دلاوەر عەلائەددین، وەزیری خوێندنی باڵا: واز لە رەخنەگرتن ناهێنم
دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین، وەزیری خوێندنی باڵای كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایدەگەیێنێ كە سیستەمی عبور بەوشێوەی ئێستا ناهێڵن و كار بۆ گۆڕینی سیستەم دەكات:
هەڤپەیڤین: فریاد محەممەد
رووداو: ئێوە كە شارەزای سیستەمی خوێندنی ئەوروپان و پێش ئەوەی ببیە وەزیر بابەتی رەخنەییت لە رۆژنامەكان نوسیووە، ئەو رەخنەگرتنە ئێستا دەبێتە رەچاوكردنی رەخنە و تێبینییەكان؟
وەزیری خوێندنی باڵا: كوردستان وڵاتی هەموومانە و ئەركی سەرشانی هەمووانە كە بەردەوام كار بۆ بنیادنانی بكەین. ئەركی چاودێرانە بە چاوی رەخنەگری دروستكەر بەدوای كاری حكومەت بكەون و لەكاتی پێویستدا هاوكاری بكەن. ئەركی حكومەتیشە گوێ لە رەخنەی دروستكەر بگرێ و بۆ پێشخستنی پڕۆسەی دروستكردن بەكاری بێنێ. بەش بەحاڵی خۆم، لە كاری بیركردنەوە و رەخنە ناوەستم، بەڵام جیاوازی ئێستا لەوەدایە كە ئەركی جێبەجێكردنی تێیبینیەكان بووەتە هی خۆم و هاوكارانم لە وەزارەتەكە و لە تەواوی كابینەدا.
رووداو: گلەیی زۆر دەكرێت كە ئاستی خوێندن لە زانكۆكانی كوردستان لە ئاستێكی خراپدایە و هەندێك پێیانوایە لە پلەی سفردایە. لەراگەیاندنی دوایین ئاماری 500 باشترین زانكۆی جیهان ناوی هیچ زانكۆیەكی كوردستان نەهاتووە، لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا ناوی یەك زانكۆ هەیە ئەویش لەپلەی420 بووە، هۆكاری ئەو پاشكەوتنە چییە؟
وەزیری خوێندنی باڵا: گلەییكردن لە ئاستی خوێندن لە جێگەی خۆیەتی چونكە ئاستەكە هێشتا نزمە، بەڵام مانای ئەوە نییە كە لە ئاستی سفردایە. بە پێچەوانەوە ئاستی خوێندن لە زانكۆكانی كوردستاندا بازی مەزنی داوە، بەڵام لەبەرئەوەی خودی سیستەمەكە گرفتی هەیكەلی تێدایە، توانای پەرەسەندن و پێشكەوتن و بەرزكردنەوەی ئاستەكەی سنووردارە. جا بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن بۆ ئەوەی بگاتە رادەی باشترینی جیهان، پرۆسەیەكی قورسە و پێویستی بە كاری زۆر و كاتی درێژە. ئەركی مەزنمان لەبەردەمدایە بۆ گۆڕینی سەرتاپای سیستەم بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی دووردا ئاستی زانكۆكانمان بگەیێنینە ئەوانەی جیهان.
رووداو: خەڵك پێیوایە تائێستاش دەستێوەردانی حیزب لەنێو وەزارەتی ئێوەدا هەیە، تا چەند كار بۆ دوورخستنەوەی حیزب لە زانكۆو پەیمانگاكان دەكەن؟
وەزیری خوێندنی باڵا: دەستێوەردانی دەرەكی لە كاری وەزارەت و زانكۆكان هۆیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆشایی و كەموكوڕیانەی لە سیستەمی چاودێری و هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە و بەدواداچوونی ئەكادیمی و دارایی و ئیداری دا هەیە. تەركیزی كاری ئێمە لەسەر پڕكردنەوەی بۆشایی سیستەم دەبێت و كارەكانیشمان لە دەورەی چەقێك دەبێت كە پێیدەڵێن چۆنایەتی (نەوعیەت). بۆیە دەبێ رۆژێك دابێت مەسەلەی دەستتێوەردان لە چوارچێوەی كارەكانی وەزارەتدا جێگەیان نەبێتەوە. ئێستاش خۆشبەختانە گشت سەركردە سیاسییەكان بەڵێنیان بە حكومەت و خەڵك داوە، بەوپەڕی تواناوە هاوكاری بكەن و رێگە بە دەستتێوەردانی حیزبی نەدەن. واسیتە و قبول خاس بەشێكن لە دەستتێوەردان و دەبێ جێگەیان لە سیستەمدا نەبێتەوە.
رووداو: خۆت كە لەلایەن یەكێتییەوە پاڵێوراوی بۆ پۆستی وەزیری، ئەوە نابێتە رێگر لەوەی كار بۆ نەهێشتنی حیزب لە زانكۆ و پەیمانگەكاندا بكەی؟
وەزیری خوێندنی باڵا: نەخێر ئەوە بە رێگر دانانێم چونكە لە بەرژەوەندی هەموو حیزبەكاندایە كە ئاستی خوێندنی رۆڵەی وڵاتەكەیان بەرزبێتەوە. ئەو جۆرە پەیامەش لە نێو هەموو حیزبەكاندا لە ئامێز گیراوە.
رووداو: ماوەی چەند ساڵێكە كردنەوەی زانكۆ بووەتە پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكان، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی رابردوو لە چوارچێوەی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنەكان گوێبیستی كردنەوەی زانكۆ لە هەڵەبجەو چەمچەماڵ و سۆران بووین، ئایا ئەمانە تەنیا پرۆپاگەندەی لیستەكان بوون یاخود كار بۆ كردنەوەیان دەكەن، ئەگەر دەكرێـتەوە بە چ پێوەرێك دەبێ؟
وەزیری خوێندنی باڵا: كردنەوەی زانكۆكان تەنیا پڕۆپاگەندە نین، بەڵكو بەڵێنن و ئیلتیزامیشیان پێوە دەكرێ، بەڵام جێبەجێكردنیان پێویستی بە دابینكردنی پێداویستی و دانانی پێوەری زانستییە، ئەوانەش كاری وەزارەتی خوێندنی باڵان بە هاوكاری باقی كابینە.
رووداو:ماوەی چەند ساڵێكە قوتابیانی كوردستان لە زانكۆكانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق وەردەگیرێن، ئێستا بەهۆی خراپی باری ئەمنی و ئابووری و لەسەر ناسنامە هەڕەشە لە قوتابیانی كورد دەكرێت، ئێوە ئامادەن بیانگەڕێنەوە زانكۆكانی كوردستان، یان ناچارن لەوێ خوێندن تەواو بكەن؟
وەزیری خوێندنی باڵا: لە هەفتەی رابردوودا، بڕیارێكمان لە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەركرد كە ئەو قوتابی و خوێندكارانەی لەو ناوچانەن و دەیانەوێ بگەڕێنەوە، ئەوا بەپێی نمرەكانیان و بەگوێرەی قبولی مەركەزی وەریاندەگرینەوە.
رووداو: قوتابیان گلەیی لەوە دەكەن كە پەیرەوكردنی یەك وانە عبوور زیانی بە قوتابیان و خودی سیستەمی خوێندن گەیاندووە، ئەم پرسە چۆن دەبینن؟
وەزیری خوێندنی باڵا: ئەو جۆرە بیروڕایە هەمە لایەنە و، بڕیاردانیش لەو بوارەدا كاریگەری هەمەلایەنەی هەیە. بۆیەش، لە ئەنجوومەنی وەزارەت ساڵانە ئەو بابەتە بە تێروتەسەلی باسی لێوە كراوە. ئەركی سەرشانی ئێمە ئەوەیە بەباشترین شێوەو بە تۆكمەترین پێوەر بەرژەوەندی قوتابی و خوێندكار و، بەرژەوەندی گشتی هەرێمی كوردستان و هەیبەتی ئەكادیمی زانكۆكانمان بپارێزین. لەو رووەوە، بڕیاردراوە هاوكاری ئەو خوێندكارانە بكرێ كە پێویستیان بە چەند نمرەیەك هەیە بۆ ئەوەی لەوانەیەك یان چەند وانەیەكدا بپەڕنەوە. واتە ئەوانەی پلەكانیان تۆزێك لە خوار پەنجاوەیە. بۆ ئەوەش ئەنجوومەنی كۆلیژەكان دەسەڵاتیان پێدراوە كە ئەو چەند نمرەیە ببەخشن. بەڵام سیستەمی عبور بەو شێوەی ئێستا نامێنی و لە ساڵی ئایندەدا پەیڕەو ناكرێ.
رووداو: ئێوە كە یەكێكبوون لەوانەی رەخنەتان لەسەر كاری دەسەڵاتی سیاسی و حكومیی هەرێمی كوردستان دەنووسی، ئایا بۆ بەشداریكردن لە حكومەت دا هیچ مەرجێكتان هەبوو؟
وەزیری خوێندنی باڵا: كاتێك وڵات پێویستی پێمان دەبێت و داوای خزمەت لە هەریەكێكمان دەكات، نابێ مەرجی رێگرمان هەبێ. بۆیەش من هیچ مەرجێكم نەبوو. هەڵبەتە، بۆ من گرنگ بوو كە دڵنیابم لەوەی رێگەی گۆڕانكاری بنەڕەتی لە سیستەمەكە دەدرێ و سەركردەكانیش قورسایی خۆیان دەخەنە پاڵ هەوڵ و هیممەتەكانمان، چونكە بەبێ ئەوە گۆڕانكاری لە سیستەمدا كارێكی مەحاڵە. ئەو جۆرە بەڵێنەش خودی سەركردەكان بە خەڵكیان داوە.
سهرچاوه، رووداو 12/11/2009