Nov 2016

ڕاگه‌ياندنی خولی سێيه‌می به‌رنامه‌ی تواناسازی مرۆيی هه‌رێم

له‌ دوای ئه‌نجامدانی دوو خولی به‌رنامه‌ی تواناسازی مرۆيی هه‌رێم به‌ سه‌ركه‌وتوويی، ئيمڕۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى خۆشحاڵه‌ به‌ ڕاگه‌ياندنی خولی سێيه‌می ئه‌و به‌رنامه‌يه‌.  

ديسانه‌وه‌، فۆڕمی پڕكراوه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئينته‌رنێته‌وه‌ به‌ شێوازی ئۆنلاين پێشكه‌ش ده‌كرێت و ده‌روازه‌كه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌ته‌وه‌ ده‌بێ  www.mhe-krg.org.  زانیارى زیاتر دەربارەى مه‌رج و ڕێنماييه‌كان و ووردەکارییەکانى پێشكه‌شكردن له‌سه‌ر هه‌مان ماڵپه‌ڕدا ده‌ست ده‌كه‌وێت.

دياره‌ كه‌ بەرنامەى تواناسازى هەنگاوێکى گرنگە بۆ گەشەپێدانى توانامرۆییەکانى کوردستان و ئامادەکردنى کادیرى زانستى لێهاتوو بۆ ئەوەى لە ئایندەدا ببنە پێشڕەوى ئەکادیمى و لە بەڕێوەبردنى دام و دەزگاکانى خوێندنى باڵا و سێکتەرەکانى ترى حکومەت و کەرتى تایبەت دا بەشدارى کاریگەر بکەن.  له‌ ساڵی ڕابوردوو و سه‌ره‌تای ئيمساڵدا خولی يه‌كه‌م و دووه‌می به‌رنامه‌كه‌ ڕاگه‌يه‌ندرا و دوو نزيكه‌ی هه‌زار كانديد له‌ پێشبڕكێدا ناويان ده‌رچوو.  ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ يه‌كه‌مه‌كانی به‌شه‌ زانستيه‌كانی پارساڵ و ئيمساڵ.  له‌ خولی سێهه‌ميشدا هه‌زار كورسی تريش بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر پشكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی ته‌رخان ده‌كرێت.  

به‌پێی بڕياری لێژنه‌ی باڵای به‌رنامه‌ی تواناسازی به‌ سه‌رۆكايه‌تی جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زيران و ئه‌ندامێتی جه‌نابی جێگری سه‌رۆك وه‌زيران و به‌ڕێزان وه‌زيرانی په‌روه‌رده‌ و پلاندانان و خوێندنی باڵا ئه‌و بڕيارانه‌ی خواره‌وه‌ دراون و له‌و ڕاگه‌ياندنه‌دا گرنگيان پێ ده‌درێت:

يه‌كه‌م:  مه‌رجه‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كانی پێشبڕكێ و شێوازی ڕيزبه‌ند كردن وه‌كی خوله‌كانی پێشترن و به‌ هه‌مان پله‌ی شه‌فافيه‌ت ئه‌نجام ده‌درێن بۆ زامين كردنی دادوه‌ری كۆمه‌ڵايه‌تی.  له‌و خوله‌دا، ته‌نيا كارمه‌ندانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و خه‌ڵكانی ناو كه‌رتی تايبه‌ت بۆيان هه‌يه‌ له‌‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تمانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ به‌رنامه‌ی تواناسازی بكه‌ن و دوای گه‌ڕانه‌وه‌شيان كار له‌ يه‌كێك له‌ ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا بكه‌ن.  به‌ڵام كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كانی تر پێويسته‌ سوود له‌‌و هه‌زار كورسيه‌ی تر وه‌ربگرن كه‌ بۆ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی تر ته‌رخان كراوه‌ و له‌ لايه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.  ‌

دووه‌م: وه‌ك وه‌فايه‌ك بۆ شه‌هيد و ئه‌نفالكراوه‌‌ سه‌ربه‌رزه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌مان، كوڕ و كچه‌كانيان‌ (به‌ نزيكی پله‌ی يه‌ك) ئه‌فزه‌ليه‌تيان پێ ده‌درێت و له‌ پێشبڕكێدا پێنج خاڵیان بۆ ده‌خرێته‌ سه‌ر خاڵه‌ كۆكراوه‌كانيان.  

سێیه‌م: بۆ هاندان و هاوكاری كردنی دانيشتوانی كه‌ركوك، پشكی تايبه‌ت به‌و شاره‌ له‌ به‌رنامه‌ی تواناسازيدا ته‌رخان ده‌كرێت و له‌ لايه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ پڕۆسه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.  خوازيارانی كه‌ركوك بۆيان هه‌يه‌ به‌ هه‌مان پڕۆسه‌ و له‌ ڕێگه‌ی هه‌مان فۆڕمی ئۆنلاينه‌وه‌ پێشكه‌شكار بن.  هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئاين و ڕه‌گه‌زێكی خه‌ڵكی كه‌ركوك به‌بێ جياوازی بۆيان هه‌يه‌ له‌و به‌رنامه‌يه‌ به‌شدار بن ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كانيان تێدا بێ، بۆ نموونه‌ڵ له‌ دايكبوو و نيشته‌جێی شاری كه‌ركوك بێ و ده‌رچووی زانكۆی كه‌ركوك بێ و كوردی به‌ نوسين و خوێندنه‌وه‌ به‌ باشی بزانێ و دواتر به‌ڵێن بدات كه‌ له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ كار له‌ زانكۆی كه‌ركوك ده‌كات.  

هه‌ر له‌ ئيمڕۆوه‌ زانياری پێويست خراونه‌ته‌ به‌رده‌ست.  له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌‌‌ (17/9/201)ه‌وه‌ ده‌رگای پێشكه‌ش كردن ده‌كرێته‌وه‌ و له‌ دوای دوو هه‌فته‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌‌ (1/10/2011)، كاتژمێر دوازده‌ی شه‌و ده‌رگای پێشكه‌ش كردن داده‌خرێت.  داوا له‌ پێشكه‌شكاره‌ ئازيزه‌كان ده‌كه‌ين كه‌ ڕێنماييه‌كان به‌ ووردی بخوێننه‌وه‌ و هه‌وڵده‌ن چانسی وه‌رگرتنيان به‌رز كه‌نه‌وه‌ به‌وه‌ی مه‌رجه‌كان جێبه‌جێ بكه‌.