ئەمڕۆ چوارشەممە 15/9/2010 پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دیوانى وەزارەت، پێشوازیکرد لە د.سەلام حەسەن خۆشناو بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵاى عێراقى فیدراڵ.
لە دانیشتنێکدا، وێڕاى بەخێرهێنانیان، پەیوەندیی و بەرەوپێشچوونەکانى نێوان هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان و عێراقى فیدڕاڵ هەڵسەنگێندرا و جەخت لە بەتینکردنى پەیوەندییە ئەکادیمى و زانستییەکان کرایەوە.
هەر لەمیانى دانیشتنەکەدا، بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵاى عێراقى فیدڕاڵ رایگەیاند، پێداگیریمان لەسەر ئەوە کردووە کە هاوشێوەى خوێندکارە یەکەمەکانى سەرجەم زانکۆکانى عێراقى بۆ ساڵى 2009-2010، یەکەم و دووەم و سێیەمى سەر ئاستى کۆلێژەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستانیش سوودمەند ببن، و لەسەر ئەرکى حکوومەت و وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق و بە مەبەستى تەواوکردنى خوێندنى باڵا بە شێوازى ناردن (زەمالە) لە زانکۆ باوەڕپێکراوە جیهانیەکان، بنێردرێنە دەرەوە.
لەلایەن خۆیەوە وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان، خۆشحاڵى خۆى دەربارەى ئەم هەنگاوەى حکوومەتى عێراق و وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق پێشاندا و تەئکیدیشى لە بەهێزکردنى پەیوەندییە زانستى و کارگێڕییەکانى هەردوولا کردەوە، لەم ڕوانگەیەوە بیڕوڕا لە نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ کرا، لەبارەى بەردەوامیدان بە سەردان و کاراکردنەوەى ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنەى کە لە ڕابردوودا لەنێوانیاندا واژۆ کرابوون