خوێندکارانى کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان لە زانکۆکانى کوردستان وەرگیران

wazaret2222

لەسەر ڕاسپاردەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ناوەندى وەرگرتن لە دیوانى وەزارەت ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر وەرگرتنى (٣٠٥) خوێندکارى کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونکردنەوەى زیاترى لەوبارەیەوە داو ڕایگەیاند: ماوەى سێ ساڵە وەزارەتەکەمان لەسەر ڕاسپاردەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارئاسانى تەواوى کردوە بۆ وەرگرتنى خوێندکارانى ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، بەتایبەت ئەو خوێندکارانەى لە قوتابخانە کوردییەکان دەخوێنن.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: "ئەمساڵ وەزارەتەکەمان بەنوسراوى ژمارە (١٧٣٣٩) لە ڕێکەوتى (٢٩/١١/٢٠١٧) ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر وەرگرتنى (٣٠٥) خوێندکارى شارى کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان" لەزانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەرو کۆنمرەى وەرگیراوى خوێندکارانى هەرێم بۆ ساڵى خوێدنى (٢٠١٧-٢٠١٨).

لە کۆتایشدا، عەباس ئەکرەم داواى لە خوێندکاران کرد بەتایبەت ئەوانەى داواکارییان پێشکەشکردوە لە زوترین کاتدا سەردانى نوسینگەى کەرکوک-ى وەزارەتەکەمان بکەن بۆ دڵنیابون لە گەڕانەوەى ناوەکانیان و، دەستکردن بەمامەڵەى وەرگرتن لە زانکۆکانیان.