆتایشدا م.محمد مهدی غفور بابه‌تێكی به‌ناونیشانی ( ڕۆڵی ئافره‌ت له‌ سه‌ركردایه‌تی) پێشكه‌ش كرد، سیمناره‌كان به‌گفتوگۆی ئاماده‌بووان و پێشكه‌شكه‌رانی سمیناره‌كان زیاتر ده‌وڵمه‌ندكران و كۆتایان پێهات.