Nov 2016

وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى سه‌ردانى زانكۆى كۆیه‌ و په‌یمانگاى ته‌كنیكى كۆیه‌ ده‌كات

كاتژمێر 10 ى سه‌ر له‌به‌یانى ئه‌مرِۆ دوو شه‌ممه‌ 12/4/2010 پرۆفیسۆر د.دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌مه‌به‌ستى ئاگاداربوون و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمى و زانستییه‌كانى قه‌زاى كۆیه‌، به‌هاورِێیه‌تى شاندێكى وه‌زاره‌ت سه‌ردانى هه‌ریه‌ك له‌ زانكۆى كۆیه‌ و په‌یمانگاى ته‌كنیكى كۆیه‌ى كرد.

سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن چاڵوك عومه‌ر قائیمقامى قه‌زاى كۆیه‌ و د.خدر معێوم سه‌رۆكى زانكۆ و سه‌رۆكى ده‌سته‌ى خوێندنى ته‌كنیكى هه‌ولێر و سلێمانى و راگر و مامۆستایانى په‌یمانگا و كۆلیژه‌كانه‌وه‌ به‌گه‌رمى پێشوازی لێكرا.

له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ قائیمقامى قه‌زاى كۆیه‌ وه‌زیرى خوێندنى باڵا باسى له‌ گرنگى بوونى ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان بۆ پێشه‌وه‌چوونى لایه‌نى كولتوورى و شارستانى هه‌ر ناوچه‌یه‌ك كرد و داواشى له‌ قائیمقام كرد ، هاوكارى ته‌واوى وه‌زاره‌ت بن بۆ زیاتر بره‌ودان به‌ بوارى خوێندنى باڵا و فێركردن به‌مه‌به‌ستى زیاترى خزمه‌تگه‌یاندن به‌ خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ و گه‌رِاندنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌یبه‌ته‌ زانستییه‌ی، كه‌ له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ قه‌زاى كۆیه‌ى پێده‌ناسرایه‌وه‌ و له‌ وڵاتانى تره‌وه‌ زانستخوازان به‌مه‌به‌ستى فێربوون روویان له‌م ناوچه‌یه‌ كردوه‌.

 
له‌به‌شێكى ترى سه‌ردانه‌كه‌یدا د.دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین سه‌ردانى به‌ش و یه‌كه‌و هۆڵه‌كانى خوێندنى په‌یمانگاى كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قوتابیان و مامۆستایان گفتوگۆى كرد و له‌ گرفت و كێشه‌كانیانى كۆڵیه‌وه


له‌ دوا وێستگه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا وه‌زیرى خوێندنى باڵا كۆبوونه‌وه‌یه‌كى كراوه‌ى له‌گه‌ل سه‌رۆكى زانكۆى كۆیه‌ و راگر و سه‌رۆك به‌شه‌كانى په‌یمانگا و كۆلیژه‌كان ئه‌نجامدا و ئه‌و گرفت و كه‌موكورِیانه‌ى تاوتوێكرد كه‌ رووبه‌رووى پرۆسه‌ى خوێندن ده‌بێته‌وه‌ و به‌ڵێنى چاره‌سه‌ر و به‌دواداچوونى كێشه‌كان و دابینكردنى پێداویستییه‌كانى پێدان.